ئێران خۆی لەهێرشی زەمینی بۆ سـەر هەرێمی كوردستان دەپارێزێت

تاران‌و ئەسفەهان‌و تەبرێز چاویان لەڕۆژهەڵاتە بۆ سەركەوتنی شۆڕش

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نزیكەی سێ مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە، رێكارەكانی دەسەڵات نەیتوانیوە كۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان بهێنێت، پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێنرایەوە، سوپای پاسداران دەڵێت: ناڕەزایەتییەكان گورزێكی گەورەیان لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران داوە، بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لەسەرتاسەری ئێران بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە 471 خۆپیشاندەر كوژراون، گروپێك لەهاككەران پێگەكانی سوپای پاسداران هاكدەكەن و دزە بەزانیارییەكان دەكەن و لای سوپای پاسداران دەستگیركردنی نزیكەی 30 هەزار كەس تۆماركراوە.

هاوكات كۆماری ئیسلامی ئێران رێگاكانی بۆ فشاركردن لەحزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و شیكەرەوانی سیاسی دەڵێن: تاران  لەوە تێدەگات ئەگەر بیهەوێت سنوری خاكی هەرێمی كوردستان لەڕێگای وشكانییەوە ببەزێنێت هاوشێوەی سیناریۆی سەدام حسێن بۆ داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە هێرش دەكرێتەسەری بۆیە تاران خۆی دەپارێزێت.

لەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە دەیان كوڕو كچی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناڕەزایەتییەكاندا كوژراون و گڵكۆكانیان بەتارای سور داپۆشراو ئێستا ئەو بەشە لەكوردستان بەراورد بەزۆربەی ناوچەكان لەئێران زۆرترین قوربانی داوەو تاران و ئەسفەهان و تەبرێز چاویان لەڕۆژهەڵاتە بۆ سەركەوتنی شۆڕش.

رۆژهەڵاتی كوردستان تائێستا وەك بزوێنەری ناڕەزایەتییەكان و شۆڕشێكی هاوچەرخ لەئێران لەقەڵەم دەدرێت بۆیە رۆژانە لەتارانی پایتەخت تا زاهیدان لەباشورو مازەندەران لەباكور دروشم بۆ پشتیوانیی كوردو خۆپیشاندانەكانی دەوترێتەوەو  بە رووناكایی وڵاتەكەو شۆڕش ناودەهێنرێت.

ناوهێنانی رۆژانەی كوردستان لەدروشم و ناڕەزایەتییەكانی ئێران وایكردووە كەدەسەڵات لەشێوەی لەشكركێشی هێزێكی زۆری سەربازیی و ئەمنیی رەوانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بكات و ژمارەیەكی زۆری گەنج و لاوی ئەو بەشە لەكوردستان بەتەقەی هێزە سەربازییەكان خوێنیان لەشەقامەكان رژاوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمریكاو ئیسرائیل بەئاشكرا رایانگەیاندووە ئامادەكاریی دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران لەناوچەكەداو بۆ ئەو مەبەستەش مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدەدەن و لەبەرامبەردا تاران پەنا بۆ عێراق و هێزەكانی دەبات كەسنورەكانی توندوتۆڵتر بكەن.

 

سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە (5/12/2022) دوای بەڕێوچوونی مانگرتنی سەرتاسەریی لەبەیاننامەیەكدا جارێكی دیكە هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هیچ نەرمییەك نانوێنێت لەبەرامبەر خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەكاندا.

سوپا خۆپیشاندەرانی بەتیرۆریست و دەستی دەرەكی ناوهێناوەو لەبەیاننامەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كەناڕەزایەتییەكان گورزێكی گەورەیان لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەكەی داوە بۆیە داوای لەخەڵك و دەزگای داد كردووە كە بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییەكان ببێت بۆ خواست و مەبەستی سەرەكییان.

ئەو بەیاننامەیەی سوپای پاسداران پێچەوانەی بەیاننامەكانی پێشوو زیاتر ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی كردووەتە ئامانج و ئاماژەیە بۆ رەوایەتیی سەركوتی خۆپیشاندەران و هەندێك ناوچەی وەك رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای سیستان و بلوچستان بووە بەتایبەت كەدەستەواژەی جوداییخواز بۆ ئەو دوو ناوچەیە بەكاردەهێنرێت.

 

پۆلیسی ئەخلاقی ئێران

داواكاری گشتیی ئێران دوای 79 رۆژ ناڕەزایەتیی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لەوڵاتەكە راگەیاندو جەختی لەوە كردەوە لەمەودا دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و كچان دەكات و رێگەنادات پێچەوانەی یاساو رێساكانی وڵاتەكە جلوبەرگی نەگونجاو لەشوێنە گشتییەكان بەكاربهێنرێت.

رۆژنامەی شەرق بڵاویكردووەتەوە بۆ راستی و دروستی هەواڵەكە پەیوەندییان بەبەشی راگەیاندنی پۆلیسی ئێرانەوە كردووەو زۆر بەتوڕەیی وەڵامی رۆژنامەكەیان داوەتەوەو تەنانەت بێڕێزییان بەپەیامنێری رۆژنامەکە كردووەو پێیان وتووە با راستی و دروستی هەواڵەكە لەسەرۆكی داواكاری گشتی بپرسێت كەئەوەش ئاماژەیە بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیەو ناكۆكیی ناوخۆیی بەرپرسانی دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران.

داواكاری گشتی ئێران رایگەیاند: كۆتایی بە ئەركەكانی پۆلیسی ئەخلاق لەوڵاتەكە هاتووەو ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەكی بەدەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبووەو ئەوەی دایمەزراندووە، هەر ئەوەش هەڵیوەشاندووەتەوە .

پێگەی فەرمیی راگەیاندنی سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران (جامێ جەم) بڵاویكردووەتەوە؛ چیتر هیچ كەسێك لەفڕۆكەخانەكان و میترۆو شوێنە گشتییەكان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێنادرێت و لەماوەی رابردودا دەیان ژن و كچ لەفڕۆكەخانەكاندا بەبێ سەرپۆش هاتوچۆو گەشتیان كردووە.

جامێ جەم ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: كۆمپانیاكان و كارمەندان بەبێ بڕیاری فەرمی حكومەت بێدەنگییان لەئاست هۆشداریی دان بەكەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردووەو ئەوەش پێچەوانەی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

 

كۆچی سوری گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان

رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 80 رۆژە خوێنی گەنجان و لاوانی بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكان لەشەقامەكان دەڕژێت، رۆژ نییە هەواڵی گیانلەدەستدانی بریندارانی ناڕەزایەتییەكان لەنەخۆشخانەكانی ورمێ و تاران و كرماشان و سنە بڵاونەبێتەوەو تا ئێستا لانیكەم ناوو ناسنامەی زیاتر لە 120 كوژراوی كورد بڵاوكراوەتەوە.

ئەوەی مایەی سەرنجە زۆرینەی ئەو كەسانەی كوژراون، كوڕان و كچانی گەنج و لاو بوون كە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 30 ساڵ بووە و كورد وتەنی بەگوللـەی گەرم جوانەمەرگ بوون و تەنها تاوانیان دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواكردنی مافەكانیان بووە لە پێناو ئازادیدا.

ژینا ئەمینی كە تەمەنی 22 ساڵ بو و لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكەیەوە دەستگیركراو دواتر راگەیەنرا بەهۆی لێدانی پۆلیس تووشی جەڵتەی دڵ و خوێنبەربوونی مێشك بووەو پاش چەند رۆژێك بێهۆشی گیانی لەدەستداو تەرمی ساردو سڕی لەشاری تاران-ەوە گەڕێنرایەوە شاری سەقزی زێدی خۆی و لەوێ بەخاك سپێردرا.

ئیستا هەموو ئەو گەنج و لاوانەی لەشارەكانی رۆژهەڵات بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكانەوە گیانیان لەدەست دەدەن وەك هێمایەك بۆ شەهیدبوونیان تارای سور دەبێتە بەرگی گڵكۆكانیان و ئەوەش دیمەنێكی ناخ هەژێن و خەمگینی لەگۆڕستانەكانی بۆكان و مهابادو سەقزو سنەو جوانڕۆو پاوە و كامیاران و كرماشان و ئیلام و زۆربەی شارەكان ئەو بەشە لەكوردستان وێنا كردووە.

كۆچی سوری بەناچاریی گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەرچی بووەتە مایەی شانازیی و سەربەرزیی بۆ كەسوكاریان و تەنانەت خەڵكی كۆمەڵگاكەش، بەڵام بەردەوامبوونی توندوتیژییەكانی هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەو بەكارهێنانی چەك لەدژی خۆپیشاندەران ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراون زیاتر دەكات.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هۆشدارییانداوە كەنزیكەی 50 برینداری ناڕەزاییەتییەكانی ماوەی رابردووی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەنەخۆشخانەكان دۆخی تەندروستییان جێگیرنییە، كەسوكاریشیان لەژێر فشاری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكاندان بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو بریندارانە بڵاونەكرێتەوە.

چالاكوانانی كوردو رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردووە كۆماری ئیسلامی ئێران بەكردەوە جەنگێكی سەربازیی لەدژی كوردو بەلوچ راگەیاندووە بۆیە لەڕۆژهەڵات و پارێزگای سیستان و بەلوچستان بەژمارە هێندەی هەموو شارەكانی دیكەی ئێران كوژراوو بریندار تۆمار كراوە.

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەكانی مرۆڤ هەرانا لە 80 رۆژی ناڕەزایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە 471 كەس كوژراوە كە 128 كەسیان لە سیستان و بەلوچستان بووە و 120 كەسیشیان لە رۆژهەڵات.

 

بێسەروشوێنكردن

لەدوایین ئاماردا تەنها لە رۆژهەڵاتی كوردستان شەش هەزار كەس دەستگیر كراون و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ناوو ناسنامەی نزیكەی دوو هەزار دەستگیركراویان بڵاوكردووەتەوەو بەپێی بەڵگەیەكی نهێنیش كە بەهۆی هاككردنی پێگە ئەلیكترۆنییەكانی سوپای پاسداران بڵاوكراوەتەوە، ئاشكرابووە لەسەرتاسەری ئێران 29 هەزارو 400 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون كە 115 كەسیان سەر بەهێزە ئەمنییەكان بوون.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە لەئێستادا 18 هەزار و 210 كەس بەبێ دەستگیرکراوەكانی رۆژهەڵات لەزیندانەكان و ناوەندە ئەمنییەكان بەبیانوی بەشداریی لەناڕەزایەتییەكان دەستبەسەرن و چاوەڕێی سزای دەزگای دادی ئێران دەكەن .

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە 300 كچ و كوڕ لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترەو چارەنووسیشیان نادیارە.

مێرمنداڵان و سزای سێدارە

دوو مێرمنداڵی بەلوچ لەلایەن دادگایەكی ئێران تۆمەتبار دەكرێن بە «دژایەتی خودا» و رێكخراوەكانیش هۆشداریی دەدەن لەسەپاندنی سزای سێدارە دژی ئەو دوو برایە.

محەمەدو عەلی رەخشانی كە دوو بران لە ناڕەزایەتییەكانی شاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان لەبەردەم ماڵی خۆیان دەستگیركراون و دادگا تۆمەتباری كردون بەیاسای (دژایەتی خودا) كە بەپێی یاساكە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە.

ئەو دوو مێرمنداڵە تەمەنیان 16 و 17 ساڵەو رۆژی هەینی خوێناوی كە نزیكەی 98 بەلوچ لەشاری زاهیدان كوژران لەبەردەم ماڵەكەیان دەستگیركراون و نزیكەی 70 رۆژە لەزینداندان.

 

هاككردنی سوپای پاسداران

گروپی هاككەری (بلاك ریوارد) دوای هاككردنی ژمارەیەك پێگەی تایبەت بەسوپای پاسدارانی ئێران، ژمارەیەك بەڵگەنامەی نهێنیی بڵاوكردووەتەوە كە هۆشدارایی دراوە لەبەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.

لە راپۆرتێكی نهێنیدا كە رادەستی حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران كراوە، ئاماژە بەترسی هێزە ئەمنییەكان و بەرەنگاربوونیان لەلایەن خەڵكەوە كراوەو هۆشداریی داوە كە ئەو هێزانە لەسەركوتی خەڵك ترساون بەتایبەت كەژمارەیەكیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رووت كراونەتەوە و لێیان دراوە.

لەبەشێكی دیكەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە 84٪ی خەڵك پشتیوانیی لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەكەن و ئەو ناڕەزایەتییانە بەهۆكارێكی دەربازبوون لەقەیرانە ئابوریی و سیاسییەكان دەزانن.

هەر لەبەڵگەنامەیەكی دیكەدا ئاشكرابووە لەسەرەتای ناڕەزایەتییەكاندا دادگاكانی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر 80 كەسدا سەپاندووەو دواتر بەهۆی بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بڕیارەكە راگیراوەو لەئێستادا 28 كەس لەژێر هەڕەشەی پەتی سێدارەدان

 

لەشۆڕشی رۆژهەڵاتەوە بۆ ململانێی ئێران و ئەمریكاو ئیسرائیل

ئێران لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان زۆرترین هێرشی موشەكی كردووەتە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان و چەند جاریكیش رایەگەیاندووە؛ هاوكات سوپای پاسداران بە راگەیەنراوی فەرمی هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر بەغداو هەولێر رێگریی لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكەن ئەوا بەهێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ناوەستێتەوەو لەڕێگەی وشكانییەوە هێرش دەكاتەسەر هەرێمی كوردستان.

شیكەرەوانی سیاسی رایانگەیاندووە؛ ئێران لەوە تێدەگات ئەگەر بیهەوێت سنوری خاكی هەرێمی كوردستان لەڕێگای وشكانییەوە ببەزێنێت هاوشێوەی سیناریۆی سەدام حسێن بۆ داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە هێرش دەكرێتەسەری، بۆیە تاران بۆ خۆپاراستن لەو سیناریۆیە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بانگهێشت كردە وڵاتەكەی و ئامانجی سەرەكیی گفتوگۆكانی سودانی و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوەیە هێزەكانی عێراق بەشێوەیەكی چڕ بچنە سەر سنورەكان.

ئەوە لەكاتێكدایە ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدوایین لێدوانی رۆژنامەوانیدا دانی بەو راستییەدا نا كە لەتاران داوا لەسودانی كراوە كەعێراق بەڵێنەكەی بۆ دانانی هێزەكانی لەسەر سنور جێبەجێ بكات، كەئەوەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران.

لەلایەكی دیكەشەوە هەفتەی رابردوو ئەمریكاو ئیسرائیل مانۆرێكی هاوبەشی سەربازییان لەدەریای ناوەڕاست ئەنجامدا كە بەئاشكرا رایانگەیاند یەكێك لەئامانجەكانی ئەو مانۆڕە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بەگشتی.

یائیر لاپید، سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل ئاشكرایكرد كە لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای وڵاتەكەی و سوپای ئەمریكا لەمانۆڕە هاوبەشەكەدا كۆبووەتەوەو ئامانجی سەرەكیی مانۆڕەكە ئامادەكارییە بۆ جەنگێكی هاوشێوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێران.

ناوەندی فەرماندەیی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا هەر سەربارەت بەو مانۆڕە رایگەیاند یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی ئەو مانۆڕە هاوبەشە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی موشەكییە لەناوچەكەدا كەمەبەستی لەهەڕەشە موشەكییەكانی ئێران بوو بەتایبەت كەسوپای پاسداران دەیان جار هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەكیی لەدژی ئیسرائیل كردووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار