دۆسیەی كوژرانی نەقیب محەمەد

ئاسایشی سلێمانی: دۆسیەكە لای ئێمە تەواوبووەو ڕەوانەی دادگا كراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

كەسوكاری نەقیب محەمەد: هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەرمان لا نییە

نەقیب محەمەد لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان، ساڵی رابردوو لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكدا لەگەڵ چەند پۆلیسێك تەقەیان لێكرا، نەقیب محەمەد گیانی لەدەستداو  سێ پۆلیسیش برینداربوون، كەسوكارەكەی دەڵێن دۆسیەكەی هیچ بەرەوپێش نەچووە، ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت كارەكانیان لای ئەوان تەواو بووەو رەوانەی دادگا كراوە.

ئاڵا لەتیف خوشكی نەقیب محەمەد بەهاوڵاتی راگەیاند:» ساڵێك بەسەر شەهیدكردنی كوڕەكەمان  تێدەپەڕێت، نەقیب محەمەد ئەوكاتەی شەهیدكرا لەئەركی فەرمیدا بوو، پاڵپشت بەفەرمانی دادوەر، لەگەڵ چوار ئەفسەری دیكەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا راسپێردرابوون داواكراوێك دەستگیربكەن، بەڵام  هێرشیانكرایەسەر».

وتیشی:»ئێمە هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەرو تازەمان لا نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی رەوشی دادگاییكردنی تاوانبارانی كەیسەكە، كە جگە لەشەهیدبوونی نەقیب محەمەد، برینداربوونی چوار پۆلیسی دیكەو سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و زیاتر لەوەش تاوانی «هەڵاتن لەدەستی یاسا»ی تێدایە».

ئەو خوشكەی نەقیب محەمەد دەڵێت: «وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیركردنی تاوانباراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێكی دادگا بەڕێوەنەچووە، رەنگە زۆریی كەیسەكان لەدادگا وایلێكردبین ئەم دواكەوتنەمان قبوڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەدۆسیەكەدا قبوڵناكەین، بەلاشمانەوە گرنگە بۆ هەموان روون بێت، كە لایەنی داواكار لەسەر ئەم كەیسە تەنها ئێمە نین، بەڵكو حكومەت، وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی پێكەوە هەموومان وەكویەك خاوەنی كەیسەكەین و تەنها رێگەش بەیاساو دادگا دەدەین كاری خۆی بكات».

ئاڵا لەتیف ئەوەشی خستەڕوو:» هەرگیز نە سوڵحمان كردووەو نە سوڵحیش دەكەین، نە هیچ دانیشتنێكی كۆمەڵایەتیی قبوڵدەكەین بەڵكو تەنها چاومان لەدادگایە و هیوامانوایە «یاسا» كاری خۆی بكات و هەر خۆی سەروەر بێت». 

هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی، كەیسەكە لەئاسایشی سلێمانییە، ئەوان لێكۆڵینەوەی تێدا دەكەن، دەڵێت: « ئەفسەری ئێمە بووە و یەكێكین لەلایەنە زەرەرمەندەكان».

سەرچاوەكە وتیشی: «ئەو چوار پۆلیسەی برینداربوون سكاڵایان تۆماركردووەو هێشتا دۆسیەكە كۆتایی نەهاتووە».

راز فریا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت:» ئێمەش وەكو كەسوكاری شەهیدەكە كوڕێكمان لەدەستداوەو چاوەڕێی دەستی ئاسایشن».

هاوكات سەرچاوەیەك لەئاسایشی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكرد:» دۆسیەكەی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە كۆتایی پێهێندراوەو لێكۆڵینەوەكان تەواو كراون، تۆمەتبارەكان سێ كەسن و هێشتا دادگا بڕیاری لەبارەی سزاكەیان نەداوە».

وتیشی:» تا ئەوكاتەی دادگا كەیسەكەیان یەكلایی دەكاتەوە ئەو سێ تۆمەتبارە لەئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرن».

بەڵام سەرچاوەكە ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەكی دیكە لەبارەی دەستگیركراوەكان و چۆنیەتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان ئاشكرابكات، هاوكات رەتیكردەوە هیچ كەسێك  دەستی خستبێتە دۆسیەكەوە.

دەوروبەری كاتژمێر 7:00ی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 4ی كانونی یەكەمی 2021، نەقیب محەمەد لەتیف سەرپەرشتی تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیەكەی دەكرد بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بەناوی (ی، پ) كە لەلایەن دادوەرەوە ماوەی 10 رۆژ بوو بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو، بەتۆمەتی ئازاردانی هاوسەرەكەی، هەر كەتیمەكە دەگەنە تانجەرۆ نزیك ماڵی تۆمەتبارەكە دەدرێنە بەر دەستدڕێژی گولـلە.

ئاسایشی سلێمانی دوای سێ رۆژ لەڕووداوەكە وێنەی دوو كەسی وەكو تۆمەتباری سەرەكی و بكوژی نەقیب محەمەدو برینداركردنی چوار پۆلیسەكە بڵاوكردەوەو داوای هاوكاری كرد بۆ دۆزینەوەیان، ئەوەش گومانی لای كەسوكارەكەی دروستكرد كەتۆمەتبارانی رووداوەكە هەڵاتبن بۆ دەرەوەی وڵات، یاخود لەلایەن بەرپرسێكەوە داڵدەدرابن.

رۆژی 12-4-2022  و دوای پێنج مانگ لەكوژرانی نەقیب محەمەد، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەردانی خانەوادەی نەقیب محەمەد لەتیفیان كردو هەواڵی دەستگیركردنی هەرسێ تاوانبارەكەی پێ راگەیاندن.

نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری مافپەروەر، دەرچوی كۆلێژی یاسا بوو، لەبنكەی خۆرهەڵاتی بەڕێوەبەرێتی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی دەوامی دەكرد.

(ی، پ) تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی نەقیب محەمەد، ماڵی لەتانجەرۆ بووە، چەند جارێك ئازاری بەژنەكەی گەیاندووەو فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەرچووەو  خۆی رادەستنەكردووە، ئێوارەی روداوەكە جارێكی دیكە دەمەقاڵێیان بووە.

هاوسەرەكەی تۆمەتبارەكە پەیوەندی بەپۆلیسەوە دەكات و ناونیشانەكەیان پێدەدات، تۆمەتبارەكەو باوكی بەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەزانن، خۆیان بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەفرەزەكەی پۆلیس ئامادە دەكەن.

سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: «ئەم پیاوە ماوەی 10 رۆژ بووە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو مەفرەزەكەی ئێمە، بەرلەوەی لەئۆتۆمبێلەكە دابەزن، تەقەیان لێكراوە، مەفرەزەكەمان پێنج كەس بوون».

لەبارەی گومانەكان و ناردنی ئەو مەفرەزە پێنج كەسییە بۆ گرتنی تۆمەتبارێك، سەركەوت عومەر وتی: «كەیسەكان لای ئێمە كێشەی توندوتیژی خێزانییە، كەیسی گرتنی بكوژێك یان بازرگانێكی ماددە هۆشبەرەكان نییە، تاوەكو پێویست بكات هێزی گەورە بنێرین بۆ دەستگیركردنی، چەندین ساڵە هەر بەو شێوەیە كار دەكەین».

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لەسلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: «ئەوانەی بەپێی ماددەی ژمارە حەوتی یاسای خێزانی، فەرمانی گرتنیان هەیە هەمیشە بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانیاندا دەكەین، بۆ ئەوەی حەساسیەت دروست نەبێت و نەبینەهۆی گەورەكردنی كێشەكان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار