دهۆك؛ 21 كەس بەتۆمەتی بڕینی دار دەستگیردەكرێن
گرانی نرخی نەوت خەڵك دەگەڕێنێتەوە بۆ سۆپای دار
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
لەدهۆك 21 كەس بەتۆمەتی بڕینی دار دەستگیردەكرێن و دەدرێنە دادگا، بڕینی دار لەكاتێكدایە ئەمساڵا بەهۆی گرانی نرخی نەوت بەشێكی زۆری خەڵك گەڕاوەتەوە بۆ سۆپای دار، بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەكان.
عەبدولكەریم رەشید، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی-یە بەهاوڵاتی ی وت:»پێش هەفتەیەك یەك بەرمیل نەوتمان وەرگرت بە 103هەزار دینار، حكومەت لەبری یەك بەرمیل پێویستە بۆ ناوچە شاخاوییەكان بەلایەنی كەم دوو بەرمیل بۆ هەر خێزانێك دابین بكات، یەك بەرمیل بۆ ناوچەكەی ئێمە تەنها بەشی مانگێک دەكات ئەی مانگەكانی تر چی بكەین، یان دەبێت بەرمیلێك تادوو بەرمیلی تر بكڕین، یانیش سوود لەسۆپای دار وەربگرین، ئێستا زۆرینەی خەڵكی شێلادزێ سۆپای داریان هەیە، نەوت گرانەو هەموو كەسێك ناتوانێت بەرمیلێك بە 260 هەزار بكڕێت».
وتیشی:» سۆپای دارم هەیە، بەڵام هەرگیز داری تەڕ بەكارناهێنم، لەهاوینان داری وشك كۆدەكەمەوەو لەزستان بەكاریدەهێنم، ئەگەر نەوت بۆ خەڵك دابین نەكات، بەدڵنیاییەوە خەڵك پەنا بۆ داربڕین دەبەن، هیچ كەسێك حەزناكات دارببڕێت بەڵام ناچارە تاخۆی و خێزانەكەی لەسەرمای زستان بپارێزێت».
هوشیار سەلیم، مامۆستایە لەدهۆك بەهاوڵاتی وت: «حكومەت لەلایەك دار دەچێنێت و لەلایەكی تر بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت و گرانی نرخەكەی دەرفەتی رەخساندووە بۆ داربڕین، ئەگەڕ راستە حكومەت لەخەمی ژینگەدایە با لەجیاتی یەك بەرمیل دوو بەرمیل بەخەڵك بدات و بەنرخێكی هەرزان، خێزان هەیە لەم دهۆكە 103هەزار دیناری نیە ئەو بەرمیلە نەوتەی حكومەت وەربگرێت، ئەی چۆن بتوانێت بەرمیلێك نەوت بە 260 هەزار دینار بكڕێت، هەمووی خەتای حكومەتەو ئەو بەرپرسیارە لەتێكدانی ژینگەی هەرێمی كوردستان».
«ساڵی رابردوو یەك بەرمیل لەبازاڕدا دەوروبەری 170بۆ180هەزار بوو، ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزاری چووەتەسەر، لەهەمانكاتدا حكومەتیش ئەو نەوتەی دابەشی دەكات گرانی كردووە، حكومەت بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ خەڵك هاوكارنیە بۆیە ئەم دۆخەی ئێستا دروستبووە»هوشیار سەلیم وای وت.
جەمال سەعدۆ، فەرماندەی هێزی دهۆك بۆ پاراستنی ژینگە بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا21 كەسمان بەتۆمەتی بڕینی دار دەستگیركردووە، تۆمەتبارەكانمان رەوانەی دادگا كردووە بەمەبەستی لێكوڵینەوەو سزادانیان، ئێمە لەهەر ناوچەیەك چەند مەفرەزەیەكی گەڕۆكمان هەیە، جگە لەمەش ئاگاداری پەروەردەو ئەوقافمان كردووە كەداوا لەخەڵك بكەن بەهیچ شێوەیەك دەست بۆ بڕینی دار نەبەن».
وتیشی:»لەزۆربەی ناوچە شاخاوییەكان مەفرەزەی گەڕۆكمان هەیە، خەڵكیش زۆر هاوكارە لەگەڵمان بۆ دەستگیركردنی سەرپێچیكاران و زانیاریمان دەدەنێ، ئێمەش جیاوازی لەنێوان هیچ كەسێكدا ناكەین، هەركەسێك دار ببڕێت دەستگیردەكەین».
لەبارەی سزای سەرپێچیكەران جەمال سەعدو وتی:»سزای سەرپێچكەران بەپێی تەمەنی دارەكە دەستنیشان دەكرێت لەدوو ملیۆن دینار دەستپێدەكات تاحەوت ملیۆن دینار، زیندانكردنیش لەیەك مانگ تا شەش مانگ، دواجار دادوەر بڕیاری كۆتایی دەدات.