سەرۆك وەزیری بەمەرجی بێهێزی: مەهزەلەی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران لەعێراقدا

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

دوای ساڵێك لەململانێی توند، دواجار بەرەی هەماهەنگی گرەوەكەیان بردەوەو محەمەد شیاع سودانی وەك سەرۆك وەزیر دەستبەكاربوو. ئەوەی بەسەر چاودێراندا تێپەڕی ئەوەبوو كە سودانی بەیەك كورسی پەرلەمانییەوە بووە سەرەك وەزیری عێراق. ئەو سەرۆكی رەوتی ئەلفوراتەین بوو كە لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠٢١دا تەنها یەك كورسی بەدەستهێنا. دوای كشانەوەی سەدرییەكان و دابەشكردنەوەی كورسییەكانی، دوو كاندیدی تری فوراتەین گەیشتنە پەرلەمان. بەواتایەكی تر، ئێستا عێراق سەرۆك وەزیرانێكی هەیە كە لەبنەڕەتدا حزبەكەی تەنها خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانییە. ئەوەی چاودێرانی لەم پرسەدا بەلاڕێدا بردووە ئەوەیە، سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بووەو بەدەنگ و پشتیوانی ئەوانیش بووەتە سەرۆك وەزیران. بەڵام لەبنەڕەتدا سودانی نە یاریكەری ناو گۆڕەپانی سیاسی هێزە شیعییەكان بوو و نە بەپێوانەو رێسا دیموكراتییەكانیش موئەهەل بووە بۆ ئەو پۆستە. لەناو هێزە شیعییەكاندا سەدر بە ٧٣ كورسی براوەی سەرەكی هەڵبژاردنەكان بوو و مالیكی بە ٣٣ كورسی و عامریش بە ١٧ كورسی ركابەری سەرەكی سەدر بوون و لەكەسایەتییە ناسراوەكانی تریش هەریەك لەعامری و فالح فەیاز چوار كورسییان مسۆگەر كردبوو. سەدر بەناوی حكومەتی زۆرینە دەیویست ركابەرە شیعییەكانی لەحكومەت بێبەش بكات و ئەو هێزانەش نە بەدەرەنجامەكانی هەڵبژاردن رازیبوون و نە بەدوورخستنەوەیان لەدەسەڵات.

ئەزموونی عێراق لەسەد ساڵی رابردوودا پیشانی داوە كەهیچ هێزێكی سیاسی لەدەرەوەی حكومەت و دەسەڵات توانای مانەوەو بەردەوامبوونی نەبووەو سەرەنجام هەموو ئەوانەی كەوتوونەتە دەرەوەی دەسەڵاتەوە پووكاونەتەوەو لەناوچوون. نزیكترین نموونەش هاوپەیمانی تەوافوقی ئەیاد عەلاوییە. ئەو توانی لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٠دا وەك هێزی یەكەم زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و ٢٠١٠دا بە ٩١ كورسییەوە هێزی یەكەم بوو. بەڵام نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت، سەرەنجام هاوپەیمانێتییەكەی پووكایەوە لەهەبژاردنەكانی ٢٠٢١دا بەتەواوی لەنەخشەی سیاسی عێراقی وەدەرنرا. ئەم ئەزموونە دۆخێكی لەعێراق بەرهەمهێناوە كەململانێ لەپێناو دەسەڵاتدا هاوتای ململانێ لەپێناو مانەوەدا بێت. ئامانجی سەدریش لەحكومەتی زۆرینەدا  لەو چوارچێوەیەداو بەئامانجی لەناوبردنی ئەوانی تر لێكدەدرایەوە. ئەمەش هێزە شیعییە تەقلیدییە ناكۆكەكانی لەبەرەیەكدا، كەچوارچێوەی هەماهەنگییە، كۆكردەوە. سودانی لەو پرۆسەیەدا ‹هیچ مەحەلێكی لەئیعڕابدا نەبوو»، نە ئەو ژمارەیە بوو و نە ئەو هێزەو نە ئەو كەسایەتییەش، جگەلەوەی لەڕیزبەندی كەس و لایەنە بچكۆلەكاندا سودانی بەكورسییەكەوە بەلای هەماهەنگیدا كەوت.

سەدر بەر لەكشانەوەی لەپەرلەمان و پرۆسەی سیاسیدا، توانی هێڵە سوورەكانی خۆی دەرهەق بەمالیكی و كەسایەتییە دیارەكانی شیعەدا بسەپێنێت و بەڕادەیەك ئێسقانەكانی مالیكی و ركابەرەكانی تری شكاند كە بڕشتی ئەوەیان نەبێت داوای پۆستی سەرەك وەزیری بكەن. چوارچێوەی هەماهەنگیش پێویستیان بەدڵنیاكردنەوەی سەدر هەبوو لەوەی بەكشانەوەی لەپەرلەمان تووشی هەمان چارەنووسی عەلاوی و هێزە سیاسییاكانی تر نایەت و لەنەخشەی سیاسیدا ناسڕێتەوە. لێرەوە، كەسایەتییەكی لاوازی بێ پێگەی حزبی و جەماوەری دەبێتە ئەلتەرناتیڤێكی ناچاری. سودانی ئەو كەسایەتییە لاوازەو ئەو كەسە بێ پێگە و رێگەیە بوو كەدەیتوانی ئەو رۆڵە ببینێت. هەڵبەت، سودانی یەكەم كەسایەتی لاواز و بێ پێگە و رێگەی شیعی نییە ئەم رۆڵەی پێ ببینن. سەرجەم سەرۆك وەزیرە شیعییەكانی دوای ٢٠٠٣ لەچوارچێوەی هەمان یاساو رێسادا هەڵبژێردراون، هەر لەجەعفەری و مالیكی و عەبادی و عەبدولمەهدی و كازمی  تادەگاتە سودانی خۆی.

رەنگە وەك حزب و پێگەی حزبی جەعفەری بەهێزترینی سەرجەم ئەو سەرۆك وەزیرانە بووبێت كە ئاماژەم پێدان. بەڵام مەهزەلەكە لەهەڵبژاردنی جەعفەری بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە دەستپێدەكات و ئەزموونەكە یەكەم جار لەسەر ئەو تاقیكرایەوە. ئەو سەرۆكی حزبی دەعوە بوو كە یەكێك بوو لەو پێنج حزبە شیعییەی كە لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠٠٥دا هاوپەیمانی یەكگرتووییان لەدژی هاوپەیمانی تەوافوقی عەلاوی پێكهێنا. لەهاوپەیمانێتییەكەدا ئەنجومەنی باڵای عەبدولعەزیز ئەلحەكیم بە ٣٦ كورسی یەكەم و سەدرییەكان بە ٢٩ كورسی دووەم و حزبی فەزیلە بە ١٥ كورسی سێیەم و دەعوەش تەنها ١٣ كورسی بەدەستهێنابوو چوارەم و رێكخراوی عێراقی حزبی دەعوەش بە ١٢ كورسی پێنجەم بوو. لەم هاوپەیمانێتییەدا، كە زەواجی ناچاری و بۆ رێگرتن لە بەدەسەڵات گەیشتنی عەلاوی بوو، ئەلحەكیم و سەدر لەململانێیەكی قووڵدابوون و هیچكامیان رازی نەدەبوون حزبەكەی ئەوی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت و وەك چارەسەری مامناوەندی دەبوایە لەسەر كەسێكی تر لەدەرەوەی حزبەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بگەڕێن. لۆژیكێكی دیاریكردنی كەسەكە ئەوەبو كە نە حزبەكەی هێندە بەهێزو نەخۆیشی هێندە كەسایەتییەكی جەماوەری نەبێت كە ببنە هەڕەشە لەسەر ئەوان. لۆژیكێكی تریش ئەوەبوو دیاریكردنی كەسایەتییەكی لاواز و خاوەن حزبێكی لاواز بۆ پۆستەكە وایدەكرد كە كەسایەتییەكە بۆ بەردەوامبوونی لەپۆستەكەیداو راییكردنی كارەكانی پشت بەئەنجوومەن و سەدرییەكان ببەستێت و ناچاری پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان بێت. دیاریكردنی جەحفەری بۆ پۆستی سەرەك وەزیران لەسەر ئەو بنەمایە بوو، هەم دەعوە شەریكە بچكۆلەی ناو هاوپەیمانێتییەكە بوو و هەم جەعفەریش لەدەرەوەی دەعوە كەسایەتییەكی جەماوەری نەبوو. ئەم دوو لۆژیكەی سەرەوە دواتر بوونە پێوانە بۆ دانانی سەرجەم سەرۆك وەزیرەكانی عێراق، هەر لەجەعفەرییەوە تا سودانی.

هەر ئەو هێزو لایەنانەی بەهۆی لاوازی پێگەی حزبەكەیەوە جەعفەرییان بۆ پۆستی سەرەك وەزیران هەڵبژارد، دوای ساڵێك، لە بەهێزبوونی پێگەی جەعفەری و حزبەكەیدا، گەلەكۆمەكێیان دژی جەعفەری كردو پۆستەكەیان لێسەندەوە، لەبری ئەو، ئەو پۆستەیان دایە مالیكی. هەموو ئەو مەواسەفاتانەی هەبوو، كە هێزە سەرەكییە شیعییەكان دەیانویست لەو كەسەدا هەبێت كە دوای جەعفەری دەبێتە سەرۆك وەزیر. مالیكیش وەك جەعفەری سەر بەحزبی دەعوە بوو، بەڵام كەسی یەكەم تەنانەت دووەمی حزبەكەشی نەبوو. دیبلۆمات و چاودێرە سیاسییەكانی ئەوێ رۆژێی زۆنی سەوز كە ئاگاداری كارو چالاكییەكانی مالیكی بوون بەڕاشكاوی باسیان لەو كەسایەتی و پێگە لاوازەی مالیكی دەكرد.

مالیكی لەجەعفەری زیاتر بەخت یاوەری بوو و بواری ئەوەی بۆ رەخسا لەپۆستەكەی بەردەوام بێت و ئیستیغلالی پۆستەكەشی بكات بۆ قاییمكردنی پێگەی سیاسی خۆی لەناو حزبی دەعوەداو بەڕادەیەك جەعفەری وەلاناو خۆی بووە سكرتێرو دواتریش هەلی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، بەناوی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بۆ رەخسا. ئەوەی ئەم هەلانەی بۆ مالیكی رەخساند مردنی عەبدولعەزیز ئەلحەكیم و لاوازبوونی ئەنجومەنەكەی و  دەرگیری  چەكداری سەدرییەكان بوو لەگەڵ ئەمریكییەكان و هێزە ئەمریكییەكان و شەڕی مەزهەبیش لەگەڵ سوننەكان. سەرەنجام، بەپاشەكشەی دوو جەمسەرە شیعییەكە، ئەلحەكیم و سەدر، بۆشاییەكی سیاسی هەلێكی زێڕینی بۆ مالیكی رەخساندو هاوپەیمانێتییەكەی بە 89 كورسییەوە بووە هێزی یەكەمی ناو شیعەكان و مافی سەرۆك وەزیرانی بۆ خۆی مسۆگەر كرد.

مالیكی تا ٢٠١٤ توانی لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. جەمسەرە شیعییەكانی تری دەرەوەی دەوڵەتی یاساكەی مالیكی لەو ماوەیەدا توانییان خۆیان كۆبكەنەوەو بەدوای كاندیدێكی تری لاوازدا بگەڕێن و مالیكی پەراوێزبخەن. ئەو كاندیدە حەیدەر عەبادی بوو. لادانی مالیكی و هێنانی عەبادی نە دەرەنجامی هەڵبژاردن و نە ململانێ  ناوخۆكانی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا یان خواستی مالیكی بوو، بەڵكو لەسەر هەمان بنەمای ئەو دوو لۆژیكە بوو كە بووەهۆی دیاریكردن و لابردنی جەعفەری و هێنانی مالیكی. هاوشێوەی مالیكی سەردەمی پێش سەرۆك وەزیری، عەبادی تەنها ئەندامی سەركردایەتی حزبی دەعوە بوو، كە ئەوسا شەریكە بچكۆلەكەی ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیكی بوو. شەڕی داعش و داگیركردنەوەی نیوەی خاكی كوردستان لەسەردەمی عەبادیدا سەرمایەی گەورەبوون و هەلی دامەزراندنی هاوپەیمانێتی نەسری بۆ عەبادی رەخساندو ئەویش هەمان رێچكەی مالیكی بۆ ئیستیغلالكردنی پۆستەكەی بۆ پێگەكەی خۆی گرتەبەرو لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠١٨دا هاوپەیمانێتی ئەلنەسری دامەزراند.

عەبادی بە ٤٢ كورسییەوە چیتر عەبادییە لاوازەكەی جاران نەبوو و لەوە بەهێزتر بوو جارێكی تر رێگەی پێبدرێتەوە حكومەت پێكبهێنێت. ئەمجارە، شیعەكان سێ بەرەی بەهێز بوون، سەدرو عامری و عەبادی. ئەوان دەبوایە لەدەرەوەی ئەم سێ بەرەیەدا بەدوای كەسایەتییەكی تری بێ سێبەرو بێ پشتیوان و بێ حزبدا بگەڕێن. بازەكە لەسەر شانی عادل عەبدولمەهدی نیشتەوە. ئەو لەسەر رەوتی حیكمەی عەمار ئەلحەكیم حیساب بوو كە رەوتێكی بچكۆلەی ناو شیعەكان بوو. بەڵام لەئەساسدا هیچ پابەندییەكی بەو رەوتەوە نەمابوو و كەسایەتییەكی لاكەوتە و بێ كاریگەر بوو. ئەم لاوازییانەش ئەوی كردبووە باشترین كاندید بۆ پۆستەكە. ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی عێراق و سەركوتی خوێناوییان بەكارەسات بۆ عەبدولمەهدی شكایەوە و لەئایاری ٢٠٢٠دا كەسایەتییەكی لەخۆی لاوازترو بێ پشتیوانتر خرایە جێگاكەی، ئەویش كازمی بوو. پێدەچێت لەكاتی دانانی عەبدولمەهدی و كازمیدا هێزە سەرەكییە شیعەكان ئەزموونێكی باشیان وەرگرتبێت و گەیشتبنە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كەسایەتییەی دەبێتە سەرۆك وەزیران نابێت حزبی هەبێت، یان ئەگەر حزبیشی هەبێت، بە نەبوو حیساب بێت. ئەم لۆژیكە، كە دەكرێت بەلۆژیكی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیری شیعەكان دابنرێت، بەسەر هەرسێك لەعەبدولمەهدی و كازمی و سودانیدا تەدبیق دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار