له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌..دەسەڵاتدارانی كورد قەزای خورماتوو فەرامۆش دەكەن

ئیدارەی خورماتوو گرنگی بەگەڕەكە كوردییەكان نادات

2 ساڵ لەمەوپێش




ڕاپۆرت: نیگار عومەر 

كەمی خزمەتگوزاری لەقەزای خورماتوو، خەڵكی قەزاكەی هەراسانكردووە، لەناو ئەو بێخزمەتگوزاریەشدا لەماوەی پێنج ساڵی رابردووداو لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە گەڕەكە كوردنشینەكان كەمترین خزمەتگوزارییان بۆ كراوە بەراورد بەگەڕەكە توركمان نشین و عەرەب نشینەكان، ئەمەش وایكردووە كوردەكان لەو شارە كۆچ بكەن، حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی كوردیش ئەو قەزایەیان پشتگوێخستووەو گرنگی پێنادەن.
قەزای خورماتو سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە زیاتر لە 74 هەزار خێزانی تێدا دەژی و كەمی  خزمەتگوزاری وەزعی ئەمنی شارەكە وایكردووە ساڵانە زیاتر لە 50 ماڵی قەزاكە بەتایبەت كوردەكان كۆچ بكەن.
هەڵكەوت محەمەد، چالاكی مەدەنی لەقەزای خورماتو بەهاوڵاتی وت،» خورماتو زۆرجار بووەتە قوربانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق بۆ نموونە دوو رێگای سەرەكی هەیە كەخورماتو بەناحیەی زینانەوە دەبەستێت و رێگای سەرەكی كفری بۆ خورماتو ئەم دوو رێگایە تابڵێیت خراپە، بەشێكی زۆری رێگای خورماتو بۆ نەوجول و زینانە هەر خۆڵە گەر ناچار نەبی ناتوانی بەو رێگەیەدا تێپەڕیت كەڕێگایەكی سەرەكیشە».
وتیشی:» گەڕەكە كوردییەكان ئاوڕیان لێنادرێتەوەو زۆربەی پرۆژەكان لەگەڕەكە توركماننشینەكاندا دەكرێت، هۆكاری  ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی لەم شارەدا كەخەڵكی شارەكە بووەتە قوربانی».
مەلا كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدین بەهاوڵاتی راگەیاند: « هۆكاری كەمی خزمەتگوزاری لەخورماتودا لەماوەی رابردودا دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە ئێمە نوێنەرمان نەبووە لەپەرلەمانی عێراق،  بۆیە جیاوازی كراوە لەدابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە كوردنشینەكان  بەبەراورد بەگەڕەكە توركمان و عەرەبنشینەكان و بەزۆری خزمەتگوزاری بۆ گەرەكە توركماننشینەكان جێبەجێكراوە».
وتیشی: لەئێستادا لەكۆی ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون و بەنیوەچڵی ماونەتەوە كارمان بۆ سێ پرۆژە كردووە كەدەستبكرێتەوە بەئیشكردن تێیدا و ئەویش  قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی  ناوشاری خورماتو دەستیپێكردووە و كاری تێدا دەكرێت».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « 10 پرۆژەی دیكەم داواكردووە كەكاری تێدا بكرێت كەهەندێك لەو پرۆژانە كاركردن تێیدا راوەستاوە وەك نەخۆشخانەی 200 قەرەوێڵەی خورماتو و محەتەی كارەبای خورماتو كەمۆڵەتی كاركردنمان وەرگرتووەو بەڵام  هێشتا بودجەی پێویستی بۆ خەرج نەكراوە».
هاوكات مەروان خورشید چالاكوان لەخورماتو بۆ هاوڵاتی راگەیاند: « قەزای خورماتو شارێكی بێ خزمەتگوزاریەو زۆرێك لەو پرۆژانە كەبڕیارە دروستبكرێت  بەنیوە ناچڵی ماونەتەوە وەك یاریگای وەرزشی خورماتوو نەخۆشخانەی  200 قەرەوێڵەیی و شەقامی دووسایدەكەی  كە (بەشەقامی حەمەدوزی) ناسراوە ئەم شەقامە یەك سایدی تەواوكراو سایدەكەی دیكەی تەواو نەكرا».
وتیشی: « خورماتو دوو پاركی تێدایە كەهیچ خزمەتگوزاریەكی تێدا نیەو بووەتە شوێنی خۆڵ و خاشاك، و رێگای سەرەكی كەركوك بۆ خورماتو بەكەڵكی هاتوچۆكردن نایەت و پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام هەروەك خۆی ماوەتەوە».
« لەڕووی جوانكردنی شارەوە هیچی بۆ نەكراوەو جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان گەڕەكە كوردییەكان و گەڕەكەكانی دیكەدا زیاتر بایەخ بەو كۆڵان و گەڕەكانە دەدرێت كە عەرەبنشین و توركماننشینن و گەڕەكە كوردییەكان خۆڵ و خاشاك خواردویەتی و مانگی جارێك خاشاكەكانی كۆدەكرێتەوە».
«لەنێو قەزای خورماتودا بەهۆی كەمی خزمەتگوزرایەوە وەزعی ئەمنی شارەكە وایكردووە بەبەردەوام خەڵكەكەی كۆچ دەكەن بۆ شوێنەكانی دیكەو ئەمەش مەترسی لەسەر رێژەی كورد هەیە لەو شارەدا، ساڵانە نزیكەی 50 ماڵی كوردنشین تێیدا كۆچدەكەن»، مەروان خورشید وای وت.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار