سلێمانی و دهۆك؛ تەقینەوەی غازی شۆڤاژ 21 كەس دەكاتە قوربانی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا لەسلێمانی و دهۆك، بەهۆی تەقینەوەی غازەوە 21 كەس گیانیان لەدەستداو 43 كەسی دیكەش برینداربوون، هەردوو رووداوەكە كاردانەوەی زۆریان لێكەوتەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەكارهێنانی سیستەمەكە رابگیرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەڕووداوەكانی تەقینەوەی غازی لەسلێمانی و دهۆك كرد،  لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی راسپارد كەپێداچوونەوە بەهەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەكاردەهێنن بكەن و لێكۆڵینەوەی جیدی و ورد لەبارەی جۆری غازەكە و لایەنە جێبەجێكارەكان و هۆكارەكانی رووداوەكانی سلێمانی و دهۆك بكەن، تا دەركەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەكارهێنانی سیستەمەكە لەو شوێنانەی بەكاردەهێنرێت، رابگیرێت .

هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لەبارەی تەقینەوەكەی دهۆكەوە رایگەیاند: دووبارەبوونەوەی رووداوی تەقینەوەی غاز جێگەی نیگەرانی و مەترسیی جیدییە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین كات و بەجیدی لەسەر ئەو بابەتە رابوەستێت و چاودێرییەكی باشتری سیستەمی غازو چۆنیەتیی بەكارهێنانی بكات.

هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەریم رایگەیاند: هێشتا برینی كارەساتەكەی سلێمانیمان لەدڵەو بەداخەوە ئەمجارە كارەساتی تەقینەوەی غازی لەدهۆك هاتەسەر.

لەبارەی راگرتنی كاركردن بەسیستەمی غاز، جەوهەر عەلی، قایمقامی دهۆك دەڵێت: دوای رووداوەكەی دهۆك بڕیاردرا كاركردن بەسیستمی غاز رابگیرێت تاوەكو پێداچوونەوەی پێویست دەكرێت.

هاوكات رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: كۆمەڵێك بڕیار دەرچوون كە نابێت ئیتر ئەو سیستەمە بەكاربهێنرێت، دوای ئەوە لەو بڕیارانە ئاگادار دەكرێنەوە بزانین شێوازی راگرتنی چۆن دەبێت ئەوكات رێنمایی پێویست دەردەكرێت.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر-یش رایگەیاند: بەبڕیاری سەرۆكی حكومەت كاركردن بە سیستەمی غاز بەهەموو شێوەیەك راگیراوەو بۆ ئەوەش تیمەكانمان راسپاردووە ئاگاداری سەرجەم كۆمپانیاكان بكەنەوە كە نابێت سیستمی غاز بۆ هیچ كەسێك دابنێن.

سیستمی شۆفاژ كەئێستا لەهەرێمی كوردستان باوە بەشێوەیەكە كە شۆفاژەكە لەنێو ژوورەكانی ماڵەكەدا دادەنرێت و لەڕێگەی ئاوەوە گەرم دەبێت، ئاوەكەش لەڕێگەی دوو ئامێر كە بە سیستمی غازی (ئێڵ پی جی)یەوە بەستراونەتەوە گەرم دەبێت، واتە غاز راستەوخۆ لەنێو شۆفاژدا نییە، تانكی غازەكەش لەسەربانی ماڵەكە دادەنرێت، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان پێویستە بەكۆمەڵێك رێنمایی و مەرجی سەلامەتی دابنرێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەئێستادا زۆرێك لەو تانكی غازانە مەرجی سەلامەتییان نییە و لەكاتی تەقینەوەیان لەناو ماڵان و شوێنە گشتییەكان كارەساتی وەك ئەوەی سلێمانی و دهۆك دەخوڵقێنن.

زیاتر لە 18 ساڵە سیستەمی شۆفاژو غازی LPG لەهەرێمی كوردستان پەرەی پێدراوە، لەهەولێر 15 كۆمپانیاو لە سلێمانی 33 كۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە.

ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو 17-11-2022، بەهۆی تەقینەوەی غازی سیستمێكی شۆفاژ، خانوویەكی سێ نهۆمی لەسلێمانی رووخاو بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداو 11ی دیكە برینداربوون، هەروەها درەنگانی شەوی دووشەممە 21-11-2022 لەگەڕەكی گرێ باسێ لەبەشە ناوخۆییەكی زانكۆی دهۆك بەهۆی هەمان سیستمی غازی شۆفاژەوە تەقینەوە روویداو لەئاكامدا شەش كەس گیانیان لەدەستداو 32 كەسی دیكەش برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار