لەڕۆژی جیهانی (جاڕدانی مافی منداڵ) دا هاوارێک بۆ دەزگاو ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کوردستان!

یەک ساڵ لەمەوپێش



حامد محەمەد عەلی

«جگەرە خەریکەمنداڵان و هەرزەکاران وێران دەکات»

٢٠ی تشرینی دووەم ٣٣ ساڵ بەسەرئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی منداڵدا تێدەپەڕێت ،کە لەم ڕۆژەدا ساڵی ١٩٨٩ بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕاگەیەنراو هەموو وڵاتانی جیهان ( ١٩١) وڵات ئیمزاو پەسندیان کرد تەنها وڵایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا نەبێ. گرنگترین ئەومافانەی منداڵ کە بڕیاری لەسەردراو جەختی لەسەر کرایەوە ، مافەکانی ( فێرکردن و تەندروستی) بوو ،کەبەداخەوە تائێستاش ملێۆنەها منداڵ لە جیهاندا لێیان بێبەشن و سەدان هەزارمنداڵیش لەجیهاندا بەهۆی جەنگ و هەژاری و قات و قڕی دروستکراوو ستەمی ڕژێمەکانەوە، لەبەردەم هەڕەشەی برسێتی و مردندان. سەبارەت بەکوردستانی خۆمان ، بەداخەوە کە هەردوو کەرتی (پەروەردەو فێرکردن + تەندروستی) بەگشتی بەردەوام لەپاشەکشەدایە و منداڵان و مێردمنداڵان و هەرزەکارانیش لەپێشەوەی زەرەرمەندانن. سەرباری دابڕانی زۆرێک لەمنداڵان لەخوێندن ،بەهۆی ڕەوشی ئابوری و خراپی باری گوزەرانی خێزانەکان و لەم دواییەشدا پەتای کۆرۆناوە ، ئەمڕۆ پەتاو مەترسییەکی دیکە هەڕەشە لەتەندروستی و پەروەردەو ڕەوشت و ئاکاری مناڵان لەهەرێمی کوردستان دەکات ،کەئەویش دیاردەی بڵاوبوونەوەی (جگەرە کێشان و نەرگیلە کێشان) ە لە نێو منداڵان و هەرزەکاران لەسەر ئاستێکی یەکجار بەربڵاوو فراوان ، بەتایبەتی لەشلرەگەورەکاندا، بەجۆرێک کە قوتابیانی قۆناغی ناوەندی و سەرەتاییشی گرتۆتەوە.. بێگومان لەپاڵ لاوازیی پرۆسەی پەروەردەو بێئاگایی باوکان و دایکان ، هۆکاری هەرەسەرەکی بڵاوبوونەوەی جگەرە لەناوەندەکانی خوێندنی بنەڕەتی ، (هەرزانی نرخی پاکەتی جگەرەیە) کە وەک زانیومە هەندێکیان بە (٥٠٠ دینارو بگرە ٢٥٠دیناریش) دەفرۆشرێت!!! کە ئەوە پپارەیەکی ئەوەندە کەمە ، تەنانەت منداڵی شەش حەوت ساڵانیش دەتوانێ بیکڕێ. هەمومان دەزانین یان بیستومانە ، کە (جگەرە) لە بەر زیانە زۆرەکانی بۆتەندروستی ، کە ساڵانە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ، دەبێتە هۆی مردنی ملێۆنان کەس ، لەوڵاتانی پێشکەوتودا ، سەرباری ئەوەی وەکو ( خواردنەوە کحو لیەکان) بەپێی یاسا بە منداڵان نافرۆشرێت ، لەولاشەوە هەربەیاسا، باجی زۆری دەخرێتە سەرو نرخی گران دەکرێ ، بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگرێک لەبەردەم زۆر کڕینی و بەکارهێنانی ،بە تایبەت لەلایەن ئەوانەوە کە داهاتیان کەمەو تەندروستیان تەواو نیە . بەداخەوە لەهەرێمە نەگبەتەکەی ئێمەدا ، خراپترین جۆرەکانی ( جگەرە ) هاوردە دەکرێ ،یان - وەکو بیستومە - لەناوخۆ بە کوالیتی خراپ بەرهەم دێت و بە(هەرزانترین نرخیش بەهەموو کەس دەفرۆشرێ) .. من هیچ لێکدانەوەیەکم بۆ ئەم کارە نیە ، جگە لەوەی کەبڵێم ،ئەم کارە بەشێکی بەمەبەست لەلایەن بازرگانەکانی جگەرەوە ،لەپێش چاوی حکومەت دەکرێ، چونکە خودی بازرگانەکان کەسانی دەسڕۆیشتوون و پەیوەندییان بە بەرپرسانی حیزبیەوە هەیە ،یان شەریکیانن . لێرەوە لەم ڕۆژەدا ،داوا لە(پەرلەمانی کوردستان ، هەروەها وەزارەتەکانی پەروەردەو تەندروستی و ئەوقاف و دەستەی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکاران و لاوان و گەنجان..) دەکەم کە هەرچی زووە بێنە سەرخەت و خەمێکی ئەم دیاردە ترسناکە بخۆن ( دیاردەی بڵاوبونەوەی بەرفراوانی جگەرە کێشان لەنێو منداڵان و هەرزەکاراندا).. ئەویش بە دەرکردنی یاسایەکی گونجاو بۆ ڕێگری و کەمکردنەوەی دیاردەکە + دانانی باجێکی زیاد لەسەر نرخی جگەرە و بەرزکردنەوەی نرخەکەی+ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی هۆشیاریی فراوان لەدژی جگەرەو نێرگەلەکێشان ، بەهەماهەنگی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن .. لەداهاتودا بەپشتیوانی خوا هەوڵ دەدەین ڕاپرسییەک لەمبارەوە لەنێوقوتابیاندا ئەنجام بدەین و ئەنجامەکەی بڵاو بکەینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار