دهۆك؛ پیشەوەران ئامادەنین بچنە ناوچە پیشەسازییە نوێیەكە

پیشەوەران: پارەی زیادمان لەسەر ئەژماركراوەو پرۆژەكە كەموكورتی تێدایە

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

كۆمەڵگایەكی نوێی پیشەسازیی لەدهۆك بۆ ئەو خاوەنكارانەی لەپیشەسازی كۆن كاردەكەن دروستكراوە، خاوەنكارەكان ئامادەنین بچنە كۆمەڵگا نوێیەكەو  دەڵێن: شوێنەكە دوورەو پرۆژەكە كەموكورتی تێدایەو كۆمپانیای سەرپەرشتیاری پرۆژەكە راستی لەگەڵا نەكردووین، جگە لەپارەی شوێنەكان پارەی خزمەتگوزاریەكانیشیان لەسەر ئەژماركردووین، خەڵكی  دەرەوەی شارەكەش بەتابیەت ئاوارەكان و خەڵكی عەرەب و رۆژئاوا شوێنیان لەو پیشازییە كڕیوە، لەبەرامبەردا شارەوانی دەڵێت: هەركەسێك پابەند نەبێت رێوشوێنی یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر، هاوكات ئەو مۆڵەتەی شارەوانی بۆ گواستنەوەی پیشەوەرەكان دەستنیشانی كردووە، كەمتر لە سێ هەفتەی ماوە، تائێستاش كەس شوێنەكەی نەگواستووەتەوە.

45 رۆژە مۆڵەت دراوەتە ئەو كەسانەی لەپیشەسازی دهۆك كاردەكەن، شوێنەكە چوڵبكەن و كەلوپەلەكانی خۆیان بگوازنەوە بۆ شوێنە تازەكە لە ئاڵوكا كە  دوو بۆ سێ  كێلومەتر دوورە لەپیشەسازی كۆن، پیشەوەرانی دهۆك مۆڵەتەكەیان 20 رۆژی ماوە.

شوێنە تازەكەیان لەناوچەی ئاڵوكا كەدەكەوێتە باشوری شاری دهۆك پێی دووترێت كۆمەڵگای پێشەسازی نوێی ئۆتۆمبێلان، لەمانگی 10ی ساڵی 2019 دەستكراوە بەجێبەجێكردنی، پرۆژكە لەسەر رووبەری زیاتر  لە 360 دۆنم زەوی دروستكراوە، زیاتر لەدوو هەزار دوكان و شوێنكار لەپرۆژەكەدا هەن، رووبەری هەریەكێكیان لە 40 مەترەوە دەستپێدەكات تاوەكو 1000 مەتر، بودجەی پرۆژەكە 70 ملیۆن دۆلارە.

زانا ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەشتیاری پرۆژەكە بەهاوڵاتی رایگەیاند:»تەواوی پرۆژەكە لەسەر ستانداردی نێودەوڵەتی دروستكراوە، سیستەمی ئاو، كارەبا، ئاگركوژێنەوە هەموو لەژێرزەوی دروستكراوە، لەتشرینی یەكەمی 2019 دەستمانپێكردو لەئاداری ئەمساڵ تەواوبوو، رادەستی حكومەتیش كراوە، تەنیا ئەوە ماوە بەفەرمی بكرێتەوە».

وتیشی:» شارەوانی دهۆك مۆڵەتی 45 رۆژی داوەتە ئەو كەسانەی كەئێستا لەپیشەسازی كۆنی دهۆك كاردەكەن كەلوپەلی خۆیان بگوزانەوە بۆ شوێنە تازەكەیان، ئەو شوێنەی ئێستا دەبێت چوڵبكەن و پێشتر بۆ هەر كەسێك كە لەو شوێنە ئیشدەكات قەرەبووكراوەتەوە بەدوكانێك لەپرۆژە تازەكە، ئەو كەسانە تەنیا كرێی دروستكردنی دوكانەكەی دەدات، ئەویش كراوەتە قیست بۆ ماوەی چوار ساڵ، مانگانە 200 دولار دەدات».

«ئەوانەی ئێستا لەپیشەسازی كۆن كاردەكەن نزیكەی هەزارو 60  كەس دەبن، لەپرۆژە تازەكە، هەلی كار بۆ شەش تا 10هەزار كەس رەخسێنراوە، زیاتر لە19 كاری نوێی تێدان وەكو ئاسنگەری، وایەرمەن، گێچ و بڵانس، بۆیاغی ئۆتۆمبێل، پێشانگای ئۆتۆمبێل لەگەڵ زۆر كاری نوێ، هیج دەستكاری پرۆژەكە نەكراوە، رووبەری هەر دوكانێك لە40 مەترەوە دەستپێدەكات تاوەكو 1000مەتر، هەر پیشەوەرێك بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان خۆی و كۆمپانیاكە واژۆكراوە دەگاتە مافی خۆی، ئێمەش ئاسانكاریمان كردووەو پارەكەمان كردووە بەقیست مانگانە تەنها 200 دۆلار دەدرێتە كۆمپانیاكە» زانا ئیبراهیم وای وت.

بەڵام حاجی ئیبراهیم حەجی، كە 35 ساڵە دوكانی فرۆشتنی كەلوپەلی ئۆتۆمبێل لەپیشەسازی كۆن لەگەڕەكی بەرۆشكی هەیە، ئامادەنیە بڕیارەكەی شارەوانی جێبەجێ بكات و بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:» ئەو شوێنەی ئێستا دروستكراوە لەناوچەی ئاڵوكا بۆ ئێمەو هەموو خەڵكی دهۆك زۆر دوورە، هەروەها پرۆژەكە زۆر كەموكورتی هەیە، بەنموونە لەدوكانەكەی مندا توالێت دروست نەكراوە، هەروەها خاوەن كۆمپانیاكە درۆیان لەگەڵ من كرد، سەرەتا وتیان 60 مەترە، دواتر دەركەوت 58 مەترە، لەهەمووشی ناخۆشتر خەڵكی بیانی بەتابیەت ئاوارەكانی شنگال و خەڵكی عەرەب و رۆژئاوا شوێنیان لەو  پیشازییە كڕیوە».

وتیشی:»ئێمە گرێبەستمان ئیمزاكردووە بەڵام زورینەمان نەخوێندەوارین نەمانزانی لەگرێبەستەكەدا چی نووسراوە، تەواوی پارەی دروستكردنی دوكانەكەم داوە، كەئەویش دەفتەرێك و 22 وەرەقە بوو.

عادل حەسەن، كەپیشەوەرێكی ترەو شوێنی بۆیاغكردنی ئۆتۆمبێلی هەیە لەپیشەسازی كۆن بەهاوڵاتی وت:»راستە ئەو پرۆژەیە جوان دروستكراوە بەڵام لەناوەڕۆكدا كۆمەڵێك كەموكورتی و كێشەی هەیە، بۆ ئەوانەی سەردانمان دەكەن دوورە، دوو سێ جار باران باریوە ئاو چووەتە ناو دوكانەكان، لەكۆی دوو هەزار پیشەوەر تەنها چەند كەسێك رازیین، ئەوانەش ئەو كەسانەن كە جگە لەوەرگرتنی دوكانێك پارچە زەویەكیشیان وەرگرتووە، سەرووی 98 لەسەدی رازی نین بچنە شوێنە تازەكە».

وتیشی:»زیاتر لە30 ساڵە ئێمە لەپیشەسازی كۆن ئیشی خۆمان دەكەین و خەڵك بەئاسانی و لەكەمترین كات دێنەلای ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە، ئەو پرۆژەیەی ئێستا دروستكراوە زیاتر مەبەستێكی بازرگانی لەپشتەوەیە، تەنها لەبەرژەوەندی خاوەن كۆمپانیاكەیە».

عادل حەسەن زیاتر دواو وتی: «ئەو پارەیەی كەئێمە مانگانە دەیدەین تەنها كرێی دوكانەكە نیە چونكە بۆ دروستكردنی دوكانێك پارەیەكی كەمی تێدەچێت، بەڵام ئەوان تێچووی شەقامە ناوخۆییەكان و خزمەتگوزاری تر وەكو دروستكردنی مزگەوت و زۆر شتی تریان لەسەر ئێمە ئەژماكردووە، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە».

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون، لەناو خەڵكدا باس لەوەدەكرێت شوێنی پیشەسازیە كۆنەكە دەكرێتە پاركێكی گەورە، دەنگۆیەكی تریش هەیە كەدەكرێتە پرۆژیەكی نیشتەجێبوون.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەروكایەتی شارەوانی دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:»پێش دەستپێكردنی پرۆژەكە هەموو خاوەن پیشەوەرانی بەرۆشكی ئیمزایان لەسەر گرێبەستەكە كردووە، شارەوانی دهۆك فەرمانێكی دەركردووە بەپێی ژمارە(6621) دەبێت خاوەن پیشەوەرانی بەرۆشكی لەماوەی 45 رۆژ شوێنەكانی خۆیان چوڵبكەن، هەر كەسێك پابەند نەبێت رێكاریی یاسایی لەدژی دەگرینەبەر ئەوەش بەپێی ئەو گرێبەستەی كە لەنێوان خۆی و خاوەن كۆمپانیاكەدا كراوە كەپێشتر هەردوولا ئیمزایان لەسەركردووە».

وتیشی:»تەنها 20 رۆژ ماوەو موڵەتەكە تەواو دەبێت، پرۆژەكە لەمێژە تەواو بووە، تائێستا بڕیارنەدراوە كە ئایا موڵەتەكە درێژ دەكرێتەوە یان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بڕیاری كوتایی لەلایەن سەروكایەتی شارەوانی دهۆك و كۆمپانیای جێبەجێكارەوە دەدرێت».

ئیسماعیل مستەفا دەڵێت: «تائێستا هیچ پیشەوەرێك كەلوپەلی خۆیان نەگواستووەتەوە شوێنە تازەكە، پیشەوەران دڵنیادەكەینەوە كەهیچ كێشەیەك لەپرۆژەكەدا نیە، ئەگەر كێشەیەكیش دروستبێت ئەوا كۆمپانیاكە چارەسەری دەكات، پێمان سەیرە ئێستا پشەوەران دەڵێن شوێنەكەی خۆمان چوڵناكەین، چونكە پێش دەستپێكردنی پرۆژەكە ئەوان رازیبوونی خۆیان نیشانداوەو گرێبەستیان ئیمزاكردووە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار