میشێل فۆكۆ: چۆنێتیی گۆڕانكاری

2 ساڵ لەمەوپێش




بەبێ تێگەیشتن لەكرۆكی بیرو پرۆژەو دیدو تیورە و كارەكانی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆكۆ، ناتوانین لەو ململانێ فیكرییە تێبگەین كە ئەمڕۆ لەئاستی دونیادا لەئارادایە. فۆكۆ خۆی ئامانجی ئەوە نەبووە كە كارێكی وەها بكات. دەبێت چەند راستییەكی سادە لەسەرەتاوە ئاماژە پێبدەین. 
یەكەم، فۆكۆ لەژیانی تایبەتیدا چالاكوان بووە، بەڵام كارەكانی فۆكۆ بەو ئاراستەیەدا نەنوسراوە. دووەم، فۆكۆ هەڵگری چەندین پرۆژەی جیاوازە، ئێمە لێرەدا لەڕوانگەی كاریگەریی لەسەر ئەم ململانێیە بۆی دەگەڕێینەوە، كە ئەمڕۆ لەئارادایە. سێیەم، فۆكۆ و فۆكۆناسی و فۆكۆیزم (ئەگەر شتێكی وەها هەبێت)، لەوە دەرچوون كە بتوانرێت بەئاسانی لەیەك روانگەدا كۆبكرێنەوە. هیچ بیرمەندێكی تر نیە لەمێژوودا هێندە بووبێتە سەرچاوەی بیركردنەوە لەبوارە جیاوازەكانی مرۆڤایەتیدا.
بۆ ئەنجامدانی كارەكەم، سێ چەمك لەفۆكۆوە وەردەگرم، یەكەم خیتاب (دیسكۆرس)، دووەم، مەعریفە و دەسەڵات، سێیەم، ئیپستیم، كە هەموویان گوزارشت لە دەسەڵات دەكەن. 
چەمكی خیتاب دەگەڕێتەوە سەر چەمكی دەسەڵات. خیتاب ئامرازی دەربڕین و پەیوەندی دەسەڵاتە. وەك ئامرازێك دەبێت وەها ببینرێت كە لەپێناوی دەسەڵاتدایە، كەواتە هەڵگر یان نوێنەری راستی یان حەقیقەت نیە. ئەم جۆرە روانین لەدەربڕینی دەسەڵات، لەهەوڵی پەیوەندی و بەرهەمهێنانی زانیاری لەلایەن دەسەڵاتەوە دەربارەی خۆی یان ئەویتر، سەرەتای ئەو پچڕانە دروستدەكات لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدایە. چیدی ئەوەی دەسەڵات دەریدەبڕێت، نابێت وەها ببینرێت كە راستییە، بۆیە دەبێت شیتەڵكاریی بۆ بكرێت، هەتا بزانرێت لەكوێدا چی زەق كراوەتەوە، چی پەراوێزخراوە، چی بێدەنگی لێكراوەو چی نەوتراوە. لێرەدا دەبێت ئەوە ئاماژەی پێبدرێت كە دەسەڵات، بەو 
مانایە نیە كە لەدونیای كوردیدا بۆ ئەم چەمكە هەیە، بەڵكو هەموو لەناو كایەی دەسەڵاتدان و خیتاب بەرهەم دەهێنن. بەڵام لەمیانەی ئەو جەنگەی كە ئەمڕۆ لەئارادایە، ئەم تێڕوانینەی فۆكۆ مانای ئەوە دەبەخشێت كە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەكان پەیوەندییەكی پچڕاوی پڕ لەگومانی ركەبەرییە. هەروەها دەسەڵات لە میانەی پەیوەندیدا ئامانجی مانەوە و درێژەدان و فراوانكردنی پانتاییەكانی خۆیەتی، بۆیە دەبێت رێگریی لێبكرێت یان ركەبەری بكرێت. دیارە خیتاب خۆی میتۆدی هەڵوەشانەوەی خیتابی بەرهەمهێنا. ئەمە بنەمای ئەوە دادەڕێژێت كە هیچ تێگەیشتنێك نیە چەسپیوبێت، بەرهەمی دەسەڵات نەبێت. هەروەها كاریگەری راستەوخۆی هەیە لە سەر كۆمەڵێك بنەمای تێگەیشتن وەك راستی، دۆگما، پیرۆز، كە هەمویان لەئەنجامدا دەبنە خیتاب و فۆرمێك لەدەسەڵاتخوازیی. خیتاب وەك چەمكێك پێمان دەڵێت هەمومان لە هەوڵی یاریكردنداین بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و سەپاندنی خواست و ئارەزومان بەسەر ئەویتردا لەڕێگای داڕشتنی ئاگایی و شاردنەوەی ئەوەی لەقازانجمان نیەو سەپاندنی ئەو دیدانەی كە لەسوودمانە وەك نەگۆڕ.
دووەم بوار دەسەڵات و دەسەڵات-مەعریفەیە. فۆكۆ بیرمەندی دەسەڵاتە، بەو مانایە كرۆكی هەرە سەرەكی كارەكانی هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەدەسەڵات. تێگەیشتنی ئەو بۆ دەسەڵات تەواو جیاوازە لە پێشینەكانی، بۆیە داوا دەكات كە سەری سەروەر لەزانستە مرۆییەكاندا ببڕدرێت. مەبەستی لە ئەم میتافۆرە ئەوەیە چیدی وەها بیرنەكەینەوە كە دەسەڵات لای كەسێكە یان لای سەروەرێكە وەك هۆبز ئامانجی بوو، یان دەسەڵات لای دەزگایەكی وەك دەوڵەتە، وەك ڤیبەر هەوڵی بۆ دەدا، بەڵكو دەسەڵات لە هەموو شوێنێكە. لەهەناو میتافۆرەكەدا ئەوەش بەدی دەكەین كە دەسەڵات لای دەوڵەت نیە بەڵكو لای حكومەتە. بەو مانایە دەسەڵاتە لەئەنجامی پەیوەندیگرتن و پیادەكردن فەراهەم دەبێت. بەلای فۆكۆوە دەسەڵاتی مۆدێرن، چیدی دیارو زەق و پڕ زەبرو توندوتیژی نیە، بەڵكو لەدیسیپلین و بایەخپێدان و بەتەنگەوەهاتنیشدا فەراهەم دەبێت. 
لێرەدا پەیوەندی مەعریفە و دەسەڵات پڕ بایەخ دەبێت. فۆكۆ دەڵێت نەك تەنها خیتابی راستەوخۆی دەسەڵاتەكان، بەڵكو بوارەكانی تری مەعریفەی پەتی وەك زانستی سروشتی، دەرونناسی، ئەندازەسازیی، بایولۆجی، هەموو ئەمانەش بەشێكن لەپرۆسەی دەسەڵات، هەمیشە بۆ تێگەیشتن لێیان دەبێت ئەو دۆخە دەسەڵاتییە بزانین كەتیایدا فەراهەم بوون. ئەمەشە فۆكۆ مێژووناس نیە، بەڵكو ئاركیولۆجیستە، بەو مانایە دەیەوێت شتەكە وەك خۆی دەربخات، كە چۆن لەسەردەمی خۆیدا هەبووە. 
ئەم ناوەندیی بوونەی دەسەڵات وەها دەكات كە بنەمای ئەو جەنگەی ئەمڕۆ لەوێدا دابڕێژێت كە هەموو شتێك هەر بەرەیەك دەیڵێت تەنها بەشێكە لە پیادەكردنی دەسەڵات، ئەوەی هەیە تەنها دەسەڵاتخوازییە. جەنگ لەنێوان باش و خراپ و رەوا و ناڕەوادا نیە بەڵكو جەنگ لە نێوان دەسەڵاتخوازاندایە. [دیارە بێگومان ئەوەی بە نیتچە بەئاگابێت، لێرەدا هەست بەم دیدە نیتچەییە دەكات]. نیتچە كاریگەرترین بیرمەندە لەسەر فۆكۆ.
چەمكی سێیەم، ئیپستیمە. رەنگە خوێنەری كورد هەتا ئاستێك بەخیتاب و دەسەڵات-مەعریفە ئاشنابێت، بەڵام چەمكی ئیپستیم لەدونیای كوردیدا هێندە كاری لەسەر نەكراوە. 
فۆكۆ لەسەرەتای كارەكانی كاری لەسەر ئەم چەمكە كرد، لەساڵی ١٩٧٠ لەڕێكخستنی شتەكان، [شایانی باسە ساڵی ١٩٧٠ ساڵی وەرگێڕانی ئەو كتێبەیە بۆ زمانی ئینگلیزی]. لای ئەو ئیپستیم ئەو رێسا ئاسایی و ئاماژە پێنەدراوانەیە كە رێسای لەقاڵبدان یان دروستبوون دادەڕێژن، كە لەدەرئەنجامدا بڕیار لەسەر رەوایی و ناڕەوایی یان باشی و خراپی ئاگایی و زانیاری و مەعریفە دەدەن لەو سەردەمەدا. بەو مانایە ئەو رێسا و یاسا بە عورفبونانەیە كە لەسەردەمێكی تایبەتدا زاڵ دەبن و خەڵك وەك پێدراوی گومانلێنەكراو وەریان دەگرێت و كاریگەرییان هەیە لە سەر هەموو ئەوەی لەهەناو كۆمەڵگادا بەرهەمدێت لەو ساتەوەختەدا. 
پێناسەی فۆكۆ بۆ ئیپستیم زۆر ئاڵۆزەو وەك هەمیشە لەپرۆسەیەكی دەربڕینی نێگەتیفیدایە. بەو مانایە سەرەتا دەیەوێت بڵێت، ئەوە نیە، ئەوەش نیە، ئەمەش نیە، بەڵكو ئەمەیە. بەڵام بۆ مەبەستی ئێمە، لێرەدا دەتوانین بڵێین كە ئیپستیم بریتیە لەو ئاگایی و زانست و تێگەیشتن و دیدە زاڵانەی سەردەمێك كە خۆی دەسەپێنێت بە سەر ئەو قۆناغەدا، هەروەها كاریگەری هەیە لەسەر هەموو وتراوو نەوتراوێك لەو سەردەمەدا. ئەمە بەئەو مانایە دێت كە مرۆڤ لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر پچڕان هەیە لەدۆخ و ژینگەی مەعریفی دەوروبەری كە كاریگەری هەیە لەسەر بەرهەمێنانی ئاگایی.
بۆ مەبەستی جەنگەكەی كە ئێمە دەمانەوێت لێی تێبگەین چەمكی ئیپستیم، دوو كاریگەری گەورەی هەیە، یەكەم، ئەوە دەردەخات كە لەم سەردەمەدا كۆمەڵێك تێفكرین و تێگەیشتن و ئاگایی هەیە، وەك هەر سەردەم و قۆناغێكی تر زاڵن بەسەر قۆناغەكەدا، كاریگەرییان هەیە لەسەر نەك تەنها  ئەوەی چی دەبێت بووترێت بەڵكو چی دەبێت بكرێت. بەو مانایە هیچ شتێك هەمیشەیی و هەتا هەتایی و نەگۆڕنیە. دووەم، چەمكی ئیپستم زەمینەی ئەوە دەسازێنێت كە ئەگەر هاتوو بتوانیت دۆخی ئاگایی سەردەمەكە بگۆڕیت ئەوا چونە سەردەمێكی ترەوە، یان دابڕان لەم سەردەمە ئاسانە.
لەكۆتاییدا ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم پەیوەندی راستەوخۆی ئەم چەمكانەی فۆكۆیە لەهەناو هەموو كۆمەڵگایەكدا لەپەیوەست بەپرۆسەی گۆڕان و گۆڕانكارییەوە. بەبێ تێگەیشتن لەبنەما خیتابی و دەسەڵاتیی و مەعریفەیی و ئیپیستمی قۆناغەكە، هەروەها چۆنێتی بەرجەستەكردنی دابڕان لەگەڵیدا، هەر هەوڵێك بۆ دابڕان لەئەنجامدا دەبێتەوە بە دووبارەكردنەوەی ئەوەی كە هەیە، چونكە هەژمۆنیەتی ئیپستیم وەها دەكات كە كەسەكان نەتوانن بزانن چۆن لەوەی هەیە بچنە دەرەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار