فەرمانبەرێكی ناحیەی قــادركەرەم: بــەنــاوی مــنــــــەوە وەسڵ واژۆكراوە

بەڕێوەبەری ناحیە: هاوسەری فەرمانبەرەكــە هەڕەشەی لێكردم

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

كێشەی وەسڵی لیژنەی «موشتەریات» واتە كڕین و فرۆشتنی ناحیەی قادركەرەم سەر بەقەزای چەمچەماڵ سەردەكێشێتە دادگا، یەكێك لەفەرمانبەرانی ناحیەكە دەڵێت بەناوی ئەوەوە وەسڵ واژۆ كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت هاوسەری ئەو فەرمانبەرە هەڕەشەی لێكردوە و رووداوەكەش بەناڕاست ناودەبات.

پەیمان سەعدوڵا فەرمانبەر لەناحیەی قادر كەرەم  بەهاوڵاتی وت:»لە 26-1-2022 ەوە ئەندام بووم لەلیژنەی كڕینی ناحیەی قادركەرەم تاوەكو 31-8-2022، بەڵام ئەو شتانەی لەناو ناحیەكە كڕدراوە هیچ كەسێك لەلیژنەكە لەسەرۆكەوە تاهەردوو ئەندامەكە كەهەریەك لە (شەیدا عەبدولكەریم سەرۆكی لیژنە، پەیمان سەعدوڵا ئەندامی لیژنە، ئاواز سەید جەبار ئەندامی لیژنە)، ئاگاداری نەبووین».

وتیشی:»هەر شتێك كەكڕدراوە لەدینارێكەوە تا 10 ملیۆن دینار ئێمە ئاگاداری نەبووین و كەسێك بەناوی ئێمەوە ئیمزای كردووە لەسەر وەسڵەكان كە لەناحیەكە دەوام دەكات، دوای سكاڵاكەش ئەو وەسڵانە هیچیان لەناو فەرمانگە نەماون».

بەوتەی ئەو فەرمانبەرە «لەكاتێكدا لیژنەی كڕین نابێت لەسێ بۆ شەش مانگ زیاتر ئەندامەكانی بمێننەوە، بەڵام لەلیژنەكەدا ناوی خێزانی لێپرسراوی كارگێڕی ناحیەی بەردەوام تێدایە».

هاوكات عەدنان ساڵەیی، هاوسەری فەرمانبەرەكەی ناحیەی قادركەرەم، كە ئەویش سكاڵای لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم تۆماركردووە، بەهاولڵاتی وت:»هاوسەرەكەم لەناحیەی قادركەرەم دەوام دەكات، بەناوی ئەوەوە واژۆ كراوەو شت كڕدراوەو نەیزانیوە چییان كڕیوە».

وتیشی:»كاتێك بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەممان ئاگاداركردەوە وتی ئاگادارنیم، بەڵام ئێمە وتمان سكاڵا تۆماردەكەین، ئیتر لەمە ترسان و دەستپێشخەرییان كردو بەڕێوەبەری ناحیەو ژمارەیەك كارمەندی ناحیەو قایمقامیەتی چەمچەماڵ سكاڵایان لەسەر تۆماركردم و لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرام».

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت:» كەچوومە لای دادوەر وتیان تۆ بوویت بەمافیاو رۆژی 31-9-2022 هەڕەشەت كردووە، بەڵام ئەو رۆژە من لەوكاتەدا لەستۆدیۆی كەناڵێك لەبەرنامەدا بووم، دواتر كە بەڵگەكانم خستەڕوو بەكەفالەت ئازادكرام، لەدوای سێ مانگ و هەشت رۆژ لەچەمچەماڵ دۆسیەكەمان گواسترایەوە بۆ پیرەمەگرون، دوای پەیوەندیكردن بەدادگای پیرەمەگرون وتەیان لێوەرگرتین».

بەڵام سدیق محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» من سكاڵام لەسەر ئەو تۆماركردووە، مەسەلەی وەسڵەكانیش كەدەوترێت بەناوی ئەوەوە واژۆكراوە راست نییەو خۆی ئاگادارە، گواستنەوەی دۆسیەكەش لەچەمچەماڵەوە بۆ پیرەمەگرون لەسەر داوای ئێمە بووە، چونكە خێزانم حاكمە لەدادگای چەمچەماڵ تا وابیرنەكرێتەوە كە لایەنگری تێدا دەبێت هاوسەرەكەی و ئەو فەرمانبەرەش سكاڵای تۆماركردووەو دادگا دۆسیەكە یەكلایی دەكاتەوە».

وتیشی:»كەیسەكە یەكەمجار گواسترایەوە بۆ سلێمانی و لەوێش گواسترایەوە بۆ پیرەمەگرون، لەبەر ئەوەی سكاڵام لەسەر تۆماركردووە، ئەویش چووە سكاڵای تۆماركردووە، لەكاتی دەوامی فەرمیدا لەناو ناحیەكە هەڕەشەی كردووەو وتوویەتی بۆ دەوامی خێزانەكەم زیادكراوە».

سدیق محەمەد دەڵێت:»سێ كەس ئەو رۆژە كارێكیان هەبوو لەناحیەكەو دواتر نێردران بۆ ئاسایش، بەڵام كە هاتنەوە بۆ ناحیەكە دەوام كاتێكی كەمی مابوو خێزانەكەی پێی وتووە نایەڵن بڕۆمەوە لەكاتێكدا دەبوو كاروباری ئەو سێ كەسە رایی بكات، ئەویش هاتووە هەڕەشەی كردووە لەناو ناحیەكە جگە لەوەش چەند جارێك بەئۆتۆمبێل دەوام كەوتووەو هەڕەشەی كردووە».

«مەسەلەی وەسڵەكان ئەو كارمەندە خۆشی ئاگادارەو خۆی بەو كەسەی وتووە واژۆی بكە، هیچ گەندەڵییەكی تێدا نییە، چونكە نەسریەی ناحیەكە لە 500 هەزار كەمترەو هی ئەوە نیە گەندەڵی تێدا بكرێت، جگە لەوەی وەسڵەكان دەچێتەوە قایمقامیەت، ئێستاش خێزانی لەناحیەكە دەوام دەكات، بەڵام لەلیژنەی كڕین نەماوە، چونكە دەوام كەم دەكات». بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم وادەڵێت.

لەبەرامبەر وتەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم، عەدنان ساڵەیی دەڵێت:»یەكەمجار لەچەمچەماڵ بەهۆی ئەوەی خێزانی بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لەدادگای چەمچەماڵا دەوام دەكات سكاڵایان لێوەرنەگرتم، بۆیە كاتێك بانگ كرام بۆ دادگای پیرەمەگرون سكاڵام تۆماركرد».

وتیشی:»ئەوەی كەدەڵێت خێزانم دەوامی نەكردووە، راست نییەو تەنانەت دەوامی زیادیشی پێكراوە، تەنانەت چەند جارێكیش پاسی دەوام جێیهێشتووە بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری ناحیە خێزانەكەمی زیاتر لەدەوام هێشتووەتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار