ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵ‌و هەرزەکاران

2 ساڵ لەمەوپێش



سان سەرڤان لەڕێکخراوی ئینتەرنیوز

یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دوودڵی و رارایی ڤاکسین کە پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جاریش لەدەرەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگادا، پرسی پێکووتەکردنی منداڵانە بەڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩. لەئێستادا ئەم پرسە گومانێکی گەورەی لای دایک و باوکان و بەخێوکەران جێهێشتووە، سەرباری بوونی ئەو گومانانەی کە گەورەکان رووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە.

هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا، گەورەترین بارگرانی دەرئەنجامە تووندەکانی پەتاکە کاریگەریی گەورەی کردۆتەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تریان هەیە. بۆیە بەئێستاشەوە ئەم تۆێژە لەکۆمەڵگا بوونەتە دەستەیەکی لاواز لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەی کە بەرۆکی تێکڕای مرۆڤایەتی گرتووە. لەسەرەتادا پەتای کۆڤید-١٩ کەمترو ئاسانتر بوو لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا بەبەراورد بەگەورەکان. بۆیە لەسەرەتای داهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩ لەمانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، سەرنج خرابووە سەر پێکووتەکردنی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشن لەگەڵ گەورەساڵاندا.

 لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەتای کۆڤید-١٩، منداڵان بەڕێژەیەکی کەمتر لەگەورەساڵان و سووکتر پەتاکەیان دەگرت یان دەبوون بەهەڵگری ڤایرۆسەکە کە ئەمەش مایەی مەترسی بوو بۆ گواستنەوە و تووشکردنی گەورەکان بەڤایرۆسەکە، هەروەها ئەگەری کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات.

 بەتێکڕا، ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢  وا نیشانی دەدەن کە ٦٢٧،٥٧٣،٥٩٧ کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشبوون و ژمارەی پێوانەیی مردووان گەیشتووەتە ٦،٥٧٠،٣٦٣ کەس. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی -عێراق، ژمارەی تووشبووان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ٢،٤٦١،٢٤٧ کەس و لەگەڵ ژمارەی ٢٥،٣٥٨ کەس کە گیانیان لەدەستەداوە، شایانی باسە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە بەفەرمی تۆمارکراون.

ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا سەیری ئەم داتایانەی خوارەوە بکەین  کەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆماری کردووە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران ئەوا هەست بە گۆڕانکارییەکان و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەکەین و هەروەک چۆن بەر کاریگەرییەکانیشی دەکەوین لەم هەرێمەی ئێمەو لەسەرانسەری جیهاندا.

لەقۆناغی سەرەتایی پەتاکەدا لە ٣٠ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ تا ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ داتاکان ئەوە دەردەخەن کەمنداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ٢٪ی پێکهاتەی تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان نیشانداوە (١،٨٩٠،٧٥٦منداڵ) هەروەها بەڕێژەی ٠.١٪ لەمنداڵی تووشبوو بەکۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان مردوون (١،٧٩٧ منداڵ). لەهەمان کاتدا، منداڵانی تازەپێگەیشتوو و هەرزەکاران (٥-١٤ ساڵ) لە ٧٪ (٧،٠٥٨،٧٤٨ منداڵ) لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون کە ٠.١٪ (١،٣٢٨ منداڵ) تۆماری مردنیان بۆ کراوە. بەجیاوازیی لەو هەرزەکارانەی ١٥-٢٤ ساڵن لە ١٥٪ یان (١٤،٨١٩،٣٢٠ هەرزەکار) تووشی کۆرۆنا بوون کە ٠.٤٪ (٧،٠٢٣ هەرزەکار) تۆماری مردنیان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان. مردنی گەنجانی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵ بەپەتای کۆڤید-١٩، کەمتر لە ٠.٥٪ ی ئاستی مردنی جیهانیی پێکهێناوە. 

رەنگە تائێستا بەهۆی هەبوونی نیشانەی سووك یان دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩ وای لەئێمە کردبێت کەمتر سەرنج بخەینە سەر کەیسی منداڵان و هەرزەکاران هەروەها کەمتر چاودێریمان کردبێتن و لەمیدیادا گرینگییەکی ئەوتۆمان پێنەدابێت. رەنگە لەبنەڕەتدا کەیسی منداڵان و هەرزەکاران کەمتر راپۆرت کرابن و برابێتنە نەخۆشخانەو سەنتەرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەلایەن دایك و باوکانەوە، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی وەك نیشانەکانی ئەنفلووەنزا دەرکەوتبێتن.

بەڵام راستییەکی سەلمێندراو هەیە کەکەیسەکانی کۆڤید-١٩ لەمنداڵاندا لەکاتی جۆری ئۆمیکرۆندا بەشێوەیەکی زۆر زەق و دراماتیکی بەرزبووەتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کەوڵاتان رێکارەکانی خۆپاراستنیان بەجۆرێک شل کردەوە وەک ئەوەی کاریگەریی و مەترسیی کۆڤید-١٩ کەمیکردبێت. بۆ نموونە لەولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تامانگی تەممووز ٢٠٢٢ (١٤،٠٠٣،٤٩٧) کەیسی منداڵ تۆمارکرا کەئەمەش رێژەی ١٨.٦٪ی تێکڕای کەیسە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-١٩ پێکدەهێنێت. لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ٢٤ی مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ منداڵانی خوار پێنج ساڵان لە ٢.٤٧٪و ئەو منداڵانەی کە ٥-١٤ ساڵن لە ١٠.٤٤٪ ی کەیسی تووشبووانی کۆرۆنا پێکدەهێنن. کەیسی هەرزەکاران و گەنجان لە ١٥-٢٥ ساڵان لە ١٣.٩١٪ی تێکڕای کەیسی تووشبووانیان تۆمارکردبوو. منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ٠.١١٪ی ئەژماری تێکڕای مردووەکانی جیهان پێکدەهێنن لەکاتێکدا منداڵانی ٥-١٤ ساڵ لە ٠.٩٨٪ی تێکڕای مردووانی کەیسی کۆرۆنا پێکدەهێنن هەروەک چۆن ئەم رێژەیە لەناو هەرزەکاران و گەنجاندا ٠.٣٧٪ پێکدێنێت. 

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کەئایا گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی  ناو ئەم داتایانەی سەرەوە ئاماژە بەهیچ مەترسییەك و دڵەڕاوکێیەك دەکەن؟ ئایا تاچەند میدیای کوردی و ناوچەیی و عێراقی ئەم کێشەیەیان بەرجەستە کردووەو پرسی تەوەری  منداڵ و کۆڤید -١٩و ڤاکسینەکانیان وروژاندووە؟ لەڕاستیدا سەرجەم میدیا کوردی و عێراقییەکان زۆر بەدەگمەن یان هەر رووماڵی ئەو بابەتەیان نەکردووەو هیچ شیکارێك و بەرچاوڕوونیان نەخستۆتە بەردەم خوێنەران، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەوەرە پرسیارگەلێکی زۆری دایکان و باوکان و بەخێوکەرانە لەپلاتفۆرماکانی سۆشیال میدیادا. لەسەر میدیا پێویستە هەموو بەڵگە زانستی و پشتڕاستکراوەکان بخاتە بەردەم بەخێوکەران تاخۆیان بڕیاری چارەنووسازانە بدەن لەسەر تەندروستیی منداڵەکانیان.

لەدوای هاتنی ئۆمیکرۆنەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە نیشانەکانی کەمتر تووندە بەگشتی جۆرێك خاوبوونەوە بەدیدەکرێت لەوەرگرتنی پێکووتەدا لەسەرتاسەری عێراق بەڵام ئەم نیشانە هێواشانەی ئۆمیکرۆن کاریگەرییە ترسناکەکانی کۆڤید کەمناکەنەوەو مانای ئەوە نییە کە کۆڤید-١٩ بنبڕ بووە.

ئامارەکانی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا وا ئاماژە دەکەن کە  ١١،٢٣٤،٣٤٧هاوڵاتی ژەمە ڤاکسینی یەکەمی وەرگرتووەو  ٧،٨٩٩،٣١٥ هاووڵاتیش دووەم پێکووتەیان وەرگرتووەو ٢٦٠،٣٨٨ هاووڵاتیش بووستەریان وەرگرتووە. بەڵام ئایا چەند منداڵ و هەرزەکار پێکووتەیان وەرگرتووە؟ 

 

نزیکەی ١٧٠ هەزار منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ لەسێ پارێزگاکەی KRI کوتانی دژی کۆڤید١٩ کران.

 پشتبەستن بەزانیارییەکی خەمڵێنراوی رێکخراوی یونیسێف  UNICEF، لەهەرێمی کوردستان  و لەسێ پارێزگاکەی هەرێمەکەدا، بۆ گرووپی منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵان نزیکەی ١٧٠،٠٠٠ منداڵ ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩یان وەرگرتووە. زۆر سەخت بوو ژمارەی منداڵان و هەرزەکارانی عێراق بەتێکڕا وەربگرین بەڵام بە نموونە شارێکی وەک سلێمانی وەربگرین کەژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە  ١،٨٧٨،٨٠٠ کەس دەدات. لەکۆی گشتی تەنها  ٨٣٨،٣١٥ هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە (کەزۆرینەی ژەمە ڤاکسینی یەکەم و دووەمە)،  لەو ژمارەیەدا گرووپی مناڵان و هەرزەکاران  (١٢-١٧ ساڵان) تەنها  ١٥،٠٤٨ کەس ڤاکسینی وەرگرتووە ئەویش سێ ئەسترازینیکا و ١٤،٩٧٨ فایزەرو سینوفارم ٢٦١ منداڵ بووە. ئەم داتا فەرمییەی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستیی سلێمانی پێماندەڵێت کەهێشتا ژمارەی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵان و هەرزەکاران رێژەیەکی بەرچاو نییەو  کەلێنێکی گەورە هەیە لەوەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩. هیچ داتایەکی تری فەرمی ئاماژە بەتۆماری تەمەنەکانی تری منداڵان نادات.

       

لە چ تەمەنێکەوە منداڵان دەتوانن پێکووتەی کۆڤید-١٩ وەربگرن؟

بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) پێویستە هەموو منداڵانی تەمەن شەش مانگ و بەرەو ژوور ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن ئەمە دوابەدوای ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیانە بوو کەزاناکان ئەنجامیانداو بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دیاریکرد کە ڤاکسینی کۆڤید-19 سەلامەتەو کاریگەرە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی شەش مانگ و سەرووترە. رێنمایی بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە پێش کوتان هەرچی زانیاری تەواو هەیە دەربارەی منداڵەکەت و لەئەگەری بوونی هەر هەستیارییەکی منداڵەکەت دەبێتە بخرێتەڕوو - هەروەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەڕۆیت کاتێك کە ڤاکسینە رۆتینییەکانی تر وەردەگرێت. هەروەها بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) واباشترە خۆپارێزی و رێگری (ڤاکسینی کۆڤید-١٩) بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدەیت پێش ئەوەی تووشی دەرئەنجامە سەختەکانی پەتاکە ببن.

هەموو کەسێک لەتەمەنی پێنج ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن  بووستەر وەربگرن. هەندێك منداڵ کەتەمەنیان ١٢ ساڵ بەرە ژوورە  پێویستە دوو پێکووتەی بووستەر وەربگرن.

 

ئەوەی پێویستە بزانیت لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩

هەمیشە نیشانەکان لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەندێک کەس هەست بەکەمێک ناڕەحەتی دەکەن و دەتوانن بەردەوام بن لەکاری رۆژانەیان. بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێکی تریان کاریگەری لاوەکییان تێدا دروست ببێت و کاربکاتە سەر  ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانەیان. بەڵام بەگشتی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەچەندڕۆژێکدا نامێنن. تەنانەت ئەگەر تووشی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبیت، بەڵام جەستەت لەناوەوە خەریکی دروستکردنی پارێزبەندییە لەڤایرۆسی کۆڤید-١٩ . دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڤاکسینەکە دەگمەنن بەڵام دەبنەهۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەزۆری لەماوەی شەش هەفتەدا دوای وەرگرتنی ڤاکسین روودەدەن. 

 

کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان  بۆ تەمەنی ٦ مانگ تا ٣ ساڵ:

رەنگە  بریتی بن لە : ئازار لەقاچ یان قۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، توڕەبوون یان گریان خەواڵوویی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.

 

کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆ منداڵانی  ٤-١٧ ساڵ:

دوای ژەمی دووەم زیاتر روودەدەن و دەشێت بریتیبن لە:ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەقۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە، ماندووبوون، ژانەسەر، ئازاری ماسولکە یان جومگەکان، لەرزین، ئاوسانی لیمفە گرێکان.

 

ئایا هەمان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ کە بۆ گەورە فەراهەم کراوە هەمان ئەو ڤاکسینەیە کە بۆ منداڵان و هەرزەکارانیش بەکار دەهێنرێت، یان جیاوازە؟

 ئەو پێکووتەیەی  کەگەورەکان وەریدەگرن ٣٠ مایکرۆگرام RNA یە، لەکاتێکدا ئەو پێکووتەیەی کە بۆ منداڵان دەستنیشانکراوە تەنها ١٠ مایکرۆگرامە. لەوانەیە تەنانەت منداڵانی بچووکتریش هەمان ڤاکسین وەربگرن بە بڕێکی کەمتر بەپێی زانیارییەکانی فایزەر، ژەمی کەمتر هەڵبژێردراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کە دەرکەوتووە لەلایەن پێکووتەکەوە بەڵام هێشتا بەرگرییەکی بەهێز دابین دەکات.

سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان CDC  ڤاکسینی کۆڤید-١٩ی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ پەسەند دەکات و بەپێی شارازایانی نەخۆشییەکانی بواری منداڵان، رەنگە بڕەکەی وابەستە بێت بەئەگەری بەکارهێنانی  ئەنتیبایۆتیك یان هەر چارەسەرێکی کیمیایی دیکەو کێشی منداڵەکەوە .

 

ئایا ئەو منداڵانەی کەتووشی کۆڤید-١٩ بوون، پێویست دەکات پێکووتە وەربگرن؟

وەرگرتنی ڤاکسین یان پێکووتەی کۆڤید ١٩ خۆی لەخۆیدا بەدەستهینانی پاریزگاریی زیاترە بەرامبەر بەڤایرۆسەکە ئەمەش لەسەر بنەمای هەموو ئەو بەڵگە زانستییانەی کە تائێستا خراونەتەڕوو. ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵانیش وەک گەورە وایە،  کەواتە، تەنانەت ئەگەر منداڵێک تووشی کۆڤید-١٩ بووبێت، هەر پێویستە کوتانی بۆ بکرێت. بۆ ئەو منداڵانەی کەتووشی ڤایرۆسی  کۆڤید-١٩ بوون، دەتوانرێت ژەمی داهاتوویان دوابخرێت بۆ دوای سێ مانگ لەکاتی دەستپێکردنی نیشانەکانی یان ئەگەر نیشانەکانیان نەبووە، کاتێک پشکنینی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە. (٤)

هەمیشە دوودڵی ڤاکسین پرسیارێك ئاڕاستە دەکات ئەویش ئەوەیە کە هەست ناکەیت بەکارهێنانی ڤاکسین رێگەچارەیەکی گونجاوبێت بۆ بەرگرتن لەم گۆڕانکارییە بەلێشاوانەدا؟  پێویستە میدیای چیی رێنماییەك بدات بەدایك و باوکان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵەکانیان؟ 

بەگشتی پرنسیپ و ئەرك و کاری میدیایی بریتییە لەئامادەگییەکی تەواو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو قەیرانە تەندروستییەکان، ئەویش ئەوەیە کەدەرئەنجامە زانستییە سەلمێنراوەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەشێوەیەك بخاتە بەر دەمی بینەورو خوێنەر، بەگشت ڕەهەندەکانییەوە (گومان و گۆشە و دیدی جیاواز) و بیروبۆچوونەکان تا خەڵك بەرچاوڕوونییەکی تەواویان هەبێت، خۆیان ببنە خاوەن بڕیار لە پارێزگاری و چارەسەری فەرهەمکراو. هەرەها ڕێزگرتن لە بڕیارەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە و شیکردنەوەی دوودڵی و راڕایی ڤاکسین پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە کەپێویستە خەڵك خۆی تیادا بدۆزێتەوە و وابەستەی دەرئەنجامەکەشی ببێت.

 

سەرچاوەکان:

1.WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard | WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard With Vaccination Data

2.WHO Dashboard COVID-19 cases and deaths: https://app.powerbi.com/view?r=eyJrIjoiYWRiZWVkNWUtNmM0Ni00MDAwLTljYWMtN2EwNTM3YjQzYmRmIiwidCI6ImY2MTBjMGI3LWJkMjQtNGIzOS04MTBiLTNkYzI4MGFmYjU5MCIsImMiOjh9.

3.Possible Side Effects After Getting a COVID-19 Vaccine | CDC

4.Covid-19 Vaccines for Children and Teens-July 20, 2022 (cdc.gov)

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار