لهڕۆژنامهی هاوڵاتییهوه...توركیا لەهێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامەو فەڕەنساش هەوڵی رێگری دەدات
مەزڵۆم كۆبانێ: ئەنكەرە خەڵكی مەدەنی دەكوژێتو ژێرخانی وڵاتەكە لەناودەبات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆردومان و تۆپبارانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە بەردەوامە، ئەردۆغان دەڵێت: بۆ دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی تاقوڵایی 30 كیلۆمەتر دەچنە ناو خاكی عێراق و سوریاوە، هەڕەشەكانی توركیا فەرەنسای هێناوەتە سەر خەت و ئیمانیۆل ماكرۆن لەهەوڵی سازكردنی كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتییە سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا، مەزڵۆم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدەش رایدەگەیەنێت توركیا شارەكانمان بۆردومان دەكات و خەڵكی مەدەنی دەكوژێت و ژێرخانی وڵاتەكەمان لەناودەبات و هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكاتە ئامانج لەكاتێكدا ئێمە هەوڵدەدین جارێكی دیكە داعش سەرهەڵنەداتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی كەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان بڵاویكردووەتەوە تەنیا لەماوەی كەمتر لە 15 رۆژدا سوپای توركیا زیاتر لە 150 ناوچەو شوێنی نیشتەجێبوون و چەندین خوێندنگاو نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی بۆردومان و تۆپباران كردووە، كە بەو هۆیەوە ٢٣٥ قوتابخانە داخراون و لە ٢٥١ قوتابخانەش پشوو راگەیاندراوە كە بەهۆیەوە ٢١ هەزارو ٨٤٣ خوێندكارو قوتابی لەخوێندن بێبەش بوون، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە لەئەنجامی بۆردومانەكاندا زیاتر لە 16 هاووڵاتیی مەدەنی و ٢٠ شەڕڤان شەهیدبوون و دەیان كەسی دیكەش برینداربوون كەمنداڵیشیان لەنێواندایە، بەپێی هەواڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستانیش بۆردومان و تۆپبارانكردنەكان بەجۆرێكە تەنانەت لەماوەی 10 رۆژدا توركیا بەتەنیا 200 گولەتۆپی ئاراستەی شارۆچكەی عەین عیسا كردووە.
هەر دەربارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری كوردستان لەلایەن توركیاوە، فەرەنسا بەنیازە لەوڵاتی ئوردن كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی رێكبخات، كۆشكی ئەلیزێ لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی ئەنجامداو لەبارەی بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیاوە گفتوگۆیان كردووەو بڕیارە لەعەممانی پایتەختی ئوردن بەسەرۆكایەتی ماكرۆن و سودانی كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدرێت و سەركردەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەكان ئاشكرابكرێن) بەشداری تێدا بكەن.
ناوەندی دیپلۆماسی كۆمەڵایەتی و ١٦ رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش داوا لەسكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن هەوڵ بۆ راگرتنی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بدات، ئاماژە بەوەش دەكەن شەوی ٢٠ی تشرینی دووەم دەوڵەتی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی دەستپێكردووەو زۆر شوێنی سەربازیی و مەدەنی، ژێرخان و رۆژنامەوانی لەهەرێمەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كردووەتە ئامانج. لەئەنجامی هێرشەكاندا بۆ سەر كۆبانێ، دێرك، شەهبا، عەین عیسا و زرگان جگە لەشەهیدبوونی ژمارەیەك شەڕڤان، ١٦ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و بەدەیان كەس برینداربوون و زیاتر لە ٤٥ شوێنی خزمەتگوزاری وەك وێستگەی وزەی سوتەمەنی، نەوت، غاز، كۆگا، نەخۆشخانەو خوێندنگا كرانە ئامانج كەتوركیا بەم هێرشانە یاسا نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكات و تاوانی شەڕ دەكات.
مەزڵۆم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەوتارێكدا بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست مەترسی هێرشەكانی توركیا دەخاتەڕوو ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: كە حكومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا شارەكانمان بۆردومان دەكات و خەڵكی مەدەنی دەكوژێت و ژێرخانی گرنگ لەناودەبات و هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەكاتە ئامانج، لەكاتێكدا ئێمە هەوڵدەدین جارێكی دیكە داعش سەرهەڵنەداتەوە.
مەزڵۆم كۆبانێ دەڵێت: لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین لەساڵی ٢٠١٨ و سەرێكانی و گرێ سپی لەساڵی ٢٠١٩ بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس و شەڕی جیهانی دژی داعش پەكخست و دوای ساڵانێك بوونی دەسەڵاتی توركیا لەو ناوچانە دەبینرێت كە ئاژاوەو شەڕو نائارامی لەچ ئاستێكدایە. بەڵام كاتێك خۆبەڕێوەبەری ئێمە لەو شوێنانە بوو، پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەكانی ژنان پارێزراو بوون.
حكومەتی توركیاش جگە لەو گرووپانەی كەهاوكاری دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان لەئێستادا بەپێی ئەو زانیارییە میدیایانەی بڵاوكراونەتەوە بەنیازە چەكدارانی گروپی تیرۆریستی (هەیئەی تەحریری شام) كە هەمان رێكخراوی (بەرەی نوسرە)ی پێشووترن و لەلیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدان، لەدژی رۆژئاوای كوردستان بەكاریانبهێنێت و شەڕیان پێبكات.
ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە سەرقاڵی گرنگی پێدانی زیاترە بەو چەكدارە سەلەفییە كوردانەی كە لەڕیزەكانیدا چەكیان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوا بەكاریانبهێنێت.
هاوكات سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی (تەحریری شام) دەیەوێت سەلەفییە كوردەكانی گرووپی ئەنسارولئیسلام بخاتە ژێر چەتری خۆیەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەچەندڕۆژی رابووردوودا تەحریری شام (ئەبو دەردای كوردی) جێگری ئەمیری ئەنسارولئیسلامیان ئازادكرد، بەڵام هێشتا (ئەبو عەبدولڕەحمان كوردی)ی ئەمیری ئەنساریان ئازاد نەكردووەو لەلایان زیندانییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەشی كە بڵاوكراونەتەوە تەحریری شام بەنیازی ئازادكردنی ژمارەیەكی زۆری سەلەفییە دەستگیركراوەكانن كە لەپێشووتردا لەناو رێكخراوەكانی دیكەوە دەستگیریكردوون یاخود لەوانەن كە جیابوونەتەوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەش كەبڵاوكراونەتەوە چەكدارە سەلەفیە كوردەكان بەشداری مەشق و راهێنانێكی قورس دەكەن لەناوچەكانی باشوری رۆژئاوای ئەدلب و لەجەبەل توركمان و جەبەل ئەكراد لەڕیفی لازقیە كە بەشوێنی بڵاوبوونەوەی گرووپە سەلەفییە كوردییەكانی تەحریر شام و هاوشێوەكانی دادەنرێ، پێشووتریش لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا بەرەی تەحریر شام چەكدارە سەلەفییە كوردەكانی بەشداری شەڕی لەعەفرین پێكرد.
فەرحان حاجی عیسا، چاودێری سیاسی لەڕۆژئاوای كوردستان رایگەیاندووە توركیا دەیەوێت واز لەگرووپە هاوپەیمانەكانی دیكەی بهێنێت و تەنیا پشت بەبەرەی نوسرە ببەستێت بۆ ئەوەی شەڕی بەوەكالەتی لەڕۆژئاوای كوردستاندا بۆ بەڕێوەببات، ئەمەش وەك سەرەتایەكە تاناوچەكانی ئیدلب كەگرووپەكانی هاوپەیمانی ئێستای توركیا تیایدا باڵادەستن رادەستی رژێمی سوریا بكاتەوە.
ئەو چاودێرە بڕواشی وەهایە لەقۆناغی داهاتوو ئیدلب دەكەوێتە بازاڕی رادەستكردن و خۆبەدەستەوەدانەوەی نێوان توركیاو سوریاوە، هانی تەحریری شامیش دەدات لەسنوری هێزەكانی سوریای دیموكرات نیشتەجێبن بۆ ئەوەی بەردەوام شەڕ بەهەسەدە بفرۆشن چونكە هەسەدە توانیویەتی تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا كۆبكاتەوە، ئەمەش دژی بەرژەوەندییەكانی توركیایە.