لهڕۆژنامهی (هاوڵاتی)ییهوه....دەسەڵات یەكگرتووەو ئۆپۆزسیۆن پەرتەوازەیە ...پەرلەمانتارانی ناڕازی روئیاو ستراتیژیان نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرت: سەركۆ جەمال
ئەو پەرلەمانتارو فراكسیۆنانەی لەبەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستیان راگەیاند، روئیاو ستراتیژێكی روونیان نیە، بەشێكیان دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووەو بەشێكیان تەنها بایكۆتی پەرلەمانیان كردووە. ئەوەی دەەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە تەنها فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و شایان عەسكەری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە، فراكسیۆنی نەوەی نوێ كشاوەتەوەو دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش نەكردووە، فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و چوار پەرلەمانتاری گۆڕان و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ تەنها بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان كردووە.
رۆژی 6/11/2022 ماوەی پەرلەمانی كوردستان تەواوبوو، فراكسیۆنەكانی دەسەڵات (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) و پێكهاتەكان تەمەنی پەرلەمانیان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێك درێژكردەوە، بەڵام ئەوانەی دژی ئەم درێژكردنەوەیە بوون هەڵوێستیان پەرتەوازەبوو.
فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی و چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان و پەرمانتارێكی سەربەخۆ، ژمارەیان ٢١ ئەندامەو تەنها پێنج ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو و پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، پەرلەمانتارەكانی تر تەنها لەپەرلەمان كشاونەتەوەو نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان نەنووسیوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەهاوڵاتی وت:هەڵوێستی 6-11-2022 كەكۆتا رۆژی تەمەنی یاسایی خولی پێنجەم بوو كشانەوەبوو لەپەرلەمان و ئەو دوودڵی و پرسیارانەش كەهەندێك هاوبەشی دەسەڵات دەیوروژێن لەداهاتوو وەڵامی خۆمان بۆیان دەبێت و ئێمە لەگەڵ لایەنەكان دەستی پێكەوە كاركردن درێژ دەكەین لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك كە تەعبیر لەئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات.
كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە لەپەرلەمان كشاینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات هیچ كەسێكی دیكە نەخاتە شوێنمان، ئێمە لەدەرەوەی پەرلەمان لەفشارەكانمان بەردەوام دەبین و لەدادگای فیدراڵی عێراقیش لەو بارەیەوە سكاڵامان تۆمار كردووە.
سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەوبارەیەوە بە هاوڵاتی وت: بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، شەرعییەتی پەرلەمان بۆ چوار ساڵە، بەڵام پەرلەمان خۆی ئەو یاساشكێنییە دەكات و مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەر لەخەڵك دەسێنێتەوەو خۆی تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە.
پرۆژەی نووسینەوەی دەستورو هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەو پرسانەن كە پەرلەمان بەنیازە كاری لەسەربكات، ئەو پرسانەش پێویستیان بەسازانی نێوان لایەنەكانە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان كشاوەتەوەو دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەوتەی سەرچنار ئەحمەد، «پەرلەمان دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی تێدانییەو ناتوانێت دەستور بنووسێتەوە».
سەبارەت بەئەنجامدانی هەڵبژاردنیش، وتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەستراوە بەپەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتییەوەو ئەگەر ئەوان نێوانیان خراپ بێت، رەنگە تەمەنی پەرلەمان زیاتر درێژ بكرێتەوەو تائێستا هیچ گرنتییەك نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەیەكدا.
ئارام سەعید نووسەرو رۆژنامەنووس لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:پەرتەوازەبوونی دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە كاریگەریەكی نەرێنی هەیە لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و ئەوەی كەپێی دەوترێت ناڕازی بوون و خۆپیشاندانەكان، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە خۆ دەسەڵاتیش ئەوانەی كەحوكمڕانی دەكەن ناكۆكی لەنێوانیان هەیە، بەڵام كە دەكەوێتە سەر مەسەلە جەوهەرییەكان پێكەوە بڕیار دەدەن.
ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی:ئەوەی مایەی سەرنجە تائێستا ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە لەیەك بابەتدا یەك هەڵوێستیان هەبێت، یەكێك دەڵێت بایكۆت و یەكێك دەڵێت كشانەوە یاخود دەستلەكاركێشانەوە، هەریەكەو مانایەكی هەیە لەڕووی یاساییەوە، ئەوەش مانای نەبوونی تێڕوانین و ستراتیژێكی روونە لەسەر ئەو بارودۆخەی لەكوردستان هەیە، هەرچەندە هەموویان ناڕازین.
حاكم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:درێژكردنەوەكە بە رای من نایاساییە، بەڵام دواجار دادگای فیدراڵی عێراق دەبێت بڕیار بدات، ئێستاش سكاڵایەك رەوانەی ئەو دادگایە كراوە، ئەگەر دادگاكە وتی نایاسایی نییەو پەرلەمان بەردەوام بوو ئیتر بەپێی ئەو ماددەیە دەتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە بكات كەدەستیان كێشاوەتەوە یاخود بایكۆتیان كردووەو بڕیارەكانیشی پاڵپشتی دەكرێت.
وتیشی:لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا روونە ئەگەر چەند پەرلەمانتارێك بەشداری دانیشتن نەكەن یان مووچەكەی دەبڕێت یاخود سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت دەستلەكاركێشانەوەیان یاخود لەدەستدانی ئەندامێتییان بۆ بكات.