هەرێمی كوردستان؛ زیاتر لە 3300 حاڵەتی ئۆتیزم تۆماركراوە
سەنتەرەكانی راهێنان كەمنو حكومەتیش كەمتەرخەمە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئیمان زەندی
زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حكومی و ناحكومی بۆ ئۆتیزم، لەكۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان لەمانگێكدا ١٥ بۆ ٢٠ حاڵەت تۆمار دەكەین، ئەوە جیا لەوەی خێزانەكان منداڵەكانیان ئۆتیزمی هەیەو تۆماری ناكەن، د.سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەكانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم دەڵێت: ئۆتیزم، گرفتێكی دەماری گەشەییە و پێی دەڵێین (نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ) و لەتەمەنی ١٨ مانگی تا ٢٤ مانگی یاخود دوو ساڵی دەناسرێنەوە، تەمەنی زێڕینیان پێش پێنج ساڵییە بۆ زوو باشبوونەوە ئەویش بەڕاهێنان.
رێنوار كوڕەكەی كاكە رەنجدەرەو نۆ ساڵ گیرۆدەی حاڵەتی ئۆتیزم دەبێت، ئەو ئێستا باشبووەتەوەو تەمەنی ١٤ ساڵەو لەپۆلی حەوتە، منداڵانی ئۆتیزم جیاوازن لەمنداڵانی تر، خاوەن دڵێكی باش و میهرەبانن و رقاوی نین لەگەڵ ئەوەشدا زیرەكن.
رەنجدەر عەبدولڕەزاق باوكی رێنوارەو بۆ هاوڵاتی و دواو دەڵێت: "كوڕەكەم لەتەمەنی ساڵ و نیو تووشی ئۆتیزم بوو و تێكەڵی منداڵان نەدەبوو، بە تەنها یاری دەكردو هەست و سۆزی نەبوو، بەڵام كە ئێستا باشبووەتەوە خوی گرتووە بە من و دایكیەوە، نازانین بەچی تووشبوە پێیان وتین ئەگەری هەیە دایكی بەسەر سكەوە حەبی خواردبێت یان لەكاتی ئازاری منداڵبوون دایكەكە ئۆكسجینی پێویستی بۆ نەچووبێت و هیچ كێشەی جینات و خوێنیشمان نەبوو، سێ منداڵی ترمان هەیە هیچیان ئۆتیزمیان نیە".
وتیشی: "لەتەمەنی شەش ساڵ و نیو راهێنانمان بە رێنوار كرد، زۆر دكتۆرمان گۆڕی و پارەیەكی زۆرمان خەرجكرد بێ فایدەبوو تا لەكۆتاییدا دكتۆرێك راهێنانی بۆ نووسی، لەگەڵ خێزانم بە بەردەوامی راهێنانمان پێدەكرد و هەموو هەفتەیەك بۆ ماوەی نۆ مانگ، هیچ دەرمانێكمان بۆ بەكارنەهێنا، ئێستا باشبووەتەوەو تەمەنی 14 ساڵەو لە خوێندنگایەو پۆلی حەوتە." رەنجدەر وای وت.
بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە هاوڵاتی دەستیكەوتووە لەسەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەكوردستان هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حكومی و ناحكومی، هەروەها لە ٩٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم ٣٥٠ی لەسەنتەرەكانن.
كەمال جەباری سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: ئۆتیزم لەحاڵەتەوە بووە بەدیاردەو رێژەكە مەترسیدارەو لەهەڵكشانێكی بەرچاودایە، لەساڵانی نەوەدەكان تاساڵی ٢٠٠٠ لە ١٥٠ منداڵ یەك منداڵی ئۆتیزم هەبوو، بۆ ساڵی ٢٠١٠ رێژەكە هەڵكشا بۆ ١١٠ منداڵ و لەساڵی ٢٠٢٢ ئێستا لە ٨٠ منداڵ منداڵێك ئۆتیزمیەتی، لەمانگێكدا ١٥ بۆ ٢٠ حاڵەت تۆمار دەكەین، ئەمە لەكاتێكدا هەندێك خێزان نازانن كە كۆمەڵەی ئۆتیزم هەیەو هەندێكی تریان بارو گوزەرانیان باشەو نایەنەوێت نەخۆشی منداڵەكەیان ئاشكرابكەن و هەندێك لەوانەی دۆخی داراییان باشە منداڵەكانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، وتیشی: "كەیسی ئۆتیزم زۆر فەرامۆشكراوەو بێنازن ئەویش بەهۆی كەمی سەنتەری راهێنانی حكومی و خێرخوازی، سەنتەرە ئەهلیەكانیان ئەو پارەیەی وەریدەگرن پارەیان خەیاڵیە".
"خێزانی ئۆتیزم لەوپەڕی شپرزەیی و داڕوخاندان، خێزان هەیە سێ منداڵی ئۆتیزمە كە هەریەكەیان و سیفەتێكی خەیاڵی جیاوازیان هەیە، ناچارن منداڵەكانیان ببەستنەوە كە ئایندەیان ناڕوونە، یان دایك هەیە منداڵە ئۆتیزمەكەی بردووە بۆ ئەوروپاو مێردەكەی جیهێشتوە، ئێمە بەردەوامین لەكردنەوەی لق لەشارەكانی كوردستان، لەسەدا ٨٠ فەرامۆشكراوەو حكومەت بەجددی ناهاتوونەتە سەر خەت، هۆكارێكی تر لەدوای ساڵی ٢٠١٢ ئەو ١٥٠ هەزارەی دەدرا بە ئۆتیزم راگیراوە، هەرچەندە بەڵێندراوە كە سەنتەر بكرێتەوە بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردن" كەمال جەباری وای وت.
هاوكات ئەلەند ئومێد ١٤ ساڵە بەدەست ئۆتیزمەوە دەناڵێنێت، دوای بردنی بۆ لیژنەی دەروونی رێژەی ئۆتیزمەكەیان بەڕێژەی لەسەدا سەد دەستنیشانكرد، ئەلەند یەك شروبی هێوركەرەوەی بە ٥٠ هەزار بۆ دەكڕن و مانگانە ٣٠٠ هەزار خەرجیەكەیەتی.
ئومێد چۆمانی دانیشتوی هەولێرە بەهاوڵاتی وت: "ئەوكاتە لەهەولێر یەك سەنتەری راهێنانی لێبوو ئەهلیش بوو، خەرجی زۆری دەویست بۆم هەڵنەدەسوڕا سەنتەری حكومیش وەری نەدەگرت چونكە دایبیمان پێهەڵدەگرت، خێزانەكەم ئارامیگرتووە و بەردەوام لەگەڵیەتی، پەیوەندی خزمایەتیمان پچڕاوە تاڕادەیەكیش حەز ناكەین كەس بێتە ماڵمان چونكە قسە دەكەن ئەوە بۆ وادەكات! ئەو جوڵە سەیرانە چیە! ڕاهاتوین لەگەڵ كوڕەكەمان بەڵام دەوروبەرمان بێتاقەتمان دەكەن."
"كوڕەكەم بیەوێت پێبكەنێت، دەگریەت هیچ قسەیەك ناكات، بەڵام زیرەكە سیستەمی كەناڵەكە بگۆڕم یەكسەر دەیدۆزێتەوە چونكە راهێنانەكانمان سودی هەبوەو باشترە لەڕابردوو، ناچارین رۆژانە دەرمانی بۆ بەكاربهێنین و دیزاینی ماڵەكە بەپێی جموجۆڵی ئەو رێكدەخەین تا سەلامەت بێت، نازانێت بچێت بۆ سەر ئاو و بەردەوام دایبی پێهەڵدەگرین، دوو منداڵی ترم هەیە ئەوان ئۆتیزمیان نیە". ئومێد چۆمانی وای وت.
د.سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەكانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم لەگفتوگۆیەكی هاوڵاتیدا بەوردی باسی سەرچاوەی ئۆتیزم دەكات و دەڵێت: "ئۆتیزم، گرفتێكی دەماری گەشەییە پێی دەڵێین (نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ)، دوو تووشبوی ئۆتیزم وەكو یەك نین، هۆکاری ئەوەی كەپێیان دەوترێت ئۆتیزم ئەوەیە، كێشەی هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتیان هەیەو دورەپەرێزن و حەز ناكەن تێكەڵ ببن لەكاتی قسەكردنیش دەنگیان تایبەتەو دەمیان ئاو دەكات، دووەم دووبارەكردنەوەی رەفتارە، یەكەم كەس بەئۆتیزم دەستنیشانكرا (دۆناڵد گرێت تروپلێچ)ی ٨٠ ساڵە بوو و تائێستا دەژی"، و وتیشی: "ئۆتیزم نەخۆشی نیە تائێستا لەكوردستان پێناسەیەكمان دیارینەكردووە، چونكە گروپێك لەپزیشك دەڵێین ئۆتیزم نەخۆشیە دەرمان و ماددەی كیمیایی بەكاردێنن، بەڵام گەر وترا گرفتێكی هزری و فێربوونە ئەوا قوتابخانەیان بۆدادەنرێت، گرفتی (دیڤلۆپمێنتاڵ دیزەیبڵیتیز یان دیڤلۆپمێنتاڵ دیزۆردەز) گرفتی گەشەو پێگەشتنەو درێژخایەنە".
لەبارەی ئەوەی ئۆتیزم نەخۆشیەكی دەروونییە ناوبراو رایگەیاند: "ئۆتیزم لەو كتێبەنەدا هەیە كە باسی گرفتەكانی دەرونی دەكات یان زانایانی ئۆتیزم دەڵێین لە دەرونناسی بهێننە دەرەوە لە بایەلۆجی بیناسن چونكە كێشەی دەماریان هەیە، كەسانی ئۆتیزم بەشی پشتەوەی مێشكیان كار دەكات بە پێچەوانەی كەسی ئاسایی، پێش ٢٠١٣ بە پێنج گرفت ڕێژەی ئۆتیزم دیاریدەكراو دواتر لابردرا و كرا بە دوو بەش قورس و ئاسان پێی دەڵێن (گرفتەكانی شەبەنگی ئۆتیزم) قورسەكان ئۆتیزمە ناسراوەكەیە ئاسانەكانیش پێدەچێت هاوڕێی و دراوسێی خوشك و برامان بن نیشانەكانیان زوو دڵیان دەشكێ و كێشەی تێگەشتنیان هەیە"، هەموو ئۆتیزمێك بزوێنەرێكی سروشتی یان ژینگەیی دەریدەخات كە لەجیناتیاندا ئۆتیزم هەیە پێی دەڵین (توریكەر)، بۆ نمونە سمارتفۆن یان تەلەفزیۆن بەهیچ جۆرێك نابێت تاتەمەنی هەژدە مانگی منداڵ تەماشای بكات، چونكە ئەو شاشانە بزوێنەری زۆری هەیە كاردەكاتە سەر مێشكی ئەو منداڵەو ناتوانێت هەموو وێنەو دەنگ و رەنگانە وەربگرێت هەندێكجار منداڵەكە لەحەیبەتا دەگری، تەكنەلۆژیا هۆكاری تووشبون نین، بەڵكو ئەوانەی بنەمای ئۆتیزمیان هەیە بەمانە دەردەكەون".
لەبارەی نیشانەو رەفتاری توندوتیژی د.سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەكانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم دەڵێت: "بەداخەوە بەگشتی توندوتیژیان تێیدایە، چونكە كەس لێیان تێناگات و گرفتی دروستكردنی پەیوەندی كۆمەڵگە یان هەستیان هەیە، نیشانەكانیشیان سەیری چاو ناكەن و لەكاتی یاریكردن لاساییكردنەوەیان نیەو زۆرجار دڵەڕاوكێی و ترس و تۆقانی بێهۆیان هەیەو كاردانەوەیان نیەو وەڵام و كاردانەوەیان بەناوی خۆیان نیە، هەروەها لەسەر نووكی پەنجە دەڕۆن، ئەم منداڵانە نە نابیستن نە لاڵ پێیان دەوترێیت (لاڵی هەڵبژاردە) تەنها بەو شتانە لادەكەنەوە كەپێی هەستیارن"، وتیشی: "بەپێی سكیڵەكان لەتەمەنی ١٨ مانگی یان ٢٤ مانگی یاخود دوو ساڵی دەناسرێنەوە، تەمەنی زێڕینیان پێنج ساڵە بۆ زوو باشبوونەوە ئەویش بەڕاهێنان و چارەسەری دوای شەش ساڵی زۆر گرنگە نابێت ئیهمالبكرێت، بەڵكو دەبێت دایك راهێنانی پێبكات چونكە زیاتر شارەزای منداڵەكانیانن، هەیە تەمەنی ٢٠ ساڵە باشبووەتەوە، پێویستە منداڵیان ببەنە لای پسپۆڕێك كە زانیاری هەبێت و لەمنداڵییەوە چاودێری كردبێت، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان نیمانە، چونكە پزیشكەكانمان زانیاریان كەمە خۆشیان دانیان بەوەداناوە"، رایگەیاند: "ئۆتیزم زیاتر لەنێو كوڕاندا زۆرترە، بۆ ئۆتیزم هیچ چارەسەرێك نیە تەنها راهێنان و زانستی كۆمەڵگە نەبێت.
مامۆستا ئیسرا بەڕێوەبەری هانای ئۆتیزمی خێرخوازی بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: "مانگانە رێژەی منداڵەكان دەگۆڕێت، كاتێك خێزانەكان ئاشنا دەبن بەئۆتیزم ئینجا كەیسەكانیان دەهێنن بەڵام زۆرێكیان زانیاریان لەسەری نیە، ئێستا كاتی وەرزی خوێندنە كەیسەكان زۆربوون، چونكە كاتێك مامۆستاكان وانە بەمنداڵەكان دەڵێنەوە هەست دەكەن ئاسایی نین و هەڵیاندەسەنگێنین حاڵەتەكە ئۆتیزمە، مانگانە ١٠ كەیسی نوێ تۆمار دەكەین تەمەنەكانیان لەنێوان سێ بۆ ١٢ ساڵە"، ناوبراو وتیشی: "راهێنانەكانیش بەتاك و گروپەو گرنگی بەلایەنی دەربڕین و تەركیزو تێگەشتن لەگەڵ جموجۆڵ دەدەین، بەگروپیش پڕۆگرامی (ئەی بی ئەی و سەنڕایس)ە، زیاتر مەبەستمانە تێكەڵی كۆمەڵگەیان بكەین و ئاشنایان بكەین بەیەك تا ئاسایی ببنەوە، خالێكی تر جێبەجێكردنی فەرمانەكانی رۆژانەیان بەنموونە جل گۆڕین و نانخواردن و رێنمایی دەدەین خێزانەكانیان راهێنانەكانیان پێبكەنەوە"، دەشڵێت: "سەنتەرەكەمان نیمچە خێرخوازییە كەمترین نرخ وەردەگرین هەتاوەكو سوودمەندبن، باشبوونەوەیان دەچێتەوە سەر دۆخی منداڵەكە بەماوەی ١٥ مانگ بۆ سێ ساڵ، لەمساڵدا ١٠ كەس باشبوونەتەوەو لەقوتابخانە و باخچەن، سەنتەری تایبەتیش هەیە بۆ ڕاهێنانی گەورەكان".