یادی نەوەد ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی ئیخوان موسلمین

7 ساڵ لەمەوپێش



یادی نەوەد ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی ئیخوان موسلمین

(٢٨ -٣-١٩٢٨ بۆ ٢٨-٣-٢٠١٨)

شوان ئەحمەد

نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەو چارەكەی یەكەمی سەدەی بیستەم، بۆ وڵاتانی جیهانی ئیسلامی قۆناغێكی پڕ روداو و گۆڕانكاری بوو. گۆڕانكاری و روداو گەلێك كە كاریگەری و شوێندەستیان لەسەر كایە جیاجیاكانی قۆناغەكانی دواتر بە ئاشكرا دیارە.

ئەو سەردەم و رۆژگارە چەند بە زەقی نیشانەكانی هەڵكشان و پەلهاویشتن و كرانەوەو قەڵەمبازی ژیاری خۆرئاوای پێوە دیارە، هێندەش نیشانی دەدات دەسەڵاتی موسڵمانان، دەسەڵاتێك كە خەلافەتی عوسمانی لە ئەستانە نوێنەرایەتی دەكرد، لە چ دۆخێكی شلۆقی و داتەپین و داكشاندا بووە.

كۆلۆنیالیزەكردنی وڵاتانی ئیسلامی و بەشكردنی میراتی پیاوە نەخۆشەكە لە نێوان بەریتانیاو فەرەنسادا، سەرەتای قۆناغێكی تازە بوو لە ناوچەكەدا. لەگەڵ لەشكركێشی فەرەنساییەكان بۆ سەر وڵاتی میسر، ئەو دەستەبژێرە خوێنەوارەی لەو وڵاتەدابوون، لە كەلێنی گەورەی نێوان خۆیان و شارستانیەتی ئەوروپیەكان حاڵی بوون.

لە خەونی غەفڵەت زەدەیی دورو درێژی خۆیان بە خەبەرهاتن و پرسیار گەلێكی لە وێنەی (چی بۆتە مایەی داكەوتویی و چەقبەستنی ئێمەو پێشكەوتن و قەڵەمبازی گەورەی ئەوان؟)، بەرۆكی بە زۆرێك لەو خوێندەوارە منەوەرانەی ئەزهەر گرت. لە دەرەوەی ئەزهەرو بازنەی ئایینی و لە بەراییەكانی سەدەی بیستەمدا، تەوژمێكی بەهێزی خۆرئاواخوازی و لیبرالیزم و نوێبونەوە، میسرو وڵاتانی دیكەی ناوچەكەی گرتەوە.

 

لەقبونی پایەكانی نەریتخوازی و پاشەكشەی هێزە كۆنەخوازەكان، سیمایەكی دیكەی ئەم قۆناغە بوو. لەگەڵ ئەوانەشدا داڕمانی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی لە ساڵی 1924دا، ئاماژەیەكی رون و رەوان بوو بۆ كۆتایهاتنی سەردەمێك و دەستپێكردنی قۆناغێكی تازە.

لەناو ماجەرای ئەو گۆڕانكاری و هەلومەرجە تازەیەداو چوار ساڵ دوای كۆتایهاتنی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی، لە شاری ئیسماعیلیەو لە ساڵی 1928 "شێخ حەسەن بەننا"، بەردی بناغەی یەكەم رێكخراوی ئیسلامی سیاسی بەناوی (ئیخوان موسلمین) دانا.

هەنوكە نەوەد ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو رێكخراوەدا تێدەپەڕێت، كە بە لانكی تەواوی گروهەكانی ئیسلامی سیاسی دادەنرێت لە جیهاندا. ئەمڕۆكە هەرچی گروپی ئیسلامی سیاسی هەیە لە دنیادا، یان درێژكراوەی ئیخوان موسلمینە، یاخود وەك پەرچەكدارێك لە بەرامبەر ئیخواندا دروست بووە.

راستە ئیخوان بەو مێژووە درێژەو بەو ئەزموونە زۆرەیەوە، تا ئێستا نەیتوانیوە دەسەڵاتی حوكمڕانی لە وڵاتی میسردا بگرێتە دەست(جگە لەو ماوە کورت خایەنەی بەهاری عەرەبی)، بەڵام توانیویەتی لە زۆر رووەوە كاریگەری جێ‌ بهێڵێت و دەسكاری زۆر بنەماو جومگەی گرنگی كایەی كۆمەڵایەتی و كلتوری و ئابوری و رۆشنبیریی بكات، چ لە میسرو چ لە وڵاتانی دیكەی ئیسلامیدا.

ئیخوان یان بڵێین كەسایەتی "حەسەن بەننا"، سەرەتا لەسەر ئەو میراتیە فیكریە خۆیان پێگەیاند كە سەلەفیەكی وەك شێخ "رەشید رەزا" لە گۆڤاری (المنار)دا دەینوسی. "رەشید رەزا" جیاواز لە "تەهتاوی"و "ئەفغانی"و "محەمەد عەبدە"، پێیوابوو ریفۆرم و گۆڕانی سیاسی بە تەبەنیكردنی دەسكەوتە ژیاریەكانی خۆرئاواو كرانەوە بەسەر دنیای تازەدا ناكرێت، بەڵكو لای ئەو راستە رێگای هەستانەوەو دووبارە تێهەڵچونەوە، لەڕێی گەڕانەوەی بێقەیدو مەرج بۆ كلتوری ئیسلامی و زیندوكردنەوەی خەلافەتی ئیسلامیەوە، دەستەبەردە بوو.

ئەم تێزەیە ئەگەرچی لە روكاردا ساكارو سادە دێتە بەرچاو، بەڵام لە ناوەڕۆكداو (لەو كاتەوەی ئیخوان دەیكاتە بەرنامەو بە عەمەلی كاری بۆ دەكات)، ئاسەواری زۆر خراپ و دژوار لەدوای خۆی جێدێڵێت. یەكەمین ئاسەواری خراپیش بەرگرتن و شكست پێهێنانی ئەو پرۆژەی رێنیسانسە تەمەن كورتە بوو، كە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە سەرەتاكانی دەركەوتبوو.

ئیخوان لە قۆناغەكانی سەرەتایداو تا ساتەوەختی شۆڕشی یۆلیۆ، پەیوەندی كۆنكرێتیان لەگەڵ كۆشكی شاهانەو حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی وابەستەی كۆلۆنیالیزمی بەریتانی لە میسردا هەبوو، لە ماوەی ئەو بیست و چوار ساڵەشدا، توانیان زۆر شێلگیرانە دەسكاری خەریتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای میسری بكەن و ببنە رێگرێكی گەورەی بەردەم كرانەوەو ئەو پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنەی، لەو وڵاتەدا هێدی هێدی دەستی پێكردبوو.

لەباربردنی خەونی نوێبونەوەو بەگژا چونەوەی ئەو پەراوێزی ئازادی و لیبرالیزمەی هاتبووە ئارا، بەرنامەی سەرەكی كاركردنی ئیخوانەكان بوو لەو ماوەیەدا.

لە راستیدا نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم، وڵاتێكی وەك میسر جێگەی "قاسم ئەمین"و "شبلی شومێل" و "فەرەح ئەنتوان" و "تەها حوسێن"ە، وڵاتی مشتومڕە گەرمەكانی مافی ژنان و تیۆریە زانستیەكانی "چارلز دارون" و تێزە فیكریەكانی "دیكارت" و ماتریالیزمی دیالەكتیكی و... هتد، بەڵام ئەوەی ئاڕاستەی ئەم روداوانە دەگۆڕێت و ئەم مۆدێلە مۆدێرنە بە مۆدێلێكی ئسوڵی و نەریتخواز پارسەنگ دەداتەوە، ئەوە ئیخوان و هەوادارانی "حەسەن بەننا"ن.

ئیخوان لەم قۆناغەدا سەرقاڵی چاندنی ترس و دڵەڕاوكێ‌ و بەدگومانین لە ناخی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدا، بەرامبەر هەموو ئەو تەوژم و رێچكاو رێبازە فیكری و ژیاریانەی باس لە گۆڕان و تازەبوونەوە دەكەن و كۆی ئەم شتانە بە پلانی ئیمپریالیزم و كۆلۆنیالیزمی خۆرئاوایی دەدەنە قەڵەم، بۆ لەناوبردن و شێواندنی كلتوری خۆرهەڵاتی و بنەماكانی ئایینی ئیسلام.

ئەو شەڕە ئایدیۆلۆژیەی ئیخوان لەو رۆژگارەدا دەستی دەداتێ‌، دەگاتە ئاستی بە شەیتانكردنی خۆرئاواو ناوزڕاندن و برینداركردنی تێكڕای ئەوانەی دنیابینی تازەو خەونی نوێبونەوەیان هەیە.

ئەگەر لە قۆناغی یەكەمدا كە قۆناغی بەر لە پەرپابوونی شۆڕشی یۆلیۆیە، ئیخوان زیاتر لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و كلتوری و ئایدیۆلۆژی كاریان كردبێت، ئەوا لە قۆناغی دوای ئەوەدا تەماحی گرتنەدەستی دەسەڵاتیشی دێتەسەر. بۆیە دەكرێت ماوەی نێوان ساڵانی 1952 بۆ 1970، واتە لەسەر وەختی سەركەوتنی شۆڕشی یۆلیۆوە تا مردنی "جەمال عەبدولناسر" كەلە 28 ئەیلولی 1970دا ژیان جێدێڵێت، بە سەردەم و رۆژگاری شەڕی خوێناوی ئیخوان لەپێناو گەیشتن بە كورسی حوكمڕانیدا ناودێر بكەین.

ئیخوان لە ماوەی هەژدە ساڵەی حوكمڕانی "عەبدولناسر"دا، نۆ جاران هەوڵی تیرۆركردنی دەدەن و شەڕی گەورەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتدا، لەسەر ئەوە دەبێت كە كۆتایی بە ژیانی سەركردەیەكی كاریزمی وەك "عەبدولناسر" بهێنن. ئەگەر لە قۆناغی بەر لە شۆإشی یۆلیۆدا، ئیخوانەكان كۆمەڵگەی میسریان بەرەو داخرانی كۆمەڵایەتی زیاترو زۆرتر بردبێت، ئەوا لە سەردەمی دواتردا دەسەڵاتی سیاسیان بەرەو داخران و تاكڕەوی برد.

ئەو نەفەسە شەڕانگێزەی لە سەرەتای ساڵی 1952 ئیخوان پێی هاتە پێش، كەشێكی هێندە گرژو نائارامی خوڵقاند كەتا هاتنە سەركاری "ئەنوەر سادات"، هەموو جۆرە ریفورم و بەخۆدا چونەوەیەكی لەناو ئەفسەرانی ئازادیخوازدا كوشت و دەرگایان لە هەموو گۆڕانكاریەك (ئەگەر بچوكیش بێت) داخست. ئەو ململانێ‌ سەخت و خوێناویەی ئەو ساڵانە میسری گرتەوە، نەوەیەكی پەڕگیرو توندڕەوی وەهای دروست كرد كە تا هەنوكەش میسریەكان و وڵاتانی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیش باجی دەدەن.

ئیخوان لە مێژوی خوێناوی خۆیدا كەسانی زۆری وەك: "عەبدولڕەحمان سندی" و "هنداوی دوێر" و "مەحمود عەبدولەتیف" و "عەبدولقادر عۆدە"ی دروستكرد، بەڵام دواترو لە سایەی تێزەو تیورەكانی "سەید قوتب"دا، ئەم دۆخە دەگاتە ئاستێكی زۆر ترسناك و موجاهید گەلێكی دیكەی وەك: "عەتا تایل" و "محەمەد عەبدولسەلام فەرەج" و "خالد ئیسلامبولی" و "عەبود زمر" و "محەمەد عەتا"، بەرهەم دەهێنێت.

راستە لەدوای "سەید قوتب" و لە سێدارەدانی ئەم تیۆرسینە توندڕەوەوە، ئیخوان دوچاری پەرت بونێكی گەورە دەبێت چ لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژی و چ لەسەر ئاستی رێكخراوەیی، بەڵام ئەمە هەرگیز ئەو راستیەمان لێ ناشارێتەوە كە نەریتی غافڵكوژی و تیرۆرو تەكفیركردن و ئافەرۆزكردنی بەرامبەر، نەخشەدارێژەری ئیخوان و دەزگا نهێنیەكەیەتی ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن، درێژەی پێدەدەن و تیۆریزەی دەكەن و بە شێوەیەكی سستماتیزەكراوتر پراكتیزەی دەكەن.

واتە ئەوەی لەدەست موجاهیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و رێكخراوی جیهادو گروپی تەكفیرو هیجرەو خۆكوژەكانی قاعیدەو تەنانەت تەوحیدو جیهادی "زەرقاوی" داعشیش دەقەومێت، رەگ و ریشەو سەرەتاكانی لای ئیخوانە.

كەس ناتوانێت حاشا لەو راستیە بكات كە دروستكردنی دەزگا نهێنی و تایبەتیەكەی ئیخوان موسلمین، لە ساڵی 1941 لەلایەن "حەسەن بەننا"ی رابەرو دامەزرێنەری رێكخراوەكەوە، سەرەتای شەرعیەتدانی ئیسلامی سیاسی بوو لە دروستكردنی میلیشیاو هێزگەلێكی نهێنی رادیكال، كە ژێر بەژێرو دوور لە چاوی دەزگاكانی دەوڵەت كار دەكەن.

شكستخواردنی ئیخوان لە شەڕی هەژدە ساڵەی دژی "عەبدولناسر"، وەك چۆن وڵاتی كردە گۆڕەپانی شەڕێكی بێئامان، دەرەنجامی نێگەتیڤانەشی لەسەر ئیخوان بەجێهێشت. كاتێك لەدوای لە سێدارەدانی "سەید قوتب" و هاوڕێكانی، بەشێكی زۆری گەنجان ریزەكانی ئیخوانیان جێهێشت و رێكخراوی تایبەت بە خۆیان دروستكرد.

لە سەرەتای حەفتاكاندا سەروەختێك ئیخوان لەناو ئەو قەیرانە كوشندانەدا دەبێت، بە هاتنی "ئەنوەر سادات" و رۆیشتنی "عەبدولناسر"، ئاسۆیەكی دیكەیان بەڕودا دەكرێتەوە. بەتایبەت كە "سادات" سیاسەتێكی تەواو پێچەوانەی سیاسەتەكانی "عەبدولناسر"ی گرتەبەرو، هەر لە دەسپێكی فەرمانڕەوایەكەیدا كەوتە دژایەتیكردن و راماڵین و راوەدونانی چەپ و كۆمۆنیست و ناسریەكان.

بۆ ئەو مەبەستەو بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی خۆی، "سادات" هەوڵیدا ئیخوانەكان بكاتە داردەستێك و لە دژی نەیارەكانی بەكاریان بهێنێت. ئیخوانیش لەو قۆناغەدا هاوپەیمانێتی "سادات" و حكومەتەكەیان بە چاكترین دەرەتانێك دەزانی.

لە لایەك كە زۆربەی زۆری گەنجەكان ریزەكانیان جێ‌ هێشتبوو، لەلایەكی دیكەش ئەوە هەلێك بوو تا تۆڵە لە ناسریەكان و چەپەكان بكەنەوەو ئەمجارەش وەكی سەردەمی پاشایەتی بەر لە شۆڕشی یۆلیۆ 23/7/1952، خەریكی دەسكاریكردنی خەریتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی میسری بن.

"سادات" لە بەرامبەر ئەوەی ئیخوانەكان ئامبازی ناسریەكان و چەپ و كۆمۆنیستەكان بن، شەقامی میسری تەسلیم كردبوون. هەر بۆیە ماوەی دە ساڵەی حوكمڕانی "سادات" 1971 ـ 1981، بە قۆناغی ئیسلامكردنەوەی كۆمەڵگەی میسری دادەنرێت. لەو قۆناغەدایە دیاردەی باڵاپۆشی و ریش بەردانەوەو زیادبوونی رێژەی خوێندكارانی ئیسلامی لە زانكۆو پەیمانگاكانداو پەیدابونی جۆرەها سانسۆرو، دەركەوتنی كەسانی وەك "شێخ محەمەد متەوەلی شەعراوی"و "شێخ محەمەد غەزالی"، بە بەردەوامی لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بە زەقی دەبینرێت. لە بەرامبەریشدا چەپ و كۆمۆنیست و ناسریەكان و ئەو كرانەوە كەمەی سەردەمی پێشوو، پاشە كشە دەكەن و دەچنە پەراوێزەوە.

ئەڵبەتە دوور لە خواستی ئیخوان و بەبێ‌ ئاگایی ئەوان، رێكخراوە جیهادیە رادیكالەكانی ناو میسر، بە تایبەت كۆمەڵی ئیسلامی و گروپی جیهاد، ئەم قۆناغە لە "سادات"و لە ئیخوانەكانی هاوپەیمانی دەشێوێنن، كاتێك لە بەرواری 6/10/1981دا "عەتا تایڵ"و "خالد ئیسلامبولی" و "محەمەد عەبدولسەلام فەرەج"، هەڵدەستن بە تیرۆركردنی "محەمەد ئەنوەر سادات"و كۆتایی بە قۆناغ و سەردەمێكی دیكەی مێژوی حوكمڕانی لە وڵاتی میسردا دێنن.

قۆناغی دوای ئەوە كە سەردەمی حوكمڕانی "حوسنی موبارەك"ە، قۆناغێكە بۆ ئیخوانەكان زیاتر بە قۆناغی سەرگەردانی و ون بون و بێ‌ بەرنامەیی دادەنرێت، چونكە لەو قۆناغەدا نە ئیخوان وەكی سەردەمی "عەبدولناسر" خاوەنی ئەو نینۆكە تیژانەیە كە بتوانێت بەگژ دەسەڵاتدا بچێتەوەو تەماحی حوكمڕانیكردنی هەبێت و بتوانێت زەبری كوشندە لە دەسەڵات بوەشێنێت، نە سەردەمی "سادات"یشە دەستی دەوڵەتی لە پشت بێت و لەڕێی هاوپەیمانێتیەوە لەگەڵ حكومەتدا، گۆڕەپانەكەی بۆ تەخت بێت و بتوانێت بە ئاسانی بەرنامەی كاری خۆی لەناو كۆمەڵگەی میسریدا جێ‌ بەجێ‌ بكات.

نەبونی هێزو ئەو هاوپەیمانێتیەی پێشوو، وایكرد بە درێژایی ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ئێستاشی لەگەڵدابێت، ئەو رێكخراوە بەرەو كەنارگیری زیاتر بچێت.

رەنگە هەندێك هەبن بپرسن و بڵێن نەخێر سەردەمانی ئێستای ئیخوان، سەردەمی گەشانەوەو گەورەبوون و هەڵكشانە، بە بەڵگەی ئەوەی زۆرێك لە هەڵبژاردنی سەندیكاكان بە قازانجی ئەوان دەشكێتەوە. لە راستیدا بردنەوەی ئیخوانەكان لەو هەڵبژاردنانەداو هاوسۆزی هاوڵاتیانی میسر لەگەڵیاندا، ئەوەندەی پەیوەندی بە دزێوی و ناشیرینی سستمە حوكمڕانیە ئەبەدیەكەی "موبارەك"ەوە هەبوو، ئەوەندە پەیوەندی بە ئیخوان و بەرنامەكەیانەوە نییە.

هاوڵاتیانی میسر لە حوكمڕانی "موبارەك" بێزاربوون و لە نەبونی بەدیلێكی عەلمانی و لیبرالی و سەردەمانەدا، ئومێدی خۆیان بۆ گۆڕانكاری بە ئیخواندا هەڵواسی. واتە ئەوەی وایكردووە ئیخوان لە بەرچاودا بێت، ناهەمواری و شلۆقی قۆناغەكەیە كە بوار بە كارو چالاكی سیاسی هێزی ئۆپۆزسیۆن نادات. هەموومان لەڕێی میدیاكانەوە چارەنوسی بزوتنەوەی (كفایە)و "ئەیمەن نور"مان بینی بەچی گەیشت.

دواجار ئیخوان بە درێژایی ئەم ساڵانەو بەو هەموو ئەزموونەوە، جگە لە داخران و رێگرتن لە گۆڕان و دروستبونی فەزایەكی لیبرالی و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی تەندروست و بەرهەم هێنانی كەشێكی سیخناخ بە تیرۆرو توندوتیژی، هیچی دیكەی بەرهەم نەهێنا.

ئەمانە لە قۆناغی سەرەتادا، ئەو پرۆژەی رێنسانس و نوێبونەوەیان لەبار برد كە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا دروست بوو، دواتر بوونە كۆسپێك لە بەردەم بزوتنەوەی رزگاریخوازی وڵاتی میسرداو بەدەست تێكەڵكردنیان لەگەڵ "شا فاروق" و "عەلی ماهر" و "ئیسماعیل سدقی"دا، توانیان سەربەخۆیی وڵات ساڵانێك دوابخەن.

لە سەردەمی سەربەخۆیشدا، جگە لە خۆشكردنی ئاگر لە ناوخۆی وڵاتدا، بەرنامەیەكی دیكەیان نەبوو. ئەوەش بەهەدەر بردنی ساڵانێكی تر بوو لە تەمەنی ئەو وڵاتە. لە حەفتاكانیشدا هەمان رۆڵی پاسیڤی خۆیان گێڕاو، توانیان شان بە شانی "سادات" وڵات لە هەموو دەنگێكی ناڕازیی و هێزێكی ئۆپۆزسیۆن خاڵی بكەنەوە.

لە تەمەنی حوكمڕانی "حوسنی موبارەك"یشدا، جگە لە راگرتنی بارودۆخەكەو هەندێ‌ گلەیی و گازندەی شەرمنانە، كاریگەریەكی ئەوتۆیان نەبوو.

ئەزمون و مێژوی ئیخوانەكان وانەیەكمان پێدەڵێت كە ئەوان نەوەد ساڵ لە تەمەنی قۆناغێكی زۆر گرنگی میسرو وڵاتانی ئیسلامی و جیهانی خۆرهەڵاتیان بەهەدەر برد، ئەوان بونە مایەی لەباربردنی رێنیسانسێكی ئیسلامی، لە بەراییەكانی سەدەی بیستەمداو دەرەنجامی ئەو پرۆسە ترسناكەش، لەدایك بوونی قاعیدەو تەوحیدو جیهادوداعش و داخزان و پەراوێزكەوتنی زیاتری وڵاتانی ئیسلامی بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار