لهڕۆژنامهی(هاوڵاتی)ییهوه...پەروەردەی سلێمانی رێوشوێنەكانی دیاریكردنی خۆراكی قوتابخانەكان ئاشكرادەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
پاش ئەوەی چەند منداڵێك لەقوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی خواردنی خراپەوە ژەهراوی بوون، وەزارەتی تەندروستی لیستێكی خواردەمەنی قوتابخانەكانی بۆ وەزارەتی پەروەردە ئامادەكرد، كەڕێگەپێنەدراون لەفرۆشگای قوتابخانەكاندا، پزیشكێكیش دەڵێت هەڵبژاردنی ئەم جۆرە خۆراكانە بۆ قوتابخانە سەرەتاییەكان كارەساتە.
رێكان كەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «پاش راگەیاندنی ئەو لیستە بەهەماهەنگی لەگەڵ تەندروستیدا رۆژانە تیمەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت سەردانی فرۆشگای قوتابخانەكان دەكەن و هەر قوتابخانەیەك پابەند نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و دەست بەسەر كەلوپەلەكانیاندا دەگیرێت».
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی وتیشی: «تائێستا پابەندنەبوونێكی بەرچاو نەبووە لەقوتابخانەكانداو ئەوەی هەیە كەموكوڕییە لەهەندێك بابەتداو لەقوتابخانەكانیشدا لیژنەی بەدواداچوون هەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو».
عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: « ئەو نووسراوەی لەوەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانییەوە هاتووە بۆ ئێمە پەیوەندیدارە بەتەندروستییەوە».
وتیشی: «هەندێك خۆراك هەیە ناكرێت لەقوتابخانەكاندا بفرۆشرێت، بۆ نموونە ئەو خواردنانەی كەتوێكڵدارن، هەروەها ماددە گازییەكان كەهەموو كەس دەزانێت زیانی تەندروستی هەیە، هەوڵدراوە ئەو خۆراكانەی زیانیان نییە یان تاڕادەیەك قازانجیان هەیە بفرۆشرێن و بەشێوەیەكی گشتی رێنماییەكانمان پێباشە».
عومەر محەمەد دەڵێت :» هەر قوتابخانەیەك پابەند نەبێت بەم رێنماییانە بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و چەند لیژنەیەكمان هەیە كەلیژنەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان و لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت و لیژنەی تەندروستی و لیژنەی فرۆشگای قوتابخانەكانە، كە هەر ماددەیەك یان خۆراكێك بەپێی ئەو رێنماییانە رێگەپێنەدراوە لەهەر قوتابخانەیەك هەبێت لێپێچینەوەی خۆیان دەكەن و لەئەگەری دووبارەبوونەوەیدا فرۆشگای قوتابخانەكە دادەخرێت».
مانگی رابردوو لەقوتابخانەیەكی شاری سلێمانی نزیكەی ١٠٠ منداڵ بەهۆی خراپی خواردنی قوتابخانەوە ژەهراوی بوون، پاشان وەزارەتی تەندروستی لەنووسراوێكدا بۆ وەزارەتی پەروەردە چەند خۆراكێكی قەدەغەكرد.
ئەو خۆراكانەی كە رێگەپێنەدراون لەفرۆشگای قوتابخانەكاندا بفرۆشرێن بریتین لە: لەفەی سوورەوەكراو (جگەر، پەتاتە، قیمەو گۆشت)- بنێشت، مۆتا، چلورە- ئەندۆمی-خواردنە گازییەكان- عەمبە- ئەو جپسانەی ماددەی رەنگیان تێدایە-بەرهەمی توێكڵدار-خواردنەوە گازییەكان- لیمەدۆزی و سماق)
د.سەنگەر محەمەد پسپۆڕی تەندروستی گشتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باس لەو خۆراكانە دەكات كە لەفرۆشگای قوتابخانەكان دەفرۆشرێن و دەڵێت :» زۆربەی ئەو خۆراكانەی منداڵان بەكاریدەهێنن زۆرترین پێكهاتەی شەكرە كەزیانێكی زۆر بەتەندروستیان دەگەیەنێت و تا تەمەنی منداڵەكەش كەمتربێت زیانەكەی زیاتر دەبێت».
وتیشی:» جپس و ئەندۆمی یەكێكن لەو خۆراكانەی كە لەئێستادا منداڵان زۆر بەكاریدەهێنن و بڕێكی زۆر لەچەوری خوێیەكان و ماددەی كیمیایی پارێزەری تێدایە سەرەڕای رەنگ كەماددەیەكی ناتەندروستییە كە مەترسییەكی جددییە لەسەر تەندروستی منداڵ».
«ئەو خۆراكانەی بەشێكی زۆری شەكریان تێدایەو ئالوودەبوون دروستدەكەن هەم لەمنداڵان و لەكەسانی تەمەن گەورەش، هەروەها ئەو خۆراكانەی كەشەكریان تێدایە هۆكارێكن بۆ شێرپەنجەو خراپبوونی ددانەكان بەتایبەت لەمنداڵانداو هەڵبژاردنی ئەم جۆرە خۆراكانە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی زۆر خراپە.» ئەو پزیشكە وا دەڵێت.