روئیا پیرایی: داواکاری بۆ ئازادی ژنان لە ئێران واتا ئازادی بۆ هەموو کۆمەڵگا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

روئیا پیرایی لەچاوپێکەوتنێکی گۆڤاری تایم: هەمووکەس دەزانێ داواکاری بۆ ئازادی ژنان ئازادی هەموو کۆمەڵگەیە، دەشڵیت: ئەم قوربانیانەی بە گیانی ئازیزەکانمان داومانە دەبێت ژیانێکی نوێ لەدایک بێت ونابێت بە فیڕۆ بڕوات

 ئەکتەر ودەرهێنەری دیاری ئەمریکی ئەنجلینا جولی چاوپێکەوتنێکێ تایبەت لەگەڵ ڕوئیا پیرایی لە گۆڤاری تایم کە گۆڤارێکی هەفتانەی ئەمریکیە بەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجام دا، روئیا پیرایی چالاکوانی دیاری ئێران  بەهۆی لەدەستدانی دایکی كە لەناو خۆپیشاندانەکانی ئێران شەهید  کرا، بە بڕینی قژی و وەستان لەپاڵ گۆڕەکەی دایکی بوەتە سیمبولێکی تری خۆپیشاندانەکانی ئێران.

ڕوئیا لەوەڵامی پرسیارێکی ئەنجلینا جولی کە لێی دەپرسێت، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە چیە لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دەڵێت: ئەم خۆپیشاندانە ژن و پیاو لەهەموو نەتەوەکانی ئێران ناڕەزایی دەرئەبڕن و داوای ئازادی و بنبڕکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەیان ئەکەن،ئەم خۆپێشاندانە داوای ئازادی ژن دەکات، هەموو کەسیش دەزانێت  ئازادی ژن واتە ئازادی هەموو کۆمەڵگە. لەماوەی چاوپێکەوتنەکەدا كە لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە، ڕوئیا پیرایی باس لە ژیانکردن لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دەکات ودەڵێت: هیچ کەس لە ئیران ژیانێکی ئاسایی ناژیت، بەهۆی یاساکانی دەوڵەت وفشارەکانی لەسەر کۆمەڵگە، بەڵام من هەمیشە بەهۆی خێزانەکەمەوە هەستم بە ئارامی وئازادی کردووە، دایکم یەکێک بوو لەوانەی حەزی بە ژیانبوو وباوەڕی بە ئازادی هەبوو.

ئەنجلینا جولی: ئێستا چۆن لەگەڵ ئەو شۆکە دەژیت ومامەڵە دەکەیت؟ روئیا پیرایی: بۆمن زۆر قورسە کە بەردەوام بم چونکە ئازیزترین کەسم لەدەستداوە، هەست دەکەم کە منیشیان کوشتوە، دایکم نزیکترین کەسم بوو پێش ئەوەی لەناو خۆپیشاندانەکاندا تیرۆری بکەن، بەڵام من پێویستە بەردەوام بم، پێویستمە ببمە دەنگی بێدەنگکراوی دایکم و هەموو ئەوانەی کە کوژران لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە؛ هەر لەبەرئەوەشە کە دوای بەخاکسپاردنی دایکی ئێران بەجێدەهێڵێت. ڕوئیا لەبارەی کوشتنی دایکیەوە بۆ ئەنجلینا باس لە وتەکانی ئەو شایەتحاڵە دەکات کە لەکاتی تیرۆرکردنی دایکی لەوی بووە و دەڵێت، ئەو بکوژانەی دایکمیان  تیرۆرکردووە لەنزیکەوە تەقەیان لێکردووە و کاتیکی کەمی بردووە و دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە، دایکم بە ١٦٧ گولە پێکراوە وشەهید کراوە.  

ئەنجلینا لەبارەی ئازایەتی وبەرخودانی رویاوە پاڵپشتی خۆی بۆ ڕویا پیرایی دوپات ئەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو بوەتە نمونەی سروش بۆ هەموو جیهان.

ڕوئیا پیرایی لەبارەی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانی ئێران وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە وتی، ئەمە ڕێگەیەکی دوورودرێژە، بەڵام بەدڵنیای ناگەڕێنەوە ناو تاریکی،چونکە هەستمان بەوەکردووە کە رژێمی ئیسلامی ئێران چاک ناکرێتەوە، دەشڵێت ئەو یەکگرتویەی خۆپیشاندەرانی ئێران کلیلی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە، دەشڵێت ئێستا هەموو کەس ئێمە دەبینێت و وڵاتانی دوونیاش پاڵپشتمانن.  

روئیا پیرایی ، تەمەن ٢٥ ساڵان، چالاکوانی دیاری ئێران كە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژی و لەدوای شەهیدکردنی دایكی بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوو بە سومبولێکی دیاری خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەروەها لەناو لیستی ١٠٠ کاریگەرترین ژنانی دونیادا دانرا کە لەلایەن بی بی سی وە بڵاو کرایەوە، روئیا قژی خۆی بڕی وەک ناڕەزایەتیەک و لەسەر گۆڕی " مینوو مەجیدی" دایکی قژی خۆی بەدەستەوەگرت وەک دوپاتکردنەوەی بەردەوامی خۆی بۆ درووشمەکانی کە دایکی لەسەر کوژرابوو.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران دوای کوژرانی ژینا "مەهسا" ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێڕان بەتاوانی نەپۆشینی حیجابێکی شەرعی دەستی پێکرد و دەیان دروشمی جۆراو جۆر وچالاکی ژنان و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، دیارترین چالاکیەکانیش قژ بڕینی ژنان  وسوتاندنی سەرپۆشەکانیان بوو؛ خۆپیشاندانەکان لە دوای ١٦ی ئەیلول دەستیپێکرد و بەپێی دواین ئامارەکانی گروپی چالاکوانانی هرانای ئێران ٤٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ کەسیش دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار