ئێران كەمتر لەدوو مانگ دووجار هێرش دەكاتەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات ... زیاتر لە 100 كەس بەتۆمەتی ئەندامبوونی حزبەكانی رۆژهەڵات دەستگیردەكرێن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران لەدوای مەرگی ژینا بەسەركوتی خۆپیشاندەران لەناوخۆی وڵاتەكەو رۆژهەڵاتی كوردستان نەوەستاوەتەوەو لەماوەی كەمتر لە 50 رۆژدا بۆ جاری دووەم بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەكۆیەو زڕگوێزو برادۆست لەهەرێمی كوردستان.
ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات، بەڵام بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا حزبەكانی رۆژهەڵات خۆیان دەڵێن هیچ هێرشێكی سەربازییان دژی ئێران ئەنجامنەداوەو هیچ هێزێكیشیان لەسنوری ئێران نیە.
سوپای پاسدارانی ئێران لەساڵی 2018ەوە زۆرترین جار بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر بنكە و بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو هێرشانەش دوای ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لەساڵی رابردودا داوای لەبەرپرسانی باڵای عێراق كرد ئەو پارتانە لەچەك داماڵن، زۆر زیاتری كردووە.
بیانوی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەردوو هێرشەكە كەنزیكەی 90 كەس تێیدا بووەتە قوربانیی ئەوەیە كە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جموجۆڵیان دژی كۆماری ئیسلامی هەیە و 100 كەس لەئەندامانی ئەو پارتانەش لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستگیركراون.
بیانوەكانی سوپای پاسدارانی ئێران
ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كەنزیكەی (36) ساڵە بنكەو بارەگایان لەباشوری كوردستان هەیەو بە بەردەوامی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێم بۆ ئەوان گرنگە و نایانەوێت ببنە بیانوی نەیارانی كورد بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان.
لەساڵی 1991 تائێستا سوپای پاسدارانی ئێران دەیان جار هێرشی كردووەتەسەر بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم بەڵام ئەو هێرشانە لەساڵی 2018 بەموشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی خۆكوژ زیادیانكردووە لەكاتێكدا راپەڕینی هاوشێوەی دوای مەرگی ژینا لە رۆژهەڵاتی كوردستان رووی نەداوەو كۆماری ئیسلامیش هیچ كاتێك باسی لەدەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی ئەو پارتانەی لەناوخۆی ئەو بەشە لەكوردستان نەكردووە.
محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند: دوای هێرشەكانی (28/9/2022) هۆشدارییان داوەتە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەو پارتانە وەك خۆیان ماونەوەتەوە و ئەوەش هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بووە.
پاكپور، ئاماژەی بەوەكردووە كە پێشتر شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە بۆ دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیاربووە ئەو پارتانە دووربخرێنەوە.
بەوتەی ئەو، حزبەكان دەستیان هەبووە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و هۆكارێك بوون بۆ تێكدانی ئاسایشی سنورەكانی و زیانگەیاندن بەكۆماری ئیسلامی ئێران.
پاكپور وتووشیەتی بەغداو هەولێر بەڵێنیان دابوو رێگریی بكەن لەجموجۆڵی پارتەكانی نەیاری ئێران لەهەرێمی كوردستان، بەڵام دوای 50 رۆژ ئەو بەرپرسانە بەڵێنەكانیان جێبەجێ نەكردووە.
مێژوو پیشانی داوە هەركاتێك دەسەڵاتی ئێران دەكەوێتە مەترسییەوە یەكەم هەنگاوی هێرشكردنە سەر پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەو دواتریش تۆماتباریان دەكات بەدەستی دەرەكی بەتایبەت پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل و لەم دواییانەشدا سعودیەو بەریتانیا-شی پێ زیاد كردووە.
ساڵی 1984 دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەكانی رۆژهەڵات و فشارەكانی سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی (سەفرە، زەروون، گەڵاڵە، مەعلومە و چەند ناوچەیەكی دیكە)ی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانەو دوای راپەڕینی ساڵی 1991 هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگاو ئۆردوگایەك جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1991 تائێستا دەیان هێرش و پەلاماری لەدژی بنكەو بارەگا و ئەندامانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو دەڵێت ئەو حزبانە دوای (25)ساڵ بەڵێنی خۆیان بۆ ئەنجامنەدانی هێرشی سەربازیی لەناوخاكی ئێراندا شكاندووەو لەهەرێمی كوردستانەوە دژی ئێران چالاكیی دەكەن بۆیە موشەكەكانی سوپای پاسداران ئامادەن بۆ بەئامانجگرتنی ئەو حزبانەو نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەدا.
ژمارەیەك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بریتین لەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و هەروەها كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەساڵی 2016-وە چەند بنكەیەكیان لەبناری چیای هەڵگورد
لەناوچەكانی نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان جێگیركرد كەئەمەش بووەتەمایەی توڕەیی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاردانەوەی چەكدارانی سوپای پاسداران دژی بنكەكانی پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە، بەڵام دوای هێرشەكانی كۆتایی مانگی ئەیلول بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایانگەیاند لەسەر خواست و داواكاری حكومەتی هەرێم هێزەكانیان لەسنوری ئێران گواستوەتەوە.
پێشتر عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێكەوتی (10/8/2021) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغداو هەولێر-ی لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگاداركردووەتەوەو ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت.
شەمخانی لە (12/9/2021) دوای ئەوەی لەتاران لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پیشووی عێراق كۆبووەوە جارێكی دیكە هەڕەشەی لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووەو داوای لەكازمی كرد كە بەپەلە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان دەربكرێن چونكە بەوتەی ئەو بەرپرسە، جمۆجۆڵ و چالاكیی ئەو هێزانە لەچوارچێوەی پلانەكانی ئەمریكادایە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران.
شەمخانی لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كازمی، جەختی لەوە كردووەتەوە كەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم مەترسین بۆسەر ئاسایشی سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران، بۆیە دەبێت بەپەلە پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە لەچەك داماڵرێن و لەهەرێم دەربكرێن.
هێرشە موشەكییەكانی ئێران
ئێران لە 8ی ئەیلولی 2018 بەموشەك هێرشی كردەسەر بارەگانی حزبی دیموكرات لەقەزای كۆیە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە 16 پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە كوژران و لەساڵی 2019دەستی بە بۆردومانی چڕی سنورەكانی چیای هەڵگوردو ناوچەی برادۆست لەهەرێمی كوردستان كردووە بەبیانوی بوونی پێشمەرگەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
جارێكی دیكە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێكەوتی (28/9/2022) واتە 12 رۆژ دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی بەموشەك و فڕۆكەی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی حدكا و كۆمەڵەكان و پاك لەهەولێرو كۆیەو سلێمانی كە بووەهۆی كوژرانی 18 كەس كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون و هاوكات بریندابوونی 62 كەسی لێكەوتەوە.
لەهێرشەكانی رۆژی دووشەممە (14/10/2022)ش بۆ سەر بارەگاكانی حدكا لەكۆیە دوو پێشمەرگە كوژران و هەشت كەسیش برینداربوون.
زۆربەی شیكەرەوانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی بڕوایان وایە ئامانجی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان بەلاڕێدابردنی رای گشتییە لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵات لەو وڵاتە چونكە لەمێژووی 43 ساڵی دەسەڵاتی ئێراندا ناڕەزایەتیی لەو شێوەیەو درێژخایەن دژی كۆماری ئیسلامی ئێران نەكراوە.