سلێمانی؛ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی تەخشانكردنی زەوی بەردەوامە

ئەو كەسانەی ئازادكراون گەشتكردنیان لێ قەدەغەكراوە

2 ساڵ لەمەوپێش





سەركۆ جەمال

رێوشوێنەكان سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار لەسلێمانی بەردەوامە، 52 كەس دەستگیركراون، ژماریەكیان بەكەفالەت ئازادكرداون و گەشتكردنیان لێقەدەغەكراوە، هاوكات تائێستا ژمارەیەكیان ئازادنەكراون، ئەو لیژنانەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێكیانهێناوە راپۆرتیان ئامادەكردووە بەڵام ئامادەنین ناوەڕۆكی راپۆرتەكانیان ئاشكرا بكەن. 
بەشێك لەوانەی زەوییەكانیان بەناوەوە وەرگیراوە دەڵێن، «بەزۆر» پارچە كاغەزێكیان پێ واژۆ كردوون، نەیانزانیوە بۆچییە، یەكێك لەو كەسانە بەهاوڵاتی وت:»سەرەتا لەفەوجەكەمان پێیان وتین چەند پارچە زەوییەكی دیكەمان بۆ دەرچووە و دەیفرۆشینەوەو وەكو برا پارەكەی دابەشدەكەین، بەڵام بۆمان دەركەوت كە ساختەكارییە، دواتر رۆژێك بانگیان كردین بەزۆر كاغەزێكیان بە پێشمەرگەكان واژۆكرد، لەبەرامبەردا هەریەكەو بڕێك پارەیان پێدا، بۆ نموونە هەبووە 300 دۆلار، هەبووە 800 دۆلار بەو شێوەیە بەڕێیان دەكردین».
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەستی كەوتووە ئەو كەسانەی تائێستا لەسەر دۆسیەی زەوی و زار لەسلێمانی تۆمەتباركراون و دەستگیركراون ئەم كەسانەن كە بەشێكیان بەكەفالەت ئازادكراون.
 ئەو كەسانەی كە پۆستیان هەبووەو تۆمەتباركراون و دەستگیركراون بەڵام دواتر بەكەفالەت ئازادكراون ئەمانەن؛ (سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی، جێگری سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی، لێپرسراوی بەشی هونەری شارەوانی سلێمانی، لێپرسراوی بەشی ماستەرپلان، لێپرسراوی بەشی زیادەڕەوی، سەرۆكی شارەوانی راپەڕین، سەرۆكی شارەوانی بەكرەجۆ، سێ كارمەند لە بۆردی هونەری).
سەرچاوەكە وتیشی: «رۆژی 30-10-2022 دوو كەسی دیكە لەبەشی هونەری شارەوانی بەكرەجۆ دەستگیركراون، لەگەڵ بەرپرسێكی شارەوانی رۆژئاوای سلێمانی».
ئەو سەرچاوەیە ناوی بەشێك لەدەستگیركراوانی بەهاوڵاتی داوە كە تۆمەتبارن و بەشێكیان تائێستا ئازادنەكراون، ئەوانەی ئازاد نەكراون ئەمانەن؛ ( ئ. ع. س، د. ئ. م، ن. م. ك، ك. ح. م، ه. ز. م، ش. م. ت، ع. ح. ئ، د. ئ. م)، ئەوانەشی دەستگیركراون و دواتر ئازادكراون ئەمانەن؛ (ع. ح. ئ ، ئ. ر. ر، پ. ن. ن، ك. ك. ش، ئ. ع. ع، س. م، ب. م. م، ف. ئ. ر، ر. ع. ئ، س. س. ئ، ب. ع. ع، د. ف. س، ئ. ك. ع، س. م. ئ).
چەند مانگێكە بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەڵمەتی لێپرسینەوەو دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەستپێكردووە كە ناویان لە لیستی بەفیڕۆدانی زەوییەكانی سلێمانییەو وەك دەڵێن دەستیان لە «تەخشان و پەخشانكردنیدا» هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكان كە هاوڵاتی لە لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستیكەوتووە «زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی لە سنووری سلێمانی بە نایاسایی داگیركراون».
بارزان حامید سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند:«هەر كەسێك لەم شارە دەستڕۆشتوو بووە زێدەڕۆیی كردووەتە سەر زەوییەكان، بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی داگیركراون».
وتیشی:«لیژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راپۆرتی خۆی لەوبارەیەوە ئامادەكردووە بەڵام جارێ ئامادەنین ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكەین چونكە هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە».
هاوكات ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی دەستلەرکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی شارەوانی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:«لەهەموو كوردستان داگیركاری زەوی بوونی هەیە، بەڵام لەسلێمانی دەستگیركردن لەسەر ئەو زەویانە هەیەو لیژنەكەی ئێمەش لێكۆڵینەوەی ئەنجامداوە و راپۆرتی خۆی ئامادەكردووە».
وتیشی:«بەداخەوە بەشێكی زۆر لەلایەنە ئەمنییەكان و تەنانەت وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیش ئامادەنین زانیاری وردمان لەوبارەیەوە پێبدەن».
وەك ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت:«لەپارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە مەسەلەی داگیركردنی زەوی جیاوازە، یاسای وەبەرهێنانیش بووەتە سەرچاوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی زەوی و سامانی گشتی كە ئەویش لەخزمەتی چینی هەژاردا نییە».
«بودجەی شارەوانیەكانیش لەسەر ئاستی پارێزگاكان جیاوازی هەیەو دوو زۆنی پێوەدیارە نەك هەر مەسەلەی داگیركاری و دەستبەسەرداگرتنی زەوی، جگە لەوەی پێدانی زەوی لەبەرامبەر دروستكردنی پرۆژە نایاساییە كە لەهەموو پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت». ئەبوبەكر هەڵەدنی وای وت.
بەوتەی ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی دەستلەرکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان «مەسەلەی دەستگیركردنی خەڵك لەسەر زەوی و زار لەسلێمانی لای ئێمەش ناڕوونە و داوامان كردووە كە زانیاری وردمان پێبدەن كە ئەوەش هیچ مەعقول نییە».
سەرچاوەیەكیش لەدادگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»هەموو دەستگیركردنەكان بەپێی بڕیاری دادوەر بووە و هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیرنەكراوە».
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەشارەوانی سلێمانی دەستیكەوتووە « زۆرێك لەو زەوییانەی داگیركراون دەكەونە سنووری ناوچەكانی كانی گۆمە، كەنەسوورە، بەكرەجۆ و راپەڕین و تاسلوجە، بەشێكیان بەناوی قوربانیانی شەڕی داعش وەرگیراون و دواتریش بەشێوەی نایاسایی فرۆشراونەتەوەو مامەڵەیان پێوەكراوە».
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:« گەندەڵی لە زەویوزار دوو جۆری هەبووە كە لەسلێمانی كراوە یەكەمیان ئەو زەوییانەیە كە بەش بەش كراون، دووەمیان لە پڕۆژە وەبەرهێنانەكانە، دابەشكارییەكە بەو جۆرە كراوە بۆ نموونە بەناوی شەهیدانی شەڕی دژی داعش زەوی دابەشكراوە، كە ژمارەكەیان 800 شەهید دەبێت، بەڵام زیاتر لە 12 هەزار پارچە زەویی بەناویانەوە دابەشكراوە كە نیوەی خەڵكی موستەحەق وەرینەگرتووە، ئەوانەی ئەو كارانەیان كردووە هەموویان بە ناوی حزب یان بەهێزی چەكدار كردوویانە.»
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی تاوەكو ئێستا 52 كەس لەسەر دۆسیەی زەوی و زار لەسلێمانی دەستگیركراون بەڵام بەشێكی زۆریان پاش وەرگرتنی بارمتەی 80 ملیۆن دینار یاخود كەمتر ئازادكراون بەڵام قەدەغەی گەشتكردنیان لەسەرەو دۆسییەكەیان لەدادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشە ئەو كەسانەی كەهێشتا ئازاد نەكراون و بەپێی زانیاریەكان نزیكەی 10  كەسە بەشێكیان لەژووری تاكەكەسی زیندانیكراون و سەردانكردن و بینینیشیان قەدەغەیە، هەڵمەتەكە تەنیا سلێمانی نییە لەگەرمیانیش بۆ هەمان مەبەست چوار كەس لای هێزە ئەمنییەكان دەستبەسەرن.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەر‌هێنانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:«بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەبێت ئەو زەوییەی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان دادەنرێت لە هەموو روویەكەوە ئامادەكاری بۆ كرابێت و كێشەی تێدانەبێت، بەڵام هەبووە لەپێشتر كێشەی تێدا بووە چارە نەكراوە بەڵام رێگەنادەین لەمەبەدوا ئەمە هەبێت.»
 وەك عەزیز سەعید دەڵێت «بۆ نموونە لەبەكرەجۆ، 1000 دۆنم لە بەرامبەر وێستگەی كارەبا زەویی تەرخانكراو بۆ خزمەتگوزاریی گەڕەكی بیستەكان، ‎‏‎كانی گۆمە تاوەكو تانجەرۆ، خەلیفاوە، فەرماندەیی نزیك كەندەكەوە، بەشێك لەگەڕەكی راپەڕین، گوندی قولەرەیسی كە بەهاكەیان بەزیاتر لە 155 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت».
 ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022 لەهەڵمەتی دووەمدا چەند كەسێك بۆ لێكۆڵینەوە لەبەفیڕۆدانی زەوی و زار لێپرسینەوەیان لەگەڵ كرا كەبەشێك لەوانە پۆستی فەرمییان نییە، بەڵكو وەكو هاوكار تێوەگلاون زۆرینەیان دوای لێپرسینەوە ئازادكراون، زانیارییەكان دەریدەخەن تەواوی ئەوانەی لە دۆسیەی بەفیڕۆدان تۆمەتبارن نزیكەی 100 كەسن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار