كەركوك؛ كۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاك شارەكە هەراسان دەكات

بەڵگەی كەمتەرخەمی دامەزراوەكان دەدرێتە دەستەی نەزاهە

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

زبڵ و خۆڵ و خاشاك پارێزگای كەركوكی تەنیوەو گەر بەڕێبواریش بەسەر شەقامەكانی ئەو پارێزگا پڕ لەنەوتەدا تێپەڕیت دیمەنێكی زۆری زبڵ و خۆڵ و خاشاكی ماڵان بەدیدەكرێت، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك دەڵێت: پێش ساڵی 2020 مانگانە بڕی ملیارێك و دووسەد ملیۆن دینار تەرخاندەكرا بۆ پاكکردنەوەی ناوشار، بەڵام دواتر وەزیری دارایی عێراق بڕەكەی كەمكردەوە بۆ 200 ملیۆن دینارو  چارەسەرنەكردنی ئەم گرفتەش زیاتر هۆكارێكی سیاسییە، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێك دەڵێت: ئەو پارەیەی بۆ شارەوانی دانراوە بەشی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان دەكات، بۆ ئەم كێشەیەش هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهە.

كۆنەكردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاكی كەركوك سیمایەكی ناشرینی بەپارێزگاكە بەخشیوەو ژینگەپارێزان دەڵێن ئەم گرفتە مەترسییەكی زۆر بۆ ژینگەی كەركوك دروستكردووەو بەرپرسانی شارەكە خۆیان بەبەرپرسیار نازانن بەرامبەر ئەم مەترسیەو كەتەرخەمن.

عەلی عەبدولڕەحمان، چالاكوانی شاری كەركوك بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «شارەوانی رۆژانە نایەت زبڵ و خاشاكی ماڵان كۆبكاتەوە، ئەمەش وادەكات زیاتر  كۆببێتەوەو وەكو بەستەڵەكی لێبێت و ئەوكاتە دێن كۆیدەكەنەوە، ماڵانیش ناچار دەبن هەمووی لەسەر شەقامە گشتییەكان فرێبدەن و تاتیمەكانی شارەوانی بێن و بیبەن، تیمەكانی شارەوانیش بەهیچ شێوەیەك نایەن ماڵ بەماڵ كۆی بكەنەوە بەڵكو هەمووی لەیەك شوێن كۆدەبێتەوە، ئەم كێشەیە بەزۆری لەگەڕەكە كوردیەكاندا دەبینرێت».

وتیشی:» زۆرجار ئەو كارمەندانەی كەدێن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك پارە لەماڵان وەردەگرن و یەك بەیەك لەدەرگاكان دەدەن بۆ پارە، هەموو ئەمانە دەلالەتن لەوەی كە بەرپرسانی ئەم شارە بێ دەربەستن و خەمخۆری ئەم شارە نین بۆیە حاڵی بەم شێوەیە گەیشتووە».

ئەدهەم ئەحمەد چالاكی بواری ژینگە  باس لەمەترسیەكانی پیسبوونی شارەكەیان بۆ هاوڵاتی كردو وتی:»  ئێمە وەك رێكخراوێكی بواری ژینگە بەرپرسانی شار بەبەرپرسیار  دەزانین بەرامبەر پیسبوونی ژینگەی شارەكە، چونكە لەكاتی كۆبوونەوەی  خۆڵ و خاشاكی ماڵاندا لەكاتی بارانباریندا ئەو ماددە خراپانەی كەتێیدایە تێكەڵ  بەخاك و ئاوی شارەكە دەبێت و هۆكارێكە بۆ ژەهراوی بوونی ئاوی شارەكە و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و میكرۆب بەهۆی هەواوە كەدەگوێزرێتەوەو  چەندین زیانی دیكەی هەیە، كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كەپاشماوە و خاشاك و زبڵی زۆری تێدا فڕێدەدرێت، لە زۆربەی كۆڵانەكان زبڵ بۆگەنی كردووەو تەنها حكومەتیش بەرپرسیارە لەم گرفتە».

«لەگەڵ پیسبوونی ژینگەدا كاریگەری دوولایەن دەردەكەوێت بەچاو دەبیرێت كاتێك بەناو گەڕەكەكانی شاری كەركوكدا دەڕۆی دەبینیت رۆژانە چ كارەساتێكی بەسەردا دێت، ئەمە جگە لەوەی سیمای شار زۆر  ناشیرین كردووەو كۆڵانەكان شێوەی پاشماوەكانی گرتوە، پێویستە لەسەر تاكی كەركوك خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەپیسبونی شارەكەیان، هەروەها حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكان دەبێت بەسمینارو رێنمایی و بەرنامەو كاری هاوبەش لەگەڵ خەڵكداو هاندانی  خەڵك بۆ ئەنجامدانی كاری ژینگەپارێزی كەپەیوەندی بەڕەوشتی كۆمەڵگاوە هەیە كار بۆ پاكڕاگرتنی شار بكەین»، ئەدهەم ئەحمەت وای وت.

هاوكات ئەحمەد رەسول هاووڵاتیەكی شاری كەركوكە بۆ هاوڵاتی وتی:» هەندێ كات شارەوانی مانگێك جارێك دێن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان لەدەرگاكەت دەدەن گەر نەیكەیتەوەو پارەیان پێنەدەیت بۆت فڕێنادەن، لەهەموو شەقام و كۆڵانەكانی كەركوكدا تێپەڕیت ئەم دیمەنە دەبینیت و هاوینان بۆنی ناخۆشی پاشماوەی ماڵان ژیانی لێ هەراسان كردووین «.

وتیشی:  «بۆ نموونە رێگای دەرەوەی كەركوك كەڕێگای خارجی پێدەوترێت بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی  زبڵ و دەروازەی شارەكەی تەنیوە، زۆربەی  ماڵان خۆیان پارە دەدەن بۆ كۆكردنەوەی، ئێمە دەپرسین ئەی شارەوانی ئیشی چیە، ئیتر ئەمە گرفتە تەنها بێباكی لایەنی بەرپرسە بەرامبەر ئەم شارە كەشارێكی بێ ساحێبە«.

سەبارەت بە كۆنەكردنەوەی خۆڵوخاشاكی شارەكە، فەرەیدون زەنگەنە سەرۆكی شارەوانی كەركوك  بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەساڵی 2020ەوە ئاستی پاكکردنەوەو كۆكردنەوەی پاشماوەی ماڵان بەرەو خراپبوون رۆیشتوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەپێشوتردا بۆ یەك مانگ ملیارێك و دووسەد ملیۆن تەرخانكراوە بۆ پاكکردنەوەی ناو شاری كەركوك، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە بڕی ئەو بودجەیە زۆر كەمكرایەوە بۆ دووسەد ملیۆن، كە لەلایەن وەزیری دارای عێراقەوە كەمكرایەوە  ئەمەش بووە گرفت بۆ شارەكەمان كە ناتوانین وەك پێویست خۆڵوخاشاكی ماڵان كۆبكەینەوە».

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» بەهۆی كەمی بودجەو ئالیاتەوە ناتوانین فریای ئەم شارە بكەوین و جیاوازیمان نەكردوە لەگەڵ گەرەكی نەتەوە جیاوازەكاندا كەباس لەوە دەكرێت كوردنشینەكان پشتگوێخراون، بەڵام ئەو گەڕەكانەی كە تەجاوزن كەمتر دەتوانین تیمەكانی پاكکردنەوە  ئەو شوێنانە پاكبكەوەو زۆرێك لەگەڕەكە كوردیەكان دەكەونە دەوروبەری كەركوكەوە یان تەجاوزەكانن بۆیە وەك پێویست تیمەكان فریایان ناكەون».

وتیشی،» فرێدانی خۆڵوخاشاك لەلایەن هاووڵاتیانەوە رۆژانە بەهەزار بۆ هەزارو 200 تۆن مەزەندە دەكرێت، بەو بودجەیەی بۆمان تەرخانكراوە ناتوانین هەمووی كۆبكەینەوە، بۆیە زبڵ و خاشاك كۆدەبێتەوە هەندێ كات مەمنونین هەفتەیەك جارێك زبڵی ماڵان یان هی  گەڕەكێك بكۆبكەینەوە».

سەرۆكی شارەوانی كەركوك دەڵێت:»بەهۆی ئەم بابەتەشەوە ماڵان خۆیان ناچاردەبن ئۆتۆمبێلی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بگرن و  پارە بدەن بۆ ئەوەی پاشماوەی ماڵان كۆبكاتەوە، گەر ئێمە وەك پێویست هاوكار نەبین خەڵكیش ناچارە ئەمە بكات  و  جگەلەمەش هەر  كارمەندێكی كۆمپانیای پاككەرەوە پارەی دیكە وەربگرێت هاووڵاتیان  دەتوانن ئێمە ئاگاداربكەوە و ئیجرائات دەكەین لەگەڵ ئەو كارمەندەو بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش دەیان جار سەردانی لایەنی پەیوەندیدارم كردووە بەڵام هەر وەكوخۆی ماوەتەوە هۆكارەكەشی سیاسیە».

بەڵام ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لەسنوری پارێزگای كەركوك بەهاوڵاتی وت:» ئەو بڕە پارەیەی كەدابینكراوە بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان بەشی هەموو كەركوك دەكات و بەڵام شارەوانی هەموو ئامێرەكانی ناخاتەكار بۆ ئەم مەبەستە و زیاتر گەڕەكە كوردییەكانی وەك  پەنجا عەلی، شۆراو، دەروازە، فەیلەق، كوردستان فەرامۆش كراون».

وتیشی،» شارەوانی ئامێرەكانی خستۆتەكار بەجیا زبڵ و خاشاكی ماڵان كۆدەكەنەو لەبەرامبەردا پارە لەهاووڵاتیان وەردەگرن و گەر ماڵان پارە نەدەن بۆیان فرێنادەن، بۆیە خەڵك ناچارە فڕێی بدات لەسەر شەقامەكان، سەرباری ئەوەش كۆمپانیاكان كە لەنزیكی شار زبڵەكە فڕێدەدەن و ئاگری تێبەر دەدەن ئەمەش جارێكی تر كێشەی ژینگەی بۆ شار دروستكردووە «.

روونیشیكردەوە: «بۆ ئەم كێشەیە هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهەو لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قسەمان كردووە و كارمان بۆ كردووەو پێمانوایە لایەنی پەیوەندیدار سستە لەبەدواداچوون بۆ ئەم گرفتانە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار