چۆن رێگری لەشێواندنی سیمای شارو شارۆچکەکان بگرین لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا؟
پێشنیارێک بۆ شارەوانی و یەکە ئیداریەکان
6 ساڵ لەمەوپێش
د. سەیران تەها ئەحمەد *
لەوەتەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن کارەساتی پیسبوونی ژینگەو شێواندنی سیمای شارستانێتی شارو قەزاو ناحیەکان بەردەوامدەبن، ئەمە جگە لەدروستبوونی ژینگەیەکی پڕ لەژاوەژاوو ناڕەحەتی و بێزارکردنی هاووڵاتیانی گەڕەک و شوێنی یەکە نیشتەجێبوونەکان بەهۆی بەکارهێنانی دەنگ بەرزکەرەوە لەبنکەکانی بانگەشەکردن لەگەڕەکەکان و دیاردەی بەکارهێنانی هۆڕینی سەیارە بەشێوەیەکی بێزارکەرو دروستکردنی قەڕەبالغی و ئاهەنگگێڕان لەناوەڕاستی شەقامەکان، کە بەربەست و ڕێگری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروستدەکەن، لەگەڵ هەموو هەڵمـەتێکی نوێی بانگەشەکاندا سەرلەنوێ ئەم دیاردە ناشارستانیانە دەستپێدەکاتەوە. هەرچەندە بەدەیان سمینارو کۆڕو کۆبوونەوەکان ئەنجام درابێت، یان لەڕێگەی میدیاکانەوە بووبێت هەوڵدەدرێت و داوادەکرێت کەبانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەشێوازێکی شارستانیانە ئەنجامبدرێت و دووربێت لەشێواندنی سیمای شارەکان.
پرسیارەکە ئەوەیە سودی هەڵواسینی ئەم شەڕە پەڕۆیە لەچیدایە؟ ئایا بەم ناشرینکردنانەی بازاڕو کووچەو کۆڵانەکانی شارو شارۆچکەکان هاووڵاتیان دەنگی زیاتر بەکاندیدەکان یان بەحزبی فڵان دەدەن؟ کارەساتەکە لەوەدایە کەهیچ جیاوازییەک لەبەرنامەو تێڕوانینی لیست و کاندیدەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەکاندا نابینرێت لەهەڵمەتی بانگەشەکردنیاندا. هیواداربووین کەجیاوازی لەعەقڵیەتی بانگەشەکردنەکاندا هەبوایە، هیواداربووین کێبڕکێ لەئاستی بەرزی هەستکردن بەپرسیارێتی و مەدەنیبوونی پرۆسەکەو شێوازی بیرکردنەوەی کەسایەتیەکاندا هەبوایە، بەجۆرێک خودی کاندیدەکان ڕازی نەبوونایە پۆستەرو وێنەکانیان بەعەموودی کارەباو ترافیک لایت و بەرزە پردو شەقام و شوێنە گشتیەکان هەڵبواسرێت.
دەبێت هەموو گروپ و لیستەکان ئەوە بزانن کەچەند دیمەنێکی قێزەون و ناشرینە کەشار بەپەڕۆو لۆگۆکانتان دادەپۆشن، چەند لەناخدا هاووڵاتیان نەفرەت لەو جۆرە عەقڵیەتە دەکەن؟ هەموو ئەو پرسیارە دەکەین چی دەبێت ئەگەر تێچوونی ئەو پارانەی سەرفی دەکەن لەوێنەو هەڵواسینی پۆستەری کاندیدەکان بۆ مەبەستێکی خێرخوازی یان بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەکان یان بۆ نۆژەنکردنەوەی خوێندنگاکان، یان یارمەتیدانی خوێندکارە نەدارەکان تەرخانبکرێت؟ چەند سیمایەکی شارستانی و جێگای دەستخۆشی دەبوو ئەگەر هەر لیستێک شەقامێکی سەرەکی یان دیوارێکی ڕاگریان وەربگریاتە لەژێر سەرپەرشتی شارەوانیەکان بۆیاخیان بکردایە، یان دەتوانن لەوێستگە و شوێنی ڕاوەستاندنی پاسەکان ئەوانەی شکێنراون و تێکچوون چاکبکرێنەوەو ئەوانەی چەترو شوێنی دانیشتنی تێدانیە بۆ هاوڵاتیانیان دروستبکردایە، یاخود کاریان لەزیادکردنی سەوزایی باخچەکان و سەر شەقامەکـانیان بکردایە، ئینجانەی شکاوو بەزنجیر بەستراوەکانیان بگۆڕیایە، ئەمانەو دەیان کاری جوانکاری و هەڵمەتی پاککردنەوە دەتوانرێت ئەنجامبدرێت لەبری هەڵمەتی تێکدان و کاولکاری بۆ ئەو کاندیدانەی کە لەدابینکردن ئیمتیازاتی تایبەتی و مسۆگەرکردنی دەستکەوتی خانەنشینی پەرلەمانی لەدوای چوارساڵ هیچ دەستکەوت و چاوەڕوانیەکی ترمان لێیان نابێت.
جا لەپێناو رێگریکردن لەناشرینکردن و پیسکردنی ژینگەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان پێویستە شارەوانی سلێمانی و پارێزگای سلێمانی خاوەن دەسەڵات و بڕیاری یەکلاکەرەوە بن، رێگری بکەن لەداپۆشینی سەرجەم شەقامە سەرەکیەکان و بەرزەپردو پردی پەڕینەوەکان بەنایلۆن و پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ و لۆگۆی حزبەکانیان. پێویستە شارەوانی هەڵوێست و کاردانەوەی جدیانەی هەبێت، تەنها بەسەپاندنی غەرامە چارەسەری ئەم کێشەیە ناکرێت لەکاتی بانگەشەکاندا. ڕەنگە باشترین دەستکەوت بێت بۆ شارەوانی و دەتوانێت نرخ بۆ هەڵواسینی هەر پۆستەرو وێنەی کاندیدێک دیاری بکات، بەپێی قەبارەو ژمارەی پۆستەرەکانیان نرخەکانیان بۆ زیاتر بکرێت، ئەمە جگە لەوەی دەتوانرێت ژمارەی هەڵواسینی پۆستەرەکان سنووردار بکرێت لەو ژمارەیە تێنەپەڕێت کەشارەوانی دیاریدەکات. هەروەها شارەوانی دەتوانێت بارمتەی یاسایی لەهەر کاندیدێک، جگە لەلیست و قەوارە سیاسیەکان وەربگرێت بەرامبەر بەپاککردنەوەو جێنەهێشتنی ئاسەواری بانگەشەکان. پێویستە وێنە هەڵواسین لەهەموو کووچەو شەقامە گشتیەکان لەسەر عەموودی کارەباو بەرزە پردەکان بەهەموو شێوازێک قەدەغە بکرێت.
هەروەها دەستکەوتێکی تری گونجاوە بۆ شارەوانی سلێمانی ب دانانی شاشەی گەورە و سکرین لەچەند شوێێکی دیاریکراو لەناو سەنتەرو شوێنە گشتیەکانی شاردا، تەنانەت لەقەزاو ناحیەکان کەوێنەی کاندیدی هەموو لایەنەکان وەربگرێت بەشێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی لەبەخشینی کات و بەنرخێکی گونجاوو دیاریکراو بۆیان پەخشبکرێت. لەهەمان کاتدا سوودی دارایی بۆ هەموو حزبەکان و کاندیدەکانیشیان دەبێت، لە بەهەدەرنەدانی پارە لەم بارودۆخە خراپەی ئابوریدا، لەبری خەرجکردن و بەهەدەردانی پارەکانیان بۆ بانگەشەکردن و سەرفکردنی لەپۆستەرات و هەڵواسینی پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگدا، باشترە کەشێوازێکی گونجاوتر بگرنەبەر، ئەویش بەدروستکردنی کارتی تایبەت بە زانیاری لەسەر ژیان و چالاکی کاندیدەکان بڵاوبکرێتەوە، دەتوانرێت لەمۆڵەکان و لەبەڕێوبەرایەتی و شوێنە گشتیەکان دابەشبکرێت، ئەمە جگە لەبوونی بەرنامە لەتیڤی و ڕادێویەکاندا، هەرچەندە ئێستا خێراترین و بەربڵاوەترین شێواز کە رۆڵێکی کاریگەرترو بینراوترو پەسەندترە لەلایەن هاووڵاتیان، ئەویش دروستکردنی پەیج و فەیسبوک و دەیان هۆکاری تری سۆشیال میدیایە بۆ پەیوەندیکردن و گەیاندن. لەهەمان کاتدا پێویستە خودی هاووڵاتیان ڕۆڵیان هەبێت و ئەوەندە وشیاربن، کەڕێگە بەتێکدان و پیسکردنی دیواری ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونەکانیان نەدەن، پێویستە هیچ دوکاندارێک ڕێگانەدات وێنەی هیچ کاندێک بەپەنجەرەو دەرگاو دیواری دوکانەکەیەوە هەڵبواسرێت. لەکۆتاییدا دەڵێین ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرو کارەساتی هەڵمەتی کاولکاری بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، وەک داواشکراوە لەڕێگەی کەمکردنەوەی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە کە لەبری مانگێک لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت.
* کۆلیژی یاسا – زانکۆی سلێمانی