كەلار؛ شارەوانی پاركینی ئۆتۆمبیل لەناو بازاڕ دەكات بەپارە
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
شارەوانی كەلار پاركینکی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكانی ناوبازاڕ دەكات بەپارەو ئەمەش یەكەم پرۆژەی لەو شێوازەیە لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، شۆفێرانیش پێیان وایە ئەم پرۆژەیە بارگرانیە بۆ سەر هاووڵاتی و كۆكردنەوەی داهاتە لەسەر خەڵكی هەژار، شەقامەكان مافی گشتییەو شارەوانی كەلار بەبیانوی رێكخستنەوەی ناو شارەوە پارە لەشۆفێران وەردەگرێت، شارەوانی كەلاریش دەڵێت: پرۆژەکە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانەو ئاستەنگ كەمدەكاتەوە.
ئەیاد محەمەد، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بەهاوڵاتی وت:» شارەوانی كەلار بەبیانوی رێكخستنەوەی ناو بازاڕی شەقامەكانی كردووە بەشوێنی پاركینكی ئۆتۆمبێل و لەبەرامبەر ئەمەدا پارە لەهاووڵاتیان وەردەگرێت، ئەم پرۆژەیە لەخزمەتی شۆفێران و هاووڵاتیاندا نیەو بەڵكو بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە كەدەبێت جارێكی دیكە وەك باجەكانی تر پارە لەبەرامبەر وەستانی ئۆتۆمبێلەكانیش وەربگیرێت».
وتیشی: لەبری ئەم پرۆژەیە دەبێت شەقامەكان فراوانبكرێت چونكە لەئێستادا لەیەك شەقامدا ئەم دیوو ئەودیوی شەقامەكان كراوە بەشوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و ئەم پرۆژەیەش ئاستەنگی دروستكردووەو گرفتی بۆ شوفێران دروستكردووە، ئەمە چارەسەر نیە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی ناوشار، بەڵكو دەبێت هەر بینایەك دروستدەكرێت خاوەنی بیناكان ناچاربكرێت شوێنی وەستان بۆ ئوتۆمبێلەكان دابینبكات نەك شەقامەكانی ناوشار داگیربكات و بیانكات بەپاركینی ئۆتۆمبێل بەرامبەر بڕە پارەیەك».
ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانی كەلار بە هاوڵاتی راگەیاند:» ئامانجی ئێمە لەم پرۆژەیە رێكخسنەوەی ناوبازاڕی شاری كەلارەو دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتوچۆیە بۆ هاووڵاتیان، پرۆژەكەش ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان و شۆفێران كەمكردووەتەوە».
وتیشی،» لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەتوانرێت داهاتێك كۆبكرێتەوەو چەند گەنجێك تێدا كاربكات و سەرجەم داهاتەكەشی بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، تەنها سەدا پانزەی بۆمان هەیە خەرجی بكەین، بڕی ئەو پارەیەش قورساییەكی زۆر ناخاتەسەر هاووڵاتی كە ئوتۆمبێلەكەی لەشوێنێكی سەلامەت دانێت و ئەم پرۆژەیە مافی یەكسانی بۆ هەموو شوفێران دابین دەكات كەشەقامەكان بەكاربێنن».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» هەموو ئیشێكی نوێ خەڵك لێی نیگەرانەو ئێمە ئەو بەشە داهاتەی كەهەمانە بۆ خزمەتی گشتی بەكاردێنین و هەروەك چۆن ئەم شەقامانە موڵكی گشتین و پێویستە شەقامەكانی نێو بازار رێكبخرێتەوە و هەموان وك یەك ئەو شوێنانە بەكاربێنن كە لەپێشوتردا هەندێ شۆفێر شوێنێكی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی داگیر دەكرد».
ئەركان عوسمان، كەشوفێرە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» من وەك شوفێرێك نیگەرانم لەم پرۆژەیەی ناو بازاڕی كەلار، حكومەت لەجێگەی ئەوەی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و شوفێران بكات هاتووە شەقامەكانیش كەموڵكی گشتییە كردوویەتی بەپارە، كە ئەمە نیگەرانی لەلای زۆربەی زۆری شۆفێران دروستكردووە، «. « كاتێك كە تۆ ئۆتۆمبێلەكەت جێدەهێڵیت زۆرێك لەشەقامەكان و ئەو شوێنانە كامێرای چاودێری لێنیەو هەرچیەك لەئۆتۆمبێلەكەت بێت كەس بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێت، كەئەمە چۆن رێكخستنەوەیەكە لەجێگەی ئەوەی قەرەباڵغی كەمبێتەوە جێگەی وای تێدایە ناتوانیت بەپیادەش هاتوچۆی تێدا بكەیت نەك بەئۆتۆمبێل پێیدا بڕۆیت هەمووی كراوە بەشوێنی وەستانی ئوتۆمبێل، هەرچەندە لەئێستادا بۆ سەعاتێك وەستان 500 دینار وەردەگرێت كە كەمكراوەتەوە گەر لەسەعات زیاتر بێت دەبێتە 1000دینار، داوا دەكەین لەسەرشانی خەڵكی ناوچەكە داهات بۆ حكومەت زیادنەكرێت»، ئەركان عوسمان وای وت.