ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 86 رۆژی تێپەڕاند
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرەڕای بەکارهێنانی هێز و سزای سێدارە، ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 86 رۆژی تێپەڕاندوە و ئەمڕۆش لە سنە و تاران و کرماشان لە زانکۆ و بازاڕ و شەقامەکان ناڕەزایەتیی بەردەوامبو و سزای سێدارەی گەنجێکیش بەهۆی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان راگیر.
لە ژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەڵەتیدا، دەزگای داد لە ئێران سزای لەسێدراەدانی گەنجێکی تەمەن 23ی بە ناوی ماهان سەدرات کە لە ناڕەزایەتییەکانی تاران دەستگیرکراوبو راگرت و راشیگەیاند؛ راگرتنی ئەو سزایە کاتییە.
بە پێی زانیارییەکان یەکێک لە سکاڵاکەرانی دۆسیەی ماهان سەدرات لە سکاڵاکەی پاشگەز بوەتەوە و داوای لێخۆشبونی بۆ کردوە و دەزگای دادی ئێرانیش رایگەیاندوە جێبەجێکردنی سزاکە لە شەوی یەکشەممەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر رادەگیرێت.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و فەرها و فەرزاد تەهازادە دانیشتوی شاری شنۆ لە دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ بە تۆمەتى بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و رێگە نەدراوە ئەو دو برایە پارێزەری یاساییان هەبێت.
تا ئێستا تەنها لە شاری شنۆ پێنج گەنج بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەمڕۆش کرێکارانی پترۆکیمیایی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبون لە مانگرتن و راگرتنی کارەکانیان.
گەنجانی شاری کرماشان شەوی یەکشەممە چەند شەقامێکی شارەکایان بە ئاگرکردنەوە و دروشم وتەنەوە دژی دەسەڵاتی ئێران کۆنتڕۆڵ کرد.
نزیکەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ دەرکردنی باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا کۆکراوەتەوە و لە بەیاننامەیەکدا داوا لە سەرکردەکانی گروپی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان ناسراو بە (جی 7) کردوە هەوڵی دەرکردنی باڵیۆز و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن بۆ دورخستنەوەیان لە وڵاتانی جیهان، پێشتر میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران ئاماژەیان بەوە کردبو کە کۆکردنەوەی ئەو واژۆیانە روبەڕوی شکست بوەتەوە.
لە شاری ڤانکۆڤێری وڵاتی کەنەدا دژی سزای سێدارە و یاساکانی کۆماری ئیسلامی گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو.
لە زانکۆی نەوشیروان لە بابۆل و لە زانکۆی پەردیس و عەللامە لە تاران و زانکۆی پیشەیی لە ئەسفەهان و زانکۆی دامغان لە باکوری ئێران ناڕەزایەتی و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام بو و هێزە ئەمنییەکانیش چواردەوری زانکۆی ئەسفاهانیان بۆ ریگریی لە رێپێوان و ناڕەزایەتیی خوێندکاران ئەو زانکۆیە گرت.
ناوەندی خوێندیی ئاینیی خومەینی (دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران) لە بوشەهر لە باشوری وڵاتەکە سوتێنرا.
ئەمڕۆش لە روانسەر، مەریوان و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی گەنجان لە لایەن ناوەندە ئەمنیی و سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە بەردەوامبو و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش بڵاویان کردوەتەوە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوەوە دەیان گەنجی و لاوی کورد دەستگیر کراون کە چارەنوسی زۆربەیان نادیارە.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕازیی، زیاتر لە هەشت گەنجی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان و لە زیندان گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی دوایین ئامار لە 85 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 126 کەس کوژراون و ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران هەرانا بڵاوی کردوەتەوە سەرتاسەری وڵاتەکە گەیشتوەتە 485 کەس.
گروپەی هاککەی ئەنۆنیمۆس پێگەی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی ئێرانی هاک کرد و رایگەیاند هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی تا سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکان و روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبن.
ئەو هەنگاوە بە یەکێک لە هێرشە ئەلیکترۆنییە سەرنجڕاکێشەکان ئەژمار دەکرێت چونکە پێشتر هەر دانیشتویەکی ئێران ئەگەر مۆبایلی لە دەرەوەی وڵاتەکە بکڕیایە ناچاربو لە رێگەی ئەو پێگە ئەلیکترۆنییەوە لە بەرامبەر پێدانی باج بە گومرگی ئێران مۆبایلەکەی چالاک بکردایە بەڵام بەهۆی هاککردنی ئەو پێگەیەوە سەرجەم مۆبایلە بیانییەکان لە ئێران چالاک بون بە بێ پێدانی باج بە گومرگی وڵاتەکە.