نزیکەی سێ مانگە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە

لەسێدارەدانی ژمارەیەک گەنجی کورد راگیرا

2 ساڵ لەمەوپێش



89 رۆژ بەسەر کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر و لەسێدارەدانی گەنجانی ناڕازیی تێدەپەڕێت، ناڕەزایەتییەکانیش لە ئاستی ناوخۆی نێودەوڵەتی دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە.

ئەمڕۆ لە شاری سنە گەنجێک وەک دەبڕینی ناڕەزایەتی بۆیاخی سوری  بە نیشانەی رژانی خوێنی خەڵک و خۆپیشاندەران کرد بە پەیکەری هێمای ئازادیی لە مەیدانی ئێقباڵ لەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستگیر کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ سۆنیا شەریفی کچە خوێندکارێکی شاری ئاودانان لە ئیلام کە تەمەنی 17 ساڵە لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتیی خودا دراوەتە پاڵی و سزای سێدارە ئەو کچە کوردە دەگرێتەوە کە زیاتر لە دو مانگە دەستبەسەرە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداراییان دابو کە کەسوکاری فەرهاد و فەرزاد ئاگادارکراونەتەوە کە سزای سێدارەکەیان جێبەجێ دەکرێت بەڵام لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی و هۆشداریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سزاکانی سێدارەی ئەو دو برایە و چەند گەنجێکی دیکە راگیراوە.

سەرۆکی داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند؛ سزای سێدارە بۆ فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە شاری شنو لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و راشیگەیاندوە هیچ سزایەکی سێدارە بۆ گەنجانی شاری شنۆ نەبڕاوەتەوە، لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە هاوکات لە فەرزاد و فەرهاد کە بران سزای سێدارە بەسەر چوار گەنجی دیکەی ئەو شارەدا سەپێنرا و کەسوکار و پارێزەرانی ئەو گەنجانەش هەواڵەکەیان پشتڕاست کردبوەوە.

حەسن عەبدۆلیان‌پور سەرۆکی ناوندی پارێزەرانی دەزگای داد لە ئێران رایگەیاند؛ بەکارهێنانی هەر جۆرە چەک و چەقۆیەک بە مەبەستی ترساندنی هێزی ئەمنی و خەڵک بە تاوانی موحاربە یان (دژایەتی خودا) لەقەڵەم دەدرێت.

لێدوانی سەرۆکی پارێزەرانی دەزگای دادی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستا دو خۆپیشاندەری گەنج لە تاران و مەشهەد بە پێی ئەو یاسایە لەسێدارە دراون و لانیکەم 50 خۆپیشاندەری دیکەش هەر لەسەر بنەمای ئەو یاسایە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

سزای سێدارەی خۆپیشاندەرێک هەڵوەشایەوە و عەباس موسەوی پارێزەری ماهان سەدرات کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابو ئاشکرای کرد ئەو سزایە دوای راگرتنی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دواجار بە پێداچونەوەی دادوەرەکان سزای سێدارە بە تەواوی هەڵوەشایەوە.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان (International Federation of Journalists) ئاشکرای کرد لە ماوەی نزیکەی سێ مانگی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران لانیکەم 58 رۆژنامەنوس بە بیانوی روماڵی ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون و تەنها 30 لەو رۆژنامەنوسانە بە دانانی بارمتە و بە شێویەکی کاتی ئازاد کراون.

رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا محەمەد پورنەجەف، ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە کانبێرا-ی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ شەشەم جار لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بانگهێشت کرد.

لیندا تۆماس گرینفێڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و خەڵکی ناڕازیی لەو وڵاتە بونی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوەیەکگرتوەکان پەڵەیەکی ڕەشە.

دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد نوێنەرایەتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دور بخرێتەوە شەوی چوارشەممە ئەو کۆمیسیۆنە لە کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبونی نوێنەری 45 وڵات دەرکردنی نوێنەری ئێرانی خستە دەنگدانەوە و 29 وڵاتیش دەنگیان بە دەرکردنی دا.

 

 

وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا بڵاوی کردوەتەوە هۆشداریی دراوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەسێدارەدان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و نیگەرانیی قوڵی وڵاتەکەمان گەیاندوەتە بەرپرسانی تاران.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار