شەش ساڵە ناوەندی دهۆكو زاخۆو ئاكرێ نەوتیان وەرنەگرتووە
هاووڵاتییەك: هەموو ساڵێك حكومەت بە بەڵێنی نادروست خەڵك رازی دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
ماوەی شەش ساڵە سەرووی سەدا 90 دانیشتووانی ناوەندی دهۆك و زاخۆو ئاكرێ یەك لیتر نەوتیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێدایە هەر خێزانێك لەو شارانە بەلایەنی كەمی لەوەرزی زستان پێویستی بەدوو بەرمیل نەوت هەیە.
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی سووتەمەنی و سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:»بۆ ئەمساڵ حكومەتی هەرێم تائێستا تەنها بڕی 70 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ كڕینی نەوت و دواتر لەسەر هاووڵاتیان بە 103 هەزار دینار دابەشی دەكات، ئەم بڕە پارەیە تەنها بەشی 247 هەزار بەرمیل دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها لە پارێزگای دهۆك پێویستمان بە 270 هەزار بەرمیلە، پارەكەی حكومەت تەنها بەشی پارێزگایەك دەكات، حكومەت دەڵێت وەجبەی تر بڕێكی تر لەپارە دابیندەكەین، بەڵام بەبڕاوی من هەر وەجبەیەک چەند مانگێكی تری پێدەچێت و دواتر زستان تەواو دەبێت و ئەمساڵیش بەدەردی ساڵانی تر دەڕوات، سەرووی 90 لەسەدی دانیشتووانی ناوەندی دهۆك و زاخۆ شەش ساڵە یەك لیتر نەوتیان وەرنەگرتووە».
«هەموو ساڵێك حكومەتی عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی وەك بەشی هەرێمی كوردستان دەنارد، بەڵام ئەمساڵ تائێستا نەیناردووە، پێویستە پێش هاتنی وەرزی زستان حكومەتی هەرێم فشارێكی زۆر لەسەر بەغدا بكردایە تاوەكو بەشە نەوتی خەڵكی هەرێمیان بناردایە، ئەم شێوازەی ئێستای حكومەت تەنها رازیكردنی خەڵكە، چۆن دەكرێت بەدوو سێ مانگ تەنها نەوت بدرێتە ناوچە شاخاوییەكان ئەی خەڵكی تر چی بكات».
«بەدواداچوونمان بۆ شێوزای دابەشكردنی نەوت كردووە زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچێت، پێویستە حكومەت بەزووترین كات بڕێكی باش لە پارە دابین بكات، هەروەها پرۆسەی دابەشكردنیش لەیەك كاتدا لەچەند ناوچەیەك و چەند شارێك دەستپێبكەن تاوەكو زۆرترین كەس بەلایەنی كەمی یەك بەرمیل نەوت وەربگرێت»عەبدولسەمەد تێلی وای وت.
قەزای ئاكرێ ناحیەكانی (دینارتە، گردەسێن، بجێل)ی لەسەرە تائێستا تەنها دانیشتووانی ناحیەی دینارتە نەوتیان وەرگرتووە.
شەعبان خەلیل، قایمقامی قەزای ئاكرێ بەوەكالەت بەهاوڵاتی وت: «زیاتر لەدوو هەفتەیە دەست بەدابەشكردنی نەوت كراوە لەسنوری قەزای ئاكرێ تەنها یەك ناحیە تەواوبووە ئەویش ناحیەی دینارتەیە، لەبەرنامەی حكومەتدایە دەست بەدابەشكرنی نەوت بكرێت لەناحیەی بجیل ئینجا ناحیەی گردەسێن، جارێ بۆ ناوەندی قەزا دیارنیەو دەبێت لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بپرسن كەئایا كەی دەست بەدابەشكرنی نەوت دەكرێت بۆ ناوەندی شار».
وتیشی:» دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی ناو شار لەدەستی ئێمەدانیە، ئێمەش دەمانەوێت هەموو هاووڵاتیانی ناوەندی ئاكرێ بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەمە شتێكە لەدەست ئێمە نیە».
محەمەد ئەمین تەمەر، نیشتەجێی گەڕەكی ئاڵەیی-یە لەناوەندی دهۆك، خاوەنی چوار منداڵە شەش ساڵە یەك لیتر نەوتی وەرنەگرتووە بەهاوڵاتی وت:»هەموو ساڵێك حكومەت درۆ لەگەڵ خەڵك دەكات بەچەند بەڵێنێكی نادروست خەڵك رازیدەكەن و دەڵێن دەست بەدابەشكردنی نەوت بەسەر هاونیشتیمانیان دەكەین، بێزاربووین لەدرۆكانی حكومەت، دەیان بیرە نەوت لەسنوری قەزای ئاكرێ هەن، خوا قبوڵ دەكات ساڵانە یەك بەرمیل نەوت بەخەڵك نەدرێت، نەوت بووەتە نەگبەتی لەجیاتی ئەوەی خێری بۆ خەڵك هەبێت تەنیا چەند كەس و لایەنێك سوود لێیوەردەگرن».
محەمەد ئەمین تەمەر وەكو هەموو ساڵێك پێش دوو هەفتە بەناچاری بەرمیلێك نەوتی بە 270 هەزار دینار كڕیوە، ئەو وتی»كەشوهەوای ئاكرێ ساردە بەتایبەت لەشەوان، كارەبای نیشتیمانیش زۆر خراپ بووە ناچاربووم بەرمیلێك نەوتم كڕی بە 270 هەزار دینار، بەدڵنیاییەوە بەشمان ناكەت ماوەیەكی تر دەبێت بەرمیلێكی تر بكڕین، شەش ساڵە ئەوە حاڵمانە، یەك لیتر نەوتمان وەرنەگرتووە».
زانا عیسا، هاووڵاتیەكی تری ناوەندی شاری دهۆكە، ئەویش شەش ساڵە نەوتی وەرنەگرتووە، بەهاووڵاتی وت: «پارساڵ كۆمەڵێك بریكاری بەشەخۆراكی مانگانە بلیتی نەوتیان دابەشكرد، بەڵام بریكاری ئێمەی تیادا نەبوو، پار دوو بەرمیل نەوتم كڕی، ئەمساڵیش تائێستا بەرمیلێك نەوتم كڕیوە بە 270 هەزار دینار، حكومەت بەنیاز نیە نەوت بەسەر هاونیشتیمانیانی ناوەندی شار دابەشبكات، مانگێكە دەست بەدابەشكردنی نەوت كراوە تائێستا تەنها چەند ناحییەك وەریانگرتووە، ئەگەر بەم شێوەیە دابەشبكرێت ساڵێكی تر ناگاتە ناوەندی دهۆك».