دهۆك: 25 هەزار تۆن بەشەخۆراكی هاووڵاتیان لەكۆگاكاندا دەمێنێتەوە

هاووڵاتییەك: ئەو خۆراكەی وەریدەگرم نازانم هی چ مانگێكە

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

25 هەزار تۆن بەشەخۆراكی هاووڵاتیان لەكۆگاكاندا دەمێننەوە، هۆكاری سەرەكی مانەوەی ئەم خۆراكانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دابەشكردنی خۆراكی هەموو پارێزگاكە دراوە بەیەك كۆمپانیاو هەروەها كەمی ئەو بارهەڵگرانەی كە بەشی خۆراكی مانگانە دەگۆزانەوە بۆ قەزاو ناحیەو گوندەكان هۆكارێكی تری مانەوەی ئەو خۆراكانەیە، هاووڵاتیەك دەڵێت:»كە خۆراك وەردەگرم نازانم هی چی مانگێكە كەپرسیار دەكەم پێم دەڵێن شەكر هی فڵان مانگە، زەیت و برنج هی مانگی پێشووە، فاسۆلیا و نۆك هی ئەم مانگەیە حكومەت وایلێكردووە  خەڵك سەری لێتێكچووە».

ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە رۆژی 17ی ئەم مانگە دانیشتنێكی یاسایی لەسەر خۆراكی هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدا، دوای گفتۆگویەكی زۆر لەسەر پرسەكە بەكۆی دەنگ بڕیاردا لەماوەی مانگێكدا پێویستە  ئەو خۆراكە بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكرێت.

لەناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ بەدواداچوونی خۆراكی هاووڵاتیان پێكهێنا، لیژنەكە لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد؛ كە  22 هەزار و429 تۆن و96 كێلو خۆراك لەكۆگاكاندا ماون و دابەشنەكراون، لەگەڵ سێ هەزار و813 تۆن بەشەخۆراكی ئاوارەكان لەكۆگاكان ماوەو دابەشنەكراون.

جۆر و بڕی خۆراكەكان بەم شێوەیەیە،3511 هەزار تۆن و 964 كیلۆ شەكر، هەزار و818 تۆن و89 كێلوی زەیت، دوو  هەزارو443 تۆن و666 كێلو لەتكەنۆك، هەزار و943 تۆن و 306 كێلو دۆشاوی تەماتە،حەوت هەزارو 948  تۆن و 756 كیلۆ برنج،87 تۆن و542 كیلۆ فاسۆلیا، هەزار و676 تۆن و637 كێلو نیسك.

ئیدریس هەركی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» پێش چەند رۆژێك ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی تایبەت بەكێشەی خۆراكی هاووڵاتیانی پێكهێنابوو، دوای بەدواداچوون دەركەوت كەزیاتر لە25 هەزار تۆن بەشە خۆراكی هاووڵاتیان لەكۆگاكاندان  و دابەشنەكراون، دوای گفتۆگۆیەكی زۆر لەسەر بابەتەكە، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بڕیاریدا ماوەی مانگێك مۆڵەت بدات بە بەڕێوەبەرایەتی كۆگاكان و لایەنی پەیوندیدار كە دەبێت لەماوەی مانگێگدا ئەو خۆراكانە دابەش بكرێن، هەروەها داواشیكردووە بەڵێندەرانی دابەشكردنی خۆراك زیادبكرێن «.

لەبارەی هۆكاری مانەوەی ئەو خۆراكانە، ئدریس هەركی وتی:» بەپێی ئەو بەدواداچوونەی جڤاتی پارێزگای دهۆك كردویەتی هۆكارەكە بۆ بەڵێندەر دەگەڕێتەوە  لەسنوری پارێزگای دهۆك هەمووی یەك بەڵێندەر هەیە، ئەوەش بەهیچ شێوەیەك نابێت، لەهەولێر پێنج بەڵێندەر هەن بەلایەنی كەمی بۆ دهۆك پێویستە سێ بۆ چوار بەڵێندەری هەبێت، هەروەها كەمی ئەو بارهەڵگرانەی كە بەشی خۆراكی مانگانە دەگۆزانەوە بۆ قەزاو ناحیەو گوندەكان، دوای سێ رۆژ لەدەركردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندامێكی جڤاتی پارێزگا لەگەڵ قایمقامی دهۆك و بەڕێوەبەری كۆگاكانی دهۆك كوبوونەوەیان كرد، هەموو هەوڵێك دەدەین كە ئەو خۆراكانە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت، هەروەها بەدواداچوونەكانیشمان بەردەوام دەبێت تاجارێكی تر خۆراك بەم شێوەیە دوانەكەوێت، چونكە ئەمە سادەترین مافی هاووڵاتیانە كە خۆراك لەكاتی خویدا وەربگرێت».

دیوالی كەریم، دانیشتووی شاری دهۆكە لەبارەی دواكەوتنی بەشەخۆراك بەهاوڵاتی وت: « كە خۆراك وەردەگرم نازانم هی چی مانگێكە، كەپرسیار دەكەم پێم دەڵێن شەكر هی فڵان مانگە، زەیت و برنج هی مانگی پێشووە، فاسۆلیا و نۆك هی ئەم مانگەیە حكومەت وایلێكردووە  خەڵك سەری لێتێكچووە دوای چەند هەفتەیەك یان 10رۆژ دەڵێن فلانە شت هاتووە، پێش چەند ساڵێك لەسەرەتای مانگ هەموو شت پێكەوە وەرماندەگرت ئێستا كەس لێی نازانێت».

«دواكەوتنی دابەشكردنی خۆراك پلانێكی لەپشتەوەیە، ئەوەش لەبەرژەوەندی بازرگانەكانە تا شتەكانی خۆیان هەر بەگرانی بفرۆشن، لەم نێوانەشدا تەنها خەڵك بووەتە قوربانی».

سەبارەت بەو پرسە ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری تەكنیكی بەهاوڵاتی وت: «دابەشكردنی خۆراكی بایەعی یەك خولەكیش رانەگیراوە، بەڵام زۆر جار بڕێكی زۆر لەخۆراك لەپارێزگاكانی عیراق دەگاتە دهۆك فشارێكی زۆر لەسەر بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی خۆراك دروست دەبێت و ئەوانیش ناتوانن هەمووی لەیەك كاتدا دابەش بكەن، هەماهەنگیەكی باش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان»

لەبارەی زیادكرنی بەڵێندەرێكی تر بۆ دابەشكردنی خۆراكی هاووڵاتیان، ماجد سەید ساڵح دەڵێت:»لە2022 تەنها یەك بەڵێندەر گرێبەستی لەگەڵ عێراق كردووە تا ساڵی داهاتوو ناتوانین هیچ بەڵێندەرێكی تر زیاد بكەین، لە پلانماندایە بۆ ساڵی ئاییندە بەلایەنی كەمی دوو بەڵێندەری تر زیاد بكەین، دوای راپۆرتەكەی ئەنجومەنی پارێزگا تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە كە دەبێت خێراتر خۆراك دابەش بكرێت».

جەوهەر عەزیز، قایمقامی قەزای دهۆك بە هاوڵاتی  وت «ئاگاداری ئەو كێشەیەین، بەنووسراو ئیدارەی پارێزگای دهۆكمان ئاگاداركردووە كەدەبێت ئەو خۆراكەی لەكۆگاكاندایە دابەشبكرێت، 21ی تشرینی دووەم كۆبوونەوەمان كردو لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆگاكان و جفاتی پارێزگای دهۆك، داوامان كردووە كەدەبێت ئەو ماوەیەی كەجفاتی پارێزگای دهۆك دەستنیشانكردووە ئەو خۆراكە دابەشبكرێت، هەرچیەكی كردبێت دەبێت بەڵێندەرو بەڕێوەبەری كۆگاكان پابەندی بڕیارەكەی جفاتی پارێزگای دهۆك بێت».

وتیشی»زۆر جار هاووڵاتیانیش هاوكارنین، بەنموونە شەكرو برنجی دوو مانگ بەسەریەكەوە دێت هاووڵاتیان سەردانی بریكارەكانی خۆیان ناكەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراكی خۆیان، لەم حاڵەتەدا بریكارەكە ناتوانێت خۆراكی مانگێكی تر وەربگرێت، چونكە شوێن نیە لێی دابنێت، دەبێت بۆ ئەوەش رێكخستنێك بكرێت و ماوەیەك بۆ هاووڵاتیان دەستنیشان بكرێت كە لەو ماوەیە سەردانی بریكارەكانی خۆیان بكەن، پشتگیری تەواو لە راپۆڕتەكەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەكەین و خەڵكی خۆمان دڵنیادەكەینەوە كەئەو خۆراكەی دابەشنەكراوە لەكاتێكی نزیكدا هەمووی دابەشدەكرێت».

هاوكات نیهاد حەسەن، بەڕێوەبەری كۆگاكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بەهاوڵاتی وت:»لە7و 8ی ئەم مانگە سەرووی 76 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەشاری ئوم قەسر و بەسڕە گەیشتوونەتە دهۆك، لەماوەی 10رۆژێكدا باری هەموو بارهەڵگرەكانمان داناوە، هەندێكجار ئەوەش بۆ ئێمە دەبێتە كێشەو ناتوانین یەكسەر باری ئۆتۆمبێلەكان خاڵی بكەین، چونكە كۆگاكان پڕدەبن شوێن نیە لێی دابنێن، لەلایەكی تر پێویستمان بەدروستكردنی چەند كۆگایەكی ترە»، وتیشی»ئەوەی لەسەرشانمانە وەكو وەرگرتنی خۆراك لەبارهەڵگرەكان و چۆنیەتی دابەشكردنی بەزیادیشەوە كردوومانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار