ئەندەرپارسی فاروقی مەلا مستەفا قەرەباڵغییەكی زۆر، كەم دەكاتەوە

هاتوچۆی سلێمانی: پرۆژەكە بۆ شاری سلێمانی ستراتیژییە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یوتێرنی بەردەم شاری پزیشكی فاروق لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود قەرەباڵغیەكی زۆری لەسەرە، فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری نیشتمانی پڕۆژەیەكی ئەندەرپاس لەو شوێنەدا دورستدەكات و بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا تەواوبكرێت، بەتەواوكردنی پرۆژەكە چاوەڕواندەكرێت كێشەی زۆری هاتووچۆ لەو شەقامەوە بۆ زیاتر لەچوار گەڕەك ئاسان بكات و قەرەباڵغیەكی زۆر لەشەقامەكە كەمبكاتەوە.

لەڕێكەوتی 3/11/2022، بەئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندن، فاروق مەلا مستەفا سەرۆكی گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان  لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود، بەردی بناغەی ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفای دانا كەئامانج لێی كەمكردنەوەی قەڕەباڵغییە لەو شەقامەداو خزمەتێكیشە بەشاری سلێمانی.

پرۆژەكە بەوتەی زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، تێچووی زیاتر لەحەوت ملیار و سێسەدو یەك ملیۆن دینارەو ماوەی پرۆژەكەش 365 رۆژە، واتە لەماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكە گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنانەو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات و خزمەتێكی بەرچاوی  شاری سلێمانی و رێبوارانی ئەو رێگایە دەكات.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەختیار محەمەد بەهاوڵاتی وت: «ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفا یاخود هەر پرۆژەیەكی دیكە بۆ شاری سلێمانی بەتایبەتی پرۆژەكانی ئەندەرپاس لەئێستادا گرنگییەكی حەتمییە بۆ شاری سلێمانی».

وتیشی: «بەبۆچوونی ئێمە وەك ئەوەی لەهاتوچۆدا كاردەكەین و بەئاگاین، سلێمانی بەلایەنیكەم لەئێستادا پێویستی بەپێنج ئەندەرپاسی دیكە هەیە، ئەو ئەندەرپاسانە رۆڵ و كاریگەرییان لەوەدایە كە لۆدو قەرەباڵغی شەقامە سەرەكییەكان كەمدەكەنەوە، ئەگەر ئەم پرۆژەیەش تەواوببێت دیاردەی پێچكردنەوە بەدوو ریز و سێ ریزی یوتێرنەكان و قەرەباڵغی شەقامەكە ناهێڵێت».

بەوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی، جگە لەلۆدی شەقامەكە سودی بۆ چەندین گەڕەك و فەرمانگە و پەیمانگە و كۆلێژ دەبێت كە پێشتر ئەو كەسانەی سەردانیان دەكرد تووشی قەرەباڵغی دەبوون، بۆیە ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفا بەپرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ شاری سلێمانی هەژماردەكرێت».

بەختیار محەمەد دەڵێت: «ئەندەرپاسەكە تازوو تەواوببێت باشترە، چونكە پرۆسەی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل پرۆسەیەكی بەردەوامەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیش بەردەوامەو شارەكەش جموجوڵی بازرگانی و رۆشنبیری و چەندین چالاكی رۆژانەی تێدایە، بۆیە پێویستمان بەمجۆرە پرۆژانەیە، بەتەئكید دەستخۆشی لەلایەنی جێبەكاری پرۆژەكە دەكەین و خزمەتێكی بەرچاوە بەشاری سلێمانی».

لەكاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە، لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سێمانی ئاماژەی بەگرنگیی و بایەخی پڕۆژەكە كرد لەكەمكردنەەی قەرەباڵغی لەخزمەتی شاری سلێمانی و سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكاری كرد لەزوو هاتنە پێشەوەو تەواوكردنی دیزاینی پڕۆژەكە.

لەلایەن خۆشیەوە شارەوانی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: تەواوكردنی ئەندەرپاسەكە دەبێتەهۆی چارەسەركردنی كێشەی یوتێرن (U-turn)ی سەر شەقامی مەلیك مەحمود نزیك شاری پزیشكی فاروق و ئاسانكردنی هاتوچۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودەوە بۆ  گەرەكەكانی (كازیوەو ئیبراهیم ئەحمەدو هیواو پەری) و رێگەدان بەیوتێرن (U-turn) لەسەر شەقامەكە بە ئاستی جیاواز كەئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوی هاتوچۆو قەرەباڵغی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك محمود.

گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لەسلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان جێبەجێكردووەو بەردەوامیشە، مانگی حەوتی ئەمساڵ، كۆمپانیای ئاسیاسێل كە سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی فاروقە، رووبەری 800 دۆنمی لەشاخی گۆیژە لەسلێمانی سەوزپۆش كرد كە پرۆژەكەش بەكۆی گشتی یەك ملیۆن دۆلاری تێچوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار