سبەینێ‌ كۆنگرەی 14ی پارتی لەدهۆك بەڕێوە دەچێت

بەرپرسانی پارتی: مەسعود بارزانی وەك سەرۆك دەمێنێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی پێنجشەممە 3/11/2022 كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری دهۆك بەڕێوەدەچێت،  نزیكەی هەزار ئەندام بەشداری دەكەن، لەسدا 60ی ئەندامانی كۆنگرە بەهەڵبژاردن لەناو رێكخستنەكانی حزبەكەوە هەڵبژێردراون، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە حەوت مانگە ئامادەكاری دەكات و 12 كۆبوونەوەی كردووەو  رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی ئامادەكراوە، مەسعود بارزانی خۆی سەرپەرشتی كارەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی كردووە، بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی گۆڕانكاری بنەڕەتی لەحزبەكەدا ناكرێت، بارزانی وەكو سەرۆكی حزب دەمێنێتەوەو  بابەتی دانانی جێگری سەرۆكیش بۆ بارزانی بەجێهێڵراوە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبوو كۆنگرەی 14 لەڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بكرێت، واتە زیاتر لە هەشت ساڵ كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دوایین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی پارتی، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی 12 ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، بەرپرسانی پارتی شەڕی داعشو قەیرانی سیاسیو ئابوریی ساڵانی رابردوو و دواتریش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا وەك هۆكارەكانی دواكەوتنی كۆنگرە باس دەكەن.

پێشتر باس لەسیناریۆی جیاجیا دەكرا بۆ سەرۆكایەتی پارتی، بەڵام ئەو زانیارییانەی سەركردەكانی حزبەكە لەچەند رۆژی پێش كۆنگرەدا ئاشكرایانكرد، پارتی لەڕووی فكری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی و لەڕووی مەرجەعیەت و سەركردایەتی پارتی و سەرۆكایەتی پارتییەوە گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، بەدیاریكراوی رایانگەیاند: كە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە، دانانی جێگریش بۆ سەرۆكی پارتی بۆ خۆی بەجێهێڵراوە، پێشبینی دەكرێت ئەنجومەنی سەركردایەتیش لەڕووی ژمارەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە.

 

سیسمی بنەماڵەیی لەناو پارتیدا

لەكۆنگرەی هەشتەمی پارتی كە  لە تەمموزی 1970 لەناوپردان بەڕێوەچوو، پارتی بەڕوونی و بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون رۆیشت،  جارێكی تر مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوەو هەریەكە لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد.

دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی لەكۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە تشرینی یەكەمی 1979، پارتی لەناوچەی زێوەی لەسنوری مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵات مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی هەڵبژێردراو لەوكاتەوە تائێستا لەهەموو كۆنگرەكاندا مەسعود بارزانی بەسەرۆك هەڵبژێردراوەتەوە.

وەك لەكۆنگرەی هەشتی پارتی و لە 52 ساڵی رابردوودا دەركەوتووە سیستمی دەسەڵات لەناو پارتیدا بنەماڵەییە، بەڵام تائێستا سیستمی گواستنەوەی میراتی دەسەڵات لای پارتی ساغنەبووەتەوە كە ئایا لە باوكەوە بۆ كوڕە یان لەباوكەوە بۆ براكان، لەگەورەوە بۆ بچووك؟.

 

كۆنگرەی 14ی پارتی

رۆژی 24ی ئۆكتۆبەر ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دوایین كۆبوونەوەی پێش كۆنگرەی ئەنجامداو هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی كۆنگرەی 14 دیاریكرا، بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراوەتەوە نزیكەی 960 ئەندام بەشداری لەكۆنگرەكە دەكەن، لەسەدا 60ی ئەندامانی كۆنگرە بەهەڵبژاردن و لەناو رێخستنەكانی حزبەكەوە هەڵبژێردراون.

ئیدریس هادی، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر رایگەیاند:  ئەندامانی سەركردایەتی و لیژنەی هەڵبژاردن كە 21 كەسن، بەبێ هەڵبژاردن دەچنە كۆنگرە، هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، پێویستە چوار هەزار كەسی هەبێت و ئەگەر نەگەیشتە ئەو رێژەیە، چەند ناوچەیەك تێكەڵ دەكرێن بۆ ئەوەی ژمارەكە تەواو بێت، لەهەر بازنەیەك، چوار كەس دەچنە كۆنگرە و 25%ـی ئەندامانی كۆنگرەش بۆ ژنان دیاریكراوە.

هاوكات لەچەند شوێنێكی جیاجیا ناڕەزایی لەناو خودی حزبەكەوە دژی هەڵبژاردن و دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە هەبووەو ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كەدەستوەردان هەبووە، ناڕەزاییەكانیان لەمیدیا  بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە چەند كەسێكی دیار كە لەساڵانی رابردوودا لەحزبەكانی ترەوە سەنگەریان گواستوەتەوە بۆ ناو پارتی راستەوخۆ كراون بەئەندامی كۆنگرەو زیاتر لەوەش بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدكراون، لەوانە هەریەك لە رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەكەی وەرگرتبوو، محەمەد حاجی ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ، مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان، عارف روشدی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، نەزاكەت حسێن كادری دیاری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.

سەوسەن محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی رایگەیاندوە: 400 كەس كاندیدە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی و پرسیاری ئەوەش دەكات بۆچی ژمارەی پاڵێوراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی بەو شێوازە زۆرە لەنێو نوێنەرانی كۆنگرەی 14 دا كە لەهیچ كۆنگرەیەكی پارتیدا بەو رێژە بەرزە كاندید نەبووە بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی.

 

كۆنگرەكانی پارتی

یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1946 بەنهێنی لەماڵی (سەعید فەهیم) لەناوچەی ئەعزەمیەی بەغداد ئەنجامدراوە، لەم كۆنگرەیەدا 70 ئەندام بەشداربوون، بەفەرمی ناوی حزبەكە بوو بە پارتی دیموكراتی كورد، ئەم كۆنگرەیە مەلا مستەفا بارزانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بەسەرۆكی حزب هەڵبژێردراو هەریەكە لە شێخ لەتیف و كاكە زیاد وەك جێگرانی سەرۆكی حزب دیاریكران.

دووەمین  كۆنگرەی پارتی لەئازاری 1951 لەبەغداد بەڕێوەچوو، 30 ئەندام بەشدارییان تێداكرد، ئەوكات مستەفا بارزانی لەسۆڤیەت بوو، ئەم كۆنگرەیە سەرۆكی هەڵنەبژاردو لەبری ئەوە سەركردایەتییەكی كاتیی بۆ حزب دانا.

سێیەمین كۆنگرە پارتی لە 26ی كانونی دووەمی 1953 لەكەركوك بەڕێوەچوو، نزیكەی 40 ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان).

چوارەمین كۆنگرە لەئۆكتۆبەری 1959 لەبەغداد ئەنجامدرا، ئەمە یەكەمین كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی خۆی بەشداری تێدا بكاتو جارێكی تر وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە، ساڵێك دواتر حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەبێت هەموو حزبێك كۆنگرە سازبدات بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی پێبدرێت.

كۆنگرەی پێنجەمی پارتی لە ئایاری 1960 لەبەر رۆشنایی بڕیاری حكومەتی عێراق بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە لەبەغداد ئەنجامدرا، 148 ئەندام بەشدارییان كرد جارێكی تر  مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.

كۆنگرەی شەشەمی پارتی لە تەمموزی 1964 لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، سەرەتای قۆناغی جەلالیو مەلایی لێرەوە سەریهەڵدا.

كۆنگرەی حەوتەمی پارتی  لەمانگی 11ی  1966 لە گەڵاڵە بەڕێوەچوو، 370 كەس بەشدارییان تێداكرد، مستەفا بارزانی جارێكی تر بەسەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.

كۆنگرەی هەشتەمی پارتی لە تەمموزی 1970 لەناوپردان بەبەشداری 488 كەس بەڕێوەچوو، مستەفا بارزانی دیسان وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم كۆنگرەیەدا پارتی بەڕوونی و بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون رۆشت و كۆنگرە هەریەكە لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد، رۆژی 28ی شوباتی 1979 مستەفا بارزانی لەئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، پۆستی سەرۆكی پارتی بەبەتاڵی مایەوە.

كۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە تشرینی یەكەمی 1979، پارتی لەناوچەی زێوەی لەسنوری مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مستەفا بارزانی، كۆنگرە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژارد، ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی ئەوكات كوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بوو، مەسعود بارزانی سەرباری ئەوەی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا بۆ خۆبەدورگرتن لەدروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ براكەی مومارەسەی سەرۆكایەتی نەكردو لەگەڵ براكەیدا دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردو هەریەكەیان كاروبارێكی بەڕێوەدەبرد، تائەوكاتەی ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی كانونی دووەمی 1987 كۆچی دوایی کرد، لەم كۆنگرەیەدا عەلی عەبدوڵا وەكو سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا.

كۆنگرەی دەیەمی پارتی دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانیو لەكانونی یەكەمی 1989 لەمەرگەوەڕ بەبەشداری 332 كەس بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ جاری دووەم مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.

كۆنگرەی یانزەیەمی پارتی ، لە 16ی ئابی 1993 لەهەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرلەنوێ وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام یەك جێگری بۆ دانرا كە عەلی عەبدوڵا بوو.

كۆنگرەی دوانزەیەمی پارتی لە تشرینی یەكەمی 1999 لەهەولێر بەڕێوەچوو، هەزارو 473 كەس بەشدارییان تێدا كرد، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە.

كۆنگرەی سیانزەیەمی پارتی لە 11ی كانونی دووەمی 2010 لەهەولێر بەڕێوەچوو، كۆنگرە بۆ جاری (پێنجەم) مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، دوای كۆچی دوایی عەلی عەبدوڵا، نێچیرڤان بارزانی كرا بەجێگری سەرۆكی حزب.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار