خوێندنی باڵا داهاتی هەیەو ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نادات

خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكانی سنووری سلێمانی بۆ دەرماڵە خۆپیشاندان دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا نادات بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی دارایی دەڵێت خوێندنی باڵا خۆیان داهاتیان هەیە، هاوكات ماوەی چەند رۆژێك خوێندكارانی زانكۆكانی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لەبەرامبەر پێنەدانی دەرماڵەو چەند گرفتێكی تریان دەستیان بەخۆپیشاندان كردو لەهەولێریش رێگری لەخوێندكاران كرا خۆپیشاندان بكەن، وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: دەرماڵەی هەموو خوێندكاران پێنج ملیار دینارە.

محەمەد تەها نوێنەری خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»لە وەرزی نوێی خوێندندا خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی هیچ دەرماڵەیەكیان وەرنەگرتووە، و زانكۆی سلێمانی كێشەی بەشە ناوخۆییەكانیشی هەیە، كە بەشی ناوخۆیی بەس بۆ خوێندكارانی زانكۆلاینە، جگە لەوەی قۆناغی یەكی ئەمساڵ بەشە ناوخۆییان نییەو هەر خوێندكارەو رەوانەی بەشە ناوخۆییەكی دیكە كراون، ئێستاش كە پشوو تا رۆژی یەكشەممە راگەیەندراوە بەخوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان وتراوە بچنەوە بۆ ماڵەوە».

بەوتەی عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تووێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لەئەنجومەنی وەزیران كردووە رەزامەندی بدات بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نەداوە.

سەبارەت بەڕاگیرانی دەوامی خوێندكاران عەباس ئەكرەم بۆ هاوڵاتی وتی:» دەوامی خوێندن لەزانكۆكانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین بەبڕیاری ئەنجومەنی زانكۆكان خۆیان راگیراوە».

بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، «جیاوازی دەكرێت لەپێدانی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، تا 100 هەزار دینار بۆ زانكۆكانی سلێمانی خەرجدەكرێت 100 ملیۆن دینار بۆ زانكۆكانی هەولێرو دهۆك خەرج دەكرێت و وەزیری خوێندنی باڵاش لەوبارەیەوە بێدەنگە».

هاوكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت:»خەڵك بەهەڵە تێگەیشتووە لەوەی دەرماڵە پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیەو دەرماڵە راستەوخۆ پەیوەندی بەئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا داهاتی خۆی هەیە».

وتیشی:»ئەو داهاتە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و خۆیان نووسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن و ئەوانیش نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ جیاكردنەوەی پارەكە ئەگەرنا ئەوە ئێمە نین كەبڕیار لەدەرماڵەی خوێندكاران بدەین».

پێشتر د.توانا نەجەف، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نووسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی ساڵی رابردووی تایبەت بەپاڵپشتیی دارایی خوێندكاران نوێبكرێتەوە.

 وتیشی: ساڵی رابردوو مانگانە نزیكەی حەوت ملیارو 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندكاران تەرخانكردبوو، بەڵام ئەمساڵ كەمتر لەو بڕەیان پێویستە كە نزیكەی پێنج ملیار دینارە.

لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 152 هەزار خوێندكاری زانكۆو پەیمانگە حكومییەكان هەن، لەو ژمارەیە نزیكەی 113 هەزار خوێندكار وەرگرتنی دەرماڵە دەیانگرێتەوە، دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان لەساڵی 2014 بەپاساوی قەیرانی داراییەوە بڕدرا بۆ خوێندكاری ناوشار مانگانە 40 هەزار دینارو خوێندكارانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دیناربوو، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی رابردوو خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان بەتایبەتیش لەسنووری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی بەدابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بۆ یەك ساڵ كرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار