سلێمانی؛ زیاتر لە 100 خوێندكاری زانكۆو پەیمانگا دەستگیردەكرێن
ئەو خوێندكارانەی ئازاد دەكرێن بەڵێننامەیان پێ پڕدەكرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆو پەیمانگا لەسلێمانی لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە دەستگیردەكرێن، بەشێك لەخوێندكارانیش دەڵێن ئەوانەی ئازادكراون بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت بەدواداچوونمان بۆ خوێندكارە دەستگیركراوەكان كردووە.
د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران بەهاوڵاتی راگەیاند:»بەشێوەیەكی فەرمی ئاگادارنین چەند خوێندكار دەستگیركراون، ئەوەی هەیە بەشێك دەڵێن 104 خوێندكار لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون، بۆ ئەو مەبەستە رۆژی سێشەممە 22-11-2022 تیمێكی سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی كۆبووەتەوەو بۆ ئەوەی ناوو ژمارەی خوێندكاران بەدروستی وەربگرین و بزانین چۆن دەتوانین بەشێوەیەكی یاسایی ئازادیان بكەین».
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتیشی: «كار بۆ ئازادكردنی خوێندكاران دەكەین ئاگادارنین لەكوێ خوێندكارەكان دەستگیركراون، بەشێك دەڵێن لەناو حەرەمی زانكۆ دەستگیركراون، بەڵام لایەنی دیكە دەڵێن لەدەرەوەی زانكۆی سلێمانی دەستگیركراون».
لەبارەی دەرماڵەی خوێندكاران یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتی: «ئەوەی لەسەر ئێمەیە كردوومانە لەمانگی شەشەوە داوامانكردووە دەرماڵەی خوێندكاران بۆ ئەمساڵیش خەرج بكرێت، ئەنجومەنی وەزیرانیش بەنووسراو ئەو داوایەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردووەو ئەوانیش لاری نەبوونیان لەسەر بڕیارەكە داوە، دواتر نووسراوەكە گەڕاوەتەوە ئەنجومەنی وەزیران و ئێستا بڕیار لای ئەوانە».
لەبارەی دەوامكردنیش لەزانكۆی سلێمانی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران دەڵێت: «بەفەرمی دەوام هەیە، بەڵام بەواقعی خوێندكاران بەشێكی زۆریان ناگەڕێنەوە بۆ زانكۆ.»
دەستگیركردنی ئەو خوێندكارانە دوای ئەوە هات، هەفتەی رابردوو لەزانكۆكانی سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە خوێندكاران خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای خەرجكردنی دەرماڵەیان كرد.
هاوڵاتی بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر دەستگیركردنی ئەو خوێندكارانە پەیوەندی بە ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر دەستگیركردنی خوێندكاران قسەبكات.
هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەكاتی سەردانەكەدا هیوا ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە:» ئەو خوێندكارانە بەكەسوكاری خۆیان دەزانن و مامەڵەیەكی زۆر یاساییان لەگەڵدا كراوەو لەئەمڕۆوە بەپێی یاسا ئەو خوێندكارانە ئازاد دەكرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن».
بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی خوێندكارانی ناڕازی زانكۆی سلێمانی دەڵێت: 105 خوێندكار رۆژی دووشەممە 21-11-2022 لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراون، وتیشی: بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەین و رۆژی یەكشەمە جارێكی تر دەگەڕێینەوە شەقام.
هاوڵاتی بەدواداچوونی كرد بۆ دەستگیركردنی ئەو خوێندكارانە، بەوتەی چەند سەرچاوەیەك لەئاسایشی سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی، خوێندكارەكان لەچەند شوێنێكی جیاوازو بەشێكیان لەكاتی گەڕانەوەیان لەخۆپیشاندانەكانەوە بۆ ماڵەوە یاخود بۆ بەشە ناوخۆییەكانیان دەستگیركراون، هاوكات دوو مامۆستای زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی پشتڕاستیان كردەوە كە دەیان خوێندكار دەستگیركراون و ئاگاداری كەسوكاری بەشێك لەو خوێندكارانەیان كردووەتەوە.
بەوتەی چەند خوێندكارێكی زانكۆ كە بۆ هاوڵاتی قسەیانكردووە، ئەو خوێندكارانەی ئازادكراون لەئاسایشی سلێمانی بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە كە جارێكی دیكە بەشداری خۆپیشاندان نەكەن.
هاوكات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: دوای بەدواداچونمان لەگەڵ ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڕیارە دوای تەواوبونی رێكارە یاساییەكان خوێندكارە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن.