هەپەگە: لە ٨ مانگدا ٢٧٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و ١٩٩ گەریلا شەهید بوون

3 ساڵ لەمەوپێش



هەپەگە ئاماری شەڕ و پێدادانەکانی هەشت مانگی رابردووی نێوان گەریلاکانی و سەربازانی تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا ٢٧٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و ١٩٩ گەریلا شەهید بوون

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاماری شەڕ و پێدادانەکانی نێوان گەریلاکانی و سەربازانی سوپای تورکیا لە ١٤ی نیسان تاوەکو ١٤ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا ٢٧٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون کە ٢٠ کەسیان ئەفسەر و ١٢ کەسیان تیمی تایبەتن (کۆنترا)، هەروەها ٣٥٨ سەربازی تورکیاش بریندار بوون و ١٩٩ گەریلاش شەهید بوون.

هەپەگە دەڵێت، لە ماوەی هەشت مانگدا، هێزەکانی گەریلا ٢٨٥٢ جار چالاکی جۆراوجۆریان لەدژی سەربازانی تورکیا ئەنجامداوە. فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ٣٨٩٧ جار و هەلیکۆپتەرە جەنگیەکانیش ٥٤٣٣ جار هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانیان بۆردومان کردووە. هەروەها، ٣١٥٢ جار چەکی (فسفۆڕم تەرمۆباریک، تاکتیکی ئەتۆمی و کیمیایی) لەدژی هێزەکانی گەریلا بەکارهێنراون.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەو ماوەیەدا، هەشت هەلیکۆپتەری سکۆرسکی، سێ هەلیکۆپتەری جەنگی، دوو تانک، ١٧ ئۆتۆمبێڵی زرێپۆشی سەربازی، چار شۆفڵ، ٧٢ کامێرای مۆبێس (چاودێری)، ٥٣ درۆن، هەشت رادار و چەندین کەلوپەلی دیکەی تەکنیکی سەربازی تێکشکێنراون.

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەوەی خستووەتەڕوو کە گورزیان لە ٤٨ هەلیکۆپتەری سکۆرسکی، ٣٢ هەلیکۆپتەری جەنگی، ١٢ درۆن، ١٩ سەنگەری شەڕ، نۆ شۆفڵ، شەش ئۆتۆمبێڵی زرێپۆشی سەربازی و چەند کەلوپەلێکی دیکە وەشێندراوە،

دوایین ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە رووی زەمینی و ئاسمانی، بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، لە ١٤ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد. هەشت مانگە ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامە. جیاواز لە ئۆپراسیۆنەکانی ساڵانی رابردوو، بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی پەکەکە، سوپای تورکیا چەکی قەدەغەکراو و کیمیایی بەکار دەهێنێت و ئەم پرسەش لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە.

شەڕی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤، دەستی پێکرد و ٣٨ ساڵە بەردەوامە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی زیانە گیانیەکان نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی ٧٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دابێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار