حکومەتی ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ کۆچی کەسانی شارەزا بۆ وڵاتەکەی دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پڕۆژە یاسای ڕێکخستنی کۆچی کرێکارە لێهاتووەکان، بۆ ئەڵمانیا لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکرا.

لە دوای ئەو قەیرانەی کە لە هاوینی ڕابردوو، لە فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا بەهۆی کەمی کارمەندەوە دروست بوو، حکومەت بە چڕی کار لەسەر یاسایەکی نوێی کۆچی کرێکارە لێهاتووەکان دەکات. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژە یاسای نوێی کۆچبەری پەسەند کرد و بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا پڕۆژە یاساکە ببێتە یاسا.

ئەو وەزیرانەی ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای کۆچی کرێکارانیان پێشکەش کرد، رایانگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا بەرەو پیربوون دەچێت و ٧ ملیۆن کرێکاری لێهاتوو تا ساڵی ٢٠٣٥ لەدەست دەچن و بەشێکیش خانەنشین دەبن.

 ڕۆبێرت هابێک وەزیری ئابوری و پاراستنی کەشوهەوا وتی، "کەمیی ١٠٠ هەزار کارمەند تەنها لە بواری زانیاریدا هەیە و کەمی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەند لە بواری وزەی خۆر و بادا هەیە".

بەپێی داتاکانی پەیمانگای ئابووری ئەڵمانی، ژمارەی کارمەندانی پیشەگەری لێهاتوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە، لە ساڵی ٢٠٤٠دا بۆ ٣٨ ملیۆن کەس کەم دەبێتەوە. ژورەکانی پیشەسازی ئەڵمانیا بە جەختکردنەوە لەسەر کەمیی ٢٥٠ هەزار کارمەند تەنها لە لقەکانی ئەواندا، داوای هەنگاوی بەپەلە دەکەن.

ئەندریا ناهلێس، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی دامەزراندن کە بەرپرسیارە لە دامەزراندن لە ئەڵمانیا بۆ داوچە وێلا، باسی لەوە کردووە کە ئەو ستانداردانەی، ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەیەتی، ناتوانرێت بپارێزرێن تاوەکو ساڵانە ٤٠٠ هەزار کارمەندی شارەزا پێنەگەن و پێویستە پێشکەوتنەکان بە خێرایی ئەنجام بدرێت.

یەکەم کاری راوێژکاری و چاوپێکەوتن بۆ وەرگرتنی کریکارانی پیشەگەری لێهاتوو کە دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا لە وڵاتی خۆیاندا ئەنجام دەدرێت. حکومەتی ئەڵمانیا پلانی ئەوەی داناوە، کاتەکانی پرۆسێسکردنی ڤیزە بۆ کارمەندانی شارەزا، خێراتر بکرێت. یاسایەکی دیکە ئەوەیە کە ئەو فەرمانبەرانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە و دەتوانن کاری گەورە بکەن، دەتوانن بۆ ماوەی ٦ مانگ ڤیزە وەربگرن، بۆ ئەوەی سەردانی ئەڵمانیا بکەن و بەدوای کاردا بگەڕێن. گرنگترین مەرج لێرەدا ئەوەیە کە کەسەکە بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بکات. سیستەمێک جێبەجێ دەکرێت کە تیایدا بەپێی پێوەرەکانی وەک ئەزمونی کار، زانینی زمان، تەمەن پەیڕەو دەکرێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوەی ڕەشنووسەکە ببێتە یاسا وردەکارییەکانی چۆنیەتی کارکردنی سیستمەکە بە وردی وون بکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار