له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌..كارەكانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەسستی بەڕێوەدەچن

حكومەتی هەرێم تەنها 15٪ بودجەی پرۆژەكەی خەرجكردوە

2 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتی
 
پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتریی سلێمانی) كارەكانی بەسستی بەڕێوەدەچێت و نزیكە لەپەككەوتن، لەو 400 ملیار دینارەی حكومەتی هەرێم بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی لەتەمموزی 2020 بڕیاری لێدا تەنها لەسەدا 15ی خەرجكراوە، ماوەی پرۆژەكە سێ ساڵە، بەڵام زیاتر لەدوو ساڵی ماوەكەی تەواوبووەو تائێستا لەسەدا 48ی تەواوكراوە، چاوەڕوان ناكرێت لەوادەی خۆیدا تەواو بكرێت.
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، بەتۆڕی شەقامە لاوەكییەكانیەوە درێژییەكەی 145 كیلۆمەترەو بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بڕی 400 ملیار دینار بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكراوە، بەهۆی دابین نەكردنی پارە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تائێستا كارەكانی بەسستی بەڕێوەدەچێت.
زەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەهاوڵاتی راگەیاند: تائێستا لە 48٪ كارەكانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری لەسلێمانی تەواوبووە، ئەوەی لەسەر شارەوانی سلێمانییە تەنیا لایەنی ئەندازیاریەكەیەتی سەرپەرشتی دەكات.
هاوكات ئەبوبەكر تەیب، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەسەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە 34 كیلۆمەتر درێژە، لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاگوندی دەمركان و 48٪ـی كارەكانی تەواو بووە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە دەڵێت: شەقامەكە چوار سایدی هاتن و چوونەو پانییەكەشی 100 مەترە، هەروەها پێنج ئەندەرپاس، حەوت یەكتربڕو سێ پردی پەپوولەیی لەخۆدەگرێت، جگە لەوەی لەسەر چەمی تاسڵوجە، پردێك دروست دەكرێت، كە درێژییەكەی 500 مەترەو 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
ئەبوبەكر تەیب، سەبارەت بەدابینكردنی كارەباو تۆڕی ئاو بۆ شەقامەكە، وتی: قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، 67 ئاوباری كۆنكرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆدەگرێت، كەدرێژایی هەر یەكێكیان 110 مەترە، هەروەها تۆڕێكی كارەبای مۆدێرنی بۆ رووناككردنەوەی تەواوی شەقامەكە تێدایە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی ، تائێستا حكومەتی هەرێم تەنها 15٪ی گوژمەی دابینكراوی پرۆژەكە كە 400 ملیار دینارە خەرجكردووە، هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی پارە لەبانكەكان، چونكە حكومەتی هەرێم ئەو پرۆژەیەشی لەسەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
رەمەزان نامیق سەرۆكی بەشی پلان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت: دواینجار سەردانی شەقامی (100) سلێمانیمان كرد بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئیشوكارەكانی ناو پڕۆژەكە، بەهۆی خەرجنەكردن و نەبوونی پارەی پێویست لەلایەن حكومەتەوە پڕۆژەكە وەك پێویست كاری تێدا نەدەكراو تەنها (46٪) پڕۆژەكە تەواو كرابوو و بۆ ئەمساڵیش ناتوانرێت شەقامەكە تەواو بكرێت .
وتیشی: هەروەها چەندین زیادەڕەوی جۆراوجۆر لەناوچەی (تاسڵوجەو تانجەرۆ) لەبەردەم پڕۆژەكەدا هەیەو تائێستا لانەدراون و رێگرن لەبەردەم پڕۆژەكە.
رۆژی 11-07-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك وەزیرو پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانا، گوژمەی پڕۆژەكە 400 ملیار دینارەو بڕیارە لەماوەی 1100 رۆژ تەواوبكرێت كە 30-8-2023 دەكات.
ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بریتییە لەدروستكردنی رێگەیەكی خێرای 100 مەتری، درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە كە لەتاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە دەمركان نزیك شارۆچكەی عەربەت.
پڕۆژەكە چوارسایدی هاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت كە پانیی سایدی سەرەكی 21 مەترەو سایدی خزمەتگوزاری نۆ مەترە، دوو سایدیان بۆ رۆیشتن و دووانیان بۆ هاتن بەكاردەهێندرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار