كاری لیژنەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی یەكێتی و گۆڕان وەستاوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گۆڕان دەڵێت: كارەكانی ئەو لیژنەیەی لەگەڵ یەكێتی هەمانە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان وەستاوەو رێكەوتنەكەی ساڵی 2014 پەكی كەوتووە، یەكێتیش دەڵێت: كێشەمان لەجێبەجێكردنی رێكەوتنەكەدا نیە.
كاوە عەبدوڵا رێكخەری ژووری حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی راگەیاند:" لەگەڵ یەكێتی لیژنەی بەردەواممان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، بەڵام ماوەیەكە ئەو لیژنەیە كارەكانی وەستاندووە، لەبەرئەوەی لەسەر هەندێك پۆست تێبینیان هەیەو ئێمە چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین".
وتیشی:"بڕیاربوو پرۆژەیەكمان پێبدەن هەندێك پۆست لەساڵی 2014ەوە لای ئێمەیە، بەڵام بەشێك لەپۆستەكان تائێستا پێمان نەدراوەو چاوەڕێی ئەوەین دەستبكەینەوە بەگفتوگۆ لەوبارەیەوە".
بەوتەی ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان «یەكێك لەو پۆستانەی گۆڕان هێشتا وەرینەگرتووە قایمقامی هەڵەبجەیە، لەگەڵ پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی گازو نەوت و قایمقامی سەیدسادق كەپێشتر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام تائێستا وەرنەگیراوە».
كاوە عەبدوڵا دەڵێت:"رێككەوتنێكمان هەیە لەساڵی 2014ەوە لەسەر بەشێكی زۆری پۆستەكان، بەڵام ئەو رێككەوتنە وەكو رێككەوتنەكانی دیكە بێ كەموكوڕی نییە، ئاساییە كێشە هەبێت، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە بڵێی پرۆژەم هەیەو دانوستانەكانیش لەوبارەیەوە كۆتایی پێبهێنیت و بەجۆرێك لەجۆرەكان رێككەوتنەكە تووشی ئیفلیجی بووە ".
بەڵام سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ گۆڕان هەمانە سەبارەت بەپۆستەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین كە دەیان پۆست دەگرێتەوە وەكو یەكێتی هیچ كێشەیەكمان لەجێبەجێكردنیدا نییە".
وتیشی:"ئەو پۆستانەی ئاڵوگوڕی دواكەوتووە تەنها مەسەلەی رۆتیناتەو هەندێكیشیان بەهۆی رێكارە كارگێڕییەكانەوە بووە، ئەگەر برادەرانی گۆڕان گلەییەكیان هەبێت تیمی حكومی هەردوولا چارەسەری دەكەن".
«تەنها پۆستی یەكێتیش كە لای گۆڕان مابێت پۆستی پارێزگاری سلێمانییە كەدەبوو لە 2018 ەوە رادەستی یەكێتی بكرایە، ئەگەرنا ئێمە سێ رێكەوتنمان لەگەڵ گۆڕان هەیەو سەرجەم رێكەوتنەكانیش بەگرنگ دەزانین و جێبەجێی دەكەین» وتەبێژی یەكێتی وای وت.
هاوكات نزار مەحمود، باژێروانی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت:"ئێمە لەگەڵ یەكێتی دوای دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە، لایەنەكان لەگەڵ یەكێتی رێككەوتین كەپۆستەكان دابەش بكەین، لەساڵی 2019 كۆتا كۆبوونەوە كراوە و رێككەوتین لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام یەكێتی وردە وردە پۆستەكان پڕدەكاتەوەو پابەندی رێككەوتنەكە نییە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەڵێت:"پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەڵەبجەو بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی هەڵەبجەش دوو پۆستی دیكەی باڵان كە تائێستا یەكێتی نەیداوەتە گۆڕان".