عێراق چاوەڕوانی تێپەڕاندنی گەورەترین بودجەیە لەمێژووی خۆیدا

سندوقێك بۆ گەشەپێدانی كەرتە جیاوازەكان تەرخاندەكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تادێت رۆژەكانی بەردەم كابینەكەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣و ناردنی بۆ پەرلەمان كەمتر دەبێتەوە لەكاتێكدا بودجەكە بەگەورەترین بودجە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دادەنرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابووردووش پەرلەمانی عێراق ماوەی كاركردنی تەشریعی خۆی یەك مانگ درێژكردەوە ئەویش تەنیا لەپێناوی تێپەڕاندنی چەندین پرۆژە یاسادا كەیەكێك لەو یاسایانە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ە، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاندبوو یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی حكومەت ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی خراوونەتەڕوو بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ جیاواز لەبودجەی ساڵانی رابووردوو كە لەدۆخی جەنگ و كەمی نرخی نەوت و كۆرۆنا و قەیرانی جۆراوجۆری تری ئابووری و سیاسیدا ئامادە دەكراو جێبەجێدەكرا، بودجەی ساڵی داهاتوو لەدۆخێكی ئابووری سەقامگیرو بەرزی نرخی نەوت و بەرزی نرخی دۆلار بەرامبەر دینارو نەبوونی هیچ جەنگ و قەیرانێكی ئابووری لەعێراقدا ئامادەدەكرێت و چاوەڕواندەكرێت بڕەكەی لەنێوان ١٢٥ ملیار بۆ ١٣٥ ملیار دۆلار بێت و یەدەگی نەختینەیی عێراقیش ١٠٠ ملیار دۆلار بێت، هەر بەپێی زانیارییەكانیش نرخی بەرمیلێك نەوت لەبودجەدا لەنێوان ٧٠ بۆ ٨٠ دۆلار دیاریكراوەو ئەگەر بێت و نرخی نەوت لەو رێژە دابەزێت ئەوا بودجە تووشی كورتهێنان دەبێت، لەو بڕە پارەیەی كۆی بودجەش نزیكەی ١١٠ ملیار دۆلاری لەداهاتی نەوتەو ئەوەی تری دەمێنێتەوە داهاتی نانەوتییە.

محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هیوای خواست نرخی بەرمیلێك نەوت جێگیر بێت و نەڕواتە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوە، هاوكات بەجۆرێكیش دانەبەزێت كاربكاتە سەر خستنەڕوو و داواكاری نەوت، هەروەها ئاماژەشی بەوەكرد كە لەگەڵ وڵاتانی ئۆپێك گفتوگۆ دەكات سەبارەت بەزیادكردنی بڕی بەرهەم و هەناردەكردنی نەوت. سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەش سودانی ئەوەی ئاشكراكرد لەپرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ سندوقێكی بۆ لێبڕینی بەشێك لەداهاتی نەوت جێگیركردووە كە تەرخاندەكرێت بۆ برەوپێدان و گەشەكردنی بوارەكانی نیشتەجێكردن و پەروەردە و تەندروستی و چەندین بواری تر، ئاماژەی بەوەشكردووە ئامانجی ئەم سندوقە چالاكتركردنی كەرتی تایبەت و بنەبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی دەیان هەزار هەلی كارو هاندانی كاركردنە لەكەرتی تایبەت لەبری كەرتی گشتی.

بەپێی زانیارییەكانیش سەرمایەی ئەو سندوقە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار دەبێت لەداهاتی نەوت دابیندەكرێت، هەروەها ئەوەی ئەم سندوقە جیادەكاتەوە ئەوەیە كەداهاتەكەی ناكەوێـتە ژێر دەستی وەزارەتەكانی حكومەتەوە، بەڵكو هۆكارێكی تەمویلكردنی كەرتی تایبەتە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە تەواونەكراوەكان و لەبری ئەوەی قەرزی دەرەكییان بۆ بكرێت پارەكەی لەڕێگای ئەم سندوقەوە دابیندەكرێت، بەجۆرێك سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت ئەو پرۆژانە تەواوبكات كە لەسەدا ٧٠یان تەواوكراون و كاركردن تیایدا راوەستاوە. ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەكاتێكدایە چەند لایەنێكی سیاسی عێراق باسیان لەپێویستی ئامادەكردنی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بۆ عێراق دەكردەوە تا بەیەك پاكیج لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەو بیرۆكەیە رەتكرایەوەو رایانگەیاند بودجە تەنیا بۆ یەك ساڵە چونكە هەموو ساڵێك داهاتی حكومەت گۆڕانكاری بەسەردا دێـت و ناتوانرێت بودجەی سێ‌ ساڵ لەسەریەک ئەگەر بنیاتبنرێت. بەگوێرەی رۆژنامەی نیمچە رەسمی حكومەتی عێراق، خەرجی فیعلی حكومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢، لەسەدا ٤٢ی بۆ مووچە بووە و لەسەدا ٢٤ی بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی و لەسەدا ١٠ی بۆ بەخشین و هاوكاری و لەسەدا ١٤ی قەرز بووە، ئەمە جگە لەوەی لەسەدا ٩٠ی خەرجییەكان هیچ بەرهەمێكی راستەقینەیان نەبووە، بەپێی رووپێوییەكانی وەزارەتی پلاندانانیش لەئێستادا لەعێراقدا حەوت هەزار پرۆژە نزیكەی ٢٥٠ ترلیۆن دیناریان پێویستە بۆ تەواوكردنیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار