كورد لەدەرەوەی مۆندیالدا: كورد لەدەرەوەی مێژوودا

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت
لەگەڵ دەسپێكی مۆندیالی ٢٠٢٢ لەقەتەر، هەوادارانی تۆپی پێ لەكوردستان بەسەر لایەنگریی بۆ تیپە نیشتیمانییەكانی وڵاتانی بەشداربووی مۆندیالدا دابەشبوون و ژمارەیەكی زۆر لەبەكارهێنەرانی سۆشیال میدیاش ئاڵای وڵاتگەلی وەك بەڕازیل و ئەڵمانیا و ئەرجەنتین و فەرەنسایان كردە لۆگۆی واڵەكانیان. 
ئەم دیاردەی دابەشبوون و لایەنگرییە بۆ تیپی تۆپی پێی وڵاتێكی بێگانە  لەسەر ئاستی جیهاندا دیاردەیەكی تا رادەیەك نامۆیە. جگە لەكوردو هەندێك نەتەوەی ناسەرفرازی تر، رەنگە كەم نەتەوەی سەرفرازو خاوەن دەوڵەت هەبن، بەتایبەت ئەو ٣٢ وڵاتەی تیپە نیشتیمانییەكانیان دەگەنە مۆندیال، هاوشێوەی هەوادارانی تۆپی پێ لەكوردستان خۆیان بەتیپی نیشتیمانی وڵاتەكانی تردا هەڵواسن. بەشێوەیەكی گشتی، تاكی نەتەوە سەرفرازەكان لەدەوری تیپی نیشتیمانی وڵاتەكانییان كۆدەبنەوە و دەبنە هاودەنگ و هاوپشت و ئاڵای نیشتیمانەكەشیان دەكەنە لۆگۆو پێناسەیان. 
ئەگەر ناونیشانێك بۆ دیاردەی خۆهەڵواسین و هەواداری فەناتیكانە بۆ تیپی فوتبۆڵی نیشتیمانی وڵاتێكی بێگانە لەلایەن هەوادارانی تۆپی پێ لەكوردستان دابنێین، ئەو ناونیشانە دەكرێت «لەدەرەوەی مێژوو» بێت. كورد وەك نەتەوە لەدەرەوەی مێژووی وەرزشە جیهانییەكاندایەو وەك زۆر بواری تر لەبواری مۆندیال و ئۆلۆمپیات و پێشبڕكێ جیهانییەكاندا نە بەشدارییەكی هەیە بۆ ئاماژەپێدان، نە چیرۆكێكی هەیە بۆ گێڕانەوە، نە شكۆیەكی هەیە بۆ باسكردن و نە تیپێكی نیشتیمانی هەیە بۆ پشتیوانیكردن. بەكورتی، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی كورد تاڕادەی نەبوون غائیبە. ئەم غائیببوونەش نەتەوە بێدەوڵەتەكانی خستۆتە دەرەوەی مێژووی ئەم سەردەمەوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) یەكێكە لەو كایەو ناوەندە نێودەوڵەتییانەی كە كوردی تێدا غائیبە. غائیببوونی كورد لەفیفادا بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوەیە، هەروەك چۆن غائیب بوونی كورد لەنەتەوەیەكگرتووەكان بەهۆی بێدەوڵەتییەوەیە.  فیفا كە دەزگای بەڕێوەبردنی جیهانی وەرزشە لەهەناوی سیستەمی دەوڵەتی وێستفالیایی هاتۆتە دەرو یەكێكە لەو رێخكراوە نێودەوڵەتییانەی كە دەوڵەت و تەنانەت ئەندامبوون لەنەتەوەیەكگرتووەكانی كردووەتە پێشمەرجی بوونە ئەندام تێیدا. بەواتایەكی تر، ئەندامێتی لەم رێكخراوەدا تەنها بۆ نەتەوە سەرفرازە خاوەن دەوڵەتەكانەو نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتی وەك كورد رێگای پێنەدراوەو نادرێت ببێتە ئەندامی ئەم رێكخراوە جیهانییە و ببێتە بەشێك لەم سەروەری و بوونە جیهانییە. لەم رێسایەدا چەند ئیستیسنائێكی كەم هەن، لەوانەش كۆسۆڤۆو تایوان و باكوری قوبرس، فەلەستین، ناكۆرنۆ كەرەباخ، سۆماڵیلاند. ئەمانە  چەند هەرێمێكی سەربەخۆخوازن، كەهێشتا نەبوونەتە ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكان. لەڕاستیدا، ئەندامبوونی ئەم وڵات و هەرێمانە زیاتر بڕیارێكی سیاسییەو لەدەرەوەی ئیرادەو یاسا رێساو مەرج و كرایتیریەكانی فیفا بەسەر ئەم رێكخراوەدا سەپێنراوە.
ئەزموونی كۆسۆڤۆ پێمان دەڵێت كەندامبوون لەفیفا، پێش بوونە ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان جۆرێكە لەئیمتیازو هەوڵێكە بۆ شكاندنی ئەو بەربەستانەی كە لەپێش ئەم وڵاتەدان بۆ دانپێدانانی لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە. كۆسۆڤۆ تازەترین ئەندامی فیفایەو لەژانیوەری ٢٠١٨دا توانی ببێتە ئەندام. سەرەڕای ئەوەی ئەم وڵاتە لە ٢٠٠٨ و بەچرای سەوزو بەپشتیوانی ئەوروپاو ئەمریكا، سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، بەڵام تائێستا بەهۆی ڤیتۆ و ناڕازیبوونی وڵاتگەلی تر، مافی ئەندامبوونی لە نەتەوەیەكگرتووەكان بەدەست نەهێناوە.. چاودێران ئەم ئەندامێتییە وەك هەنگاوو ئاماژەیەكی گرنگ بۆ كردنەوەی دەروازەی نەتەوەیەكگرتووەكان بە رووی كۆسۆڤۆدا لەقەڵەمدەدەن. 
بەستنەوەی فیفا بەمەرجی دەوڵەتبوونەوە بێ هۆكار نییە. بەشداری وڵاتان لەپێشبڕكێ جیهانییەكاندا، لەوانەش مۆندیال، وەك بەشێك لەپرۆسەی نیشتیمانسازی و نەتەوەسازی دادەنرێت و لێرەوەش دەچێتە كایەی سەروەرییەوە. تیپە نیشتیمانییەكان لەمۆندیال و ئۆلۆمپیاتە جیهیانییەكاندا وەك نوێنەری نەتەوەو وڵاتەكانییان دەچنە ناو ئەو رووداوە جیهانییانە بەخەونی بەدەستهێنانی سەركەوتن و بەدەستهێنانی شانازییەك بۆ نەتەوەو وڵاتەكانییان دەبنە ناسنامە و دەنگ و رەنگی هاوبەشی سەرجەم گروپە كەلتوری و دینی و ئەتنیكییەكانی وڵاتەكانییان. بەمجۆرە لەبنەڕەتدا تیپە نیشتیمانییەكان لەفیفادا ئەركێك بەجێدەگەیەنن كە فۆرمە رەقەكەی دەوڵەت لە بەجێهێنانیدا كورتدێنێت، ئەویش پرۆسەی بونیادنانی  نەتەوەو نیشتیمان، واتە نەتەوەسازی و نیشتیمانسازییە. جگە لەوە، فیفا لەیەك كاتدا دوو دیوی سیستەمی جیهانی زەق و بەرجەستە دەكات، دیوێكی دەوڵەت-سەنتەری ئەو سیستەمەو دیوەكەی تریشی سروشتە نەتەوەیی و خەسڵەتە ناسیونالیستییەكەی دەوڵەتەكانی ناو ئەو سیستەمەیە. دەكرێت ئەو سروشت و خەسڵەتە ناسیونالیستە سیڤیك (مەدەنی) بێت، وەك زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا یان ناسیونالیزمی ئەتنیكی لەشێوەی وڵاتگەلی وەك توركیاو قەتەرو سعودییە و زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەهەردوو حاڵەتەكەدا، بەشداریكردنی تیپی نیشتیمانی وڵاتە ئەندامەكانی فیفا لەمۆندیالدا هەم سیستەمی دەوڵەت-سەنتەری پتەوتر دەكات و هەم جەوهەرە ناسیونالیستییەكەی ئەم وڵاتانە دەمەزەرد دكاتەوە. 
لێرەدا دەكرێت دوو دەرەنجام ئاماژە پێبدەین. دەرەنجامی یەكەم، پوچەڵبوونەوەی دوو وەهمە. وەهمی خاڵیبوونی 
یاری تۆپی پێ لەسیاسەت و وەهمی كۆتایی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی. دەرەنجامی دووەمیش ئەوەیە فیفاو سیاسەت یان فیفاو سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی دوو كایەی لێكنەپچڕاون و تەواوكەری یەكترین. بەكورتی، ئەندامبوونی وڵاتێك لەفیفا بەمانای دانپێنان و پشتیوانییە بەمافی ئەو وڵاتە بۆ پرۆسەی نیشتیمانسازی و نەتەوەسازی. واتە، هاوشیوەی بوونە ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان، بوونە ئەندامی وڵاتێك یان هەرێمێك لە فیفاش هاوتای ناساندنی سەروەری ئەو وڵات یان هەرێمەیە. هەر لێرەشەوەیە، كە بوونی كورد لەدەرەوەی فیفاو هاوتای رەتكردنەوەی سەروەری ئەم نەتەوەیە بەسەر كوردستاندا. بەمجۆرەش، كورد لەدەرەوەی ئەم مێژووەدا دەهێڵدرێتەوە.
تاكەكانی نەتەوەی بێ دەوڵەت و لەدەرەوەی مێژوودا، بەو خەیاڵەی لەناو مێژوو دابێت، خۆی دەكات بەئەویتر. واتە، تاكی لەدەرەوەی مێژوو، كە تیپی نیشتیمانی لەفیفا نییەو  خۆی و ئاڵاو تیپی نیشتیمانی و سیمبۆلە نیشتیمانییەكانی لەم ناوەندە نێودەوڵەتییە غائیبن. بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، تاكەكانی ئەو نەتەوەیە زۆرجار خۆیان بەسیمبۆلە نیشتیمانییەكانی وڵاتی داگیركەر یان وڵاتگەلی بێگانە كە دوورو نزیك پەیوەندییان بەناسنامە و وڵات و سیمبۆلە نیشتیمانییەكانی ئەوانەوە نییە هەڵدەواسن، ئەمەش لەمۆندیالەكاندا بەزەقی دەردەكەوێت. هەر لێرەوەش، تاكی كوردی، وەك تاكێكی لەدەرەوەی مێژوو، هاوشێوەی هاووڵاتییەكی ئەرجەنتینی، بەرازیلی، ئەڵمانی و فەرەنسی یان هەر وڵاتێكی تر، خۆبەخشانە دەبێتە پشتیوانی تیپە نیشتیمانییەكانی ئەو وڵاتانە و لۆگۆ و ئاڵای ئەو وڵاتانە ناكامانە بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی لەدەرەوەی مێژووبوونی خۆی بەكاردێنێت.
لەدەرەوەی مێژوو بوونی كورد هەم مەودایەكی زەمەنی قووڵتری هەیە لەمێژووی مۆندیال و هەم مەودایەكی مەكانی فراوانتریشی هەیە. ریشەی لەدەرەوەی مێژووبوونی كورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ئەو سەدەیە، بەتایبەتیش دوای جەنگی جیهانی یەكەم، كاتێك ئیمپراتۆرییەتەكان، یان سیستەمی ئیمپراتۆری هەرەس دێنن  و جیهان لەسەر بنەمای سیستەمی دەوڵەتی وێستفیلیایی دادەڕێژرێتەوە. لەو سەروبەندەدا، كاتێك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە رێك دەخرێتەوە، كورد ئەو ئامادەییەی تێدا نەبوو كە هاوشێوەی نەتەوەكانی تر، لەوانەش تورك و عەڕەبەكان دەوڵەت-نەتەوەی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت و سەرەنجام كەوتە دەرەوەی سیستەمەكە. سەد ساڵی رابردوو و بەبنەما لەسەر سیستەمی وێستفالیا، سەد ساڵەی دەوڵەت-سەنتەر بووە و هەموو ئەو نەتەوانەی نەیانتوانی ببنە خاوەنی دەوڵەت، كەوتنە دەرەوەی ئەم سیستەمە وێسفالیایە و سەرەنجام دەرەوەی مێژوو.  
بەبوونی لەدەرەوەی میژوودا، كورد وەك نەتەوەیەك و كوردستان وەك وڵاتێك مافی چوونە ناو پەیماننامە و رێككەوتن و پرۆتۆكۆڵە نێودەوڵەتییەكانی لێدەسێنرێتەوە و لە خۆ-نوێنەرایەتی كردن لەسەرجەم ئاست و ناوەندەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەدەردەنرێت، هەر لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتییەوە بگرە تا فیفا و مۆندیالەكان. بەمجۆرە، جیاواز لە ٢١١ نەتەوە و وڵاتی جیهان كورد وەك نەتەوەو كوردستان وەك وڵات بێ دەنگ و رەنگ و نوێنەرایەتی و شەرعییەتی نێودەوڵەتییە و لەدەرەوەی ئەم رووداوە مەزن و گرنگە جیهانییەشە، كە مۆندیالە. مۆندیال بۆ هەندێك وڵات سەرفرازی و بۆ هەندێك ئەزموون و بۆ هەندێكی تریش جۆرێك بێئومێدی دێنێت و بۆ كوردو 
نەتەوە ژێردەست و بێدەوڵەتەكانی تریش دووپاتكردنەوەی لەدەرەوەی مێژووبوونی.

 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار