كەلار؛ سزادانی دوو مێردمنداڵەكە ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە
خانەوادەی مێردمنداڵەكان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دەدوێن
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
بڕیاری دادگای نەوجەوانانی كەركوك/ گەرمیان بەچوار ساڵ زیندانیكردنی دوو مێردمنداڵ بەهۆی بەشداریكردنیان لەخۆپیشاندان، ناڕەزای چین و تووێژە جیاوازەكانی گەرمیانی لێكەوتەوە و داوای تەممیزكردنەوەی بڕیارەكە دەكەن و دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمیش دەڵێت ئێمە بەدواداچوون دەكەین و بەبڕیارێكی قورسی دەزانین و دەكرا لەئەگەری ساغبوونەوەی هەر تاوانێكدا بەسەر ئەو مێردمنداڵانەدا حوكمێكی سوكتر جێبەجێ بكرایە.
خانەوادەی مێردمنداڵەكانیش بۆ هاوڵاتی دەدوێن و داوادەكەن كوڕەكانیان ئازادبكرێن و لەبارودۆخێكی دەروونی نائارامدان و دەڵێن سزادانی نەوەكانمان نادادپەروەرییەكی گەورەیە.
عەبدوڵا هیواو سابیر ئەحمەد لە هەشتی ئەم مانگەدا لەلایەن دادگای نەوجەوانانی گەرمیانەوە چوار ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا بەبیانوی بەشداریكردن لەخۆپیشاندانەكەی ئابی 2020 كەتیایدا بەشێك لەقایمقامیەت و ئوتۆمبێلێكی تاپۆ سووتاو لەسەر سكاڵای ئەم لایەنانە، ئەم دوو مێردمنداڵە زیندانی كران.
دایكی عەبدوڵا هیوا بۆ هاوڵاتی دەدوێت و دەڵێت: «كوڕەكەم لەكاتی خۆپیشاندانەكەدا تەمەنی تەنها 14ساڵ بوو، بۆ ماوەی دوو هەفتە دەستگیركرا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بێسەروشوێن بوو لەژوورێكی تاریك دایاننابوو و كوڕەكەم دەیوت دوو سۆندەیان لێدام و وتوویانە چیت كردووە باسی بكە، منیش وتوومە تخوا لێم مەدەن چیتان ئەوێ من قسە دەكەم، ئەوكاتەش تەمەنی 14ساڵ بوو، دواتر بەكەفالەت ئازادكرا، لەچەندڕۆژی پێشتردا لەڕۆژی دادگاییكردنەكە ئاگاداركراینەوە كەدادگایی ماوەو لەگەڵ باوكی رۆشتن بۆ دادگا».
«كوڕەكەم ئێستا تەمەنی 16ساڵە، حاكمەكە لێی پرسیبوو تۆ ئەم كارەت ئەنجامداوە، ئەویش وتبووی نا من نەمكردووە لەپێشووتردا بەزۆر ئیعترافیان پێمكردوە، ئەوانیش پێیان وتبوو تۆ راست ناكەیت و قسەكانت دەگۆڕیت، كوڕەكەم لەسەر سكاڵای سووتانی ئۆتۆمبێلەكەی تاپۆ سزادراو ئێمەش چووین بۆ لای بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان و پێمان وت چیت ئەوێ بۆت دەكەین و ئۆتۆمبێلت بۆ دەكڕین بەس سكاڵاكەت بكشێنەوەو ئەویش پێی وتین هی من نیە ئۆتۆمبێلەكە هی حكومەتە بچن بۆ لای حكومەت».
«داوا لەهەموو لایەك دەكەم هاوكارمان بن لەئازادكردنی كوڕەكەمدا، چونكە ئەو منداڵەو خوێندكارەو كەقسەی لەگەڵ دەكەین لەزیندان دەڵێت دایە چیتان بۆمكرد تخوا رزگارم بكەن لەم شوێنەو تاقیكردنەوەكانمان هەمووی دەڕوات، خەمی خوێندنەكەیەتی و ئەو رۆژە خۆم رۆشتم لەزیندان سەرم لێیدا و بارودۆخێكی نائارامی هەیەو ئەترسم شتێكی لێبێت لەزینداندا، چونكە ئەو منداڵە»، دایكی عەبدوڵا وای وت.
هاوكات دادوەر بورهان ئەحمەد، بۆ هاوڵاتی وتی، « هەرچ وتەیەك لەژێر فشاردا بێت لەكاتی دادگا دەتوانیت ئەو وتانە نەڵێیتەوە بەتایبەتی گەر چاوسووركردنەوەی تێدا بێت بەپشتبەستن بەبوونی شایەت، من پێم وایە چوار ساڵ بۆ نەوجەوانان زۆرەو هەرچەندە دادوەر خۆی ئازادەو دەتوانرێت تەممیزبكرێتەوەو حوكمێكی زۆر سوكتریان بۆ دابنرێت».
وتیشی: « هۆكاری مامەڵە نەكردن بەیاسایی خۆپیشاندان هەر لەیەساكەدا هاتووە ئەگەر لەكاتی خۆپیشاندان تاوانێكی گەورەتر ئەنجامدرا پەنا ببرێت بەیاساكانی تر، دادگا لەهەرێمی كوردستاندا دەستتێوەردانی تێدادەكرێت و رەنگە دادوەرێك حزبێك دایبمەزرێنێت، دەشبێت گوێڕایەڵی بكات، بوونی دەستتێوەردان لەدادگاكاندا هۆكارە بۆ لاوازبوونی رۆڵی دادگا».
هاوكات دایكی سابیر ئەحمەد مێردمنداڵە دەستگیركراوەكەی تری كەلار بۆ هاوڵاتی دەدوێت و دەڵێت:» من و سابیر پێكەوە رۆشتین بۆ دادگا، دادوەرەكە لەسابیری پرسی چیت كردووە لەو رۆژەدا سابیریش وتی پرسگەكەی قایمقاممیەت خۆی ئاگری گرتبوو، منیش دوو مقەبام لەسەری داناوە هەر ئەوەم كردووە، خۆشم بەدادوەرەكەم وت سابیر نۆ خوشك و برای ئەنفالەو ئێمە خاوەنی شەهیدو ئەنفالین باوكی نیەو خۆم بەهەتیوی گەورەیانم كردووەو دادوەرەكە وتی دادەگیان چوار ساڵ زیندانی دەكرێت و گوێی لێ نەگرتین».
« داوا لەهەموولایەك دەكەم كوڕەكەم بۆ بگەڕێننەوە ناومان، كە قسە لەگەڵ سابیر دەكەم دەڵێت دایە تۆ مەگری من باشم و دەشزانم خۆی چەندە بێتاقەت و هەموو رۆژێ پێمان دەڵێت من كەی دێمەوە بۆ ماڵ، چونكە ئەو منداڵەو ئەوكاتە تەمەنی 17ساڵ بوو كە بەشداری خۆپیشاندانی كردووە».
«خۆ تەنها كوڕەكەی من بەشداری لەخۆپیشاندان نەكردووە بۆچی هەر ئەمان سزابدرێن، ئەی ئەو خەڵكانەی كەموڵك و ماڵی گشتی دەدزن و بەهەدەری دەدەن بۆ بەئازادی دەسوڕێنەوەو مناڵی فەقیر دەخەنە زیندانەوە»، دایكی سابیر وای وت.
رۆژی 13ی ئەم مانگە هاووڵاتیان و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنووسان و خانەوادەی دوو مێردمنداڵەكە دژی سزادانی دوو مێردمنداڵەكە لەبەردەم دادگای كەلار گردبوونەوە.
مونا یاقو سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، سەبارەت بەسزادانی ئەو دوو مێردمنداڵە بە هاوڵاتی راگەیاند: « ئێمە بەدواداچوونمان كردووە بۆ سزادانی ئەو دوو مێردمنداڵە و داوامان لەنووسینگەكانمان كردووە لەنزیكەوە بەدواداچوون بكەن، ئەو دوو مێردمنداڵە لەكاتی خۆپیشاندانەكان تەمەنیان لە 18ساڵ كەمتر بووە، بۆیە دەبوایە حوكمەكەی كەمتر بوایە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە خۆپیشاندان بكرێت و بەشێوەیەكی مەدەنیانەو دور لەهەر تووندوتیژیەك، لەگەڵ ئەوەدا نین كەموڵك و ماڵی گشتیی زیانی پێبگات».
ئەوەشی وت: « ئێمە كاردەكەین بۆ ئەوەی حوكمەكانیان كەمبكرێتەوە، چونكە چوار ساڵ بۆ ژیانی مرۆڤێك كەم نیەو گەر لەو تەمەنەش بێت لەئێستادا لەنێو زیندانەكان كەیسی مادەی هۆشبەرو تیرۆرو چەندین شتی دیكە هەیە بۆ ئەمانیش كەمنداڵن و تێكەڵ بەو خەڵكانە دەكرێن رەنگە تووشی شتی دیكە ببن».
وتیشی:» دەبێت سزای ئەم مێردمنداڵانە كەمتر بكرێنەوەو بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، ئێمە هانی هیچ كەس نادەین بۆ كاری بەدەر لەیاسا، بەڵام ئەم دوو كەسە تەمەنیان منداڵەو ناكرێت ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ بكرێت».