لەناوخۆی كوردستان قاچاغی بەخەڵوزەوە دەكرێت

ساڵانە 26 هەزار تۆن خەڵوز هاوردە دەكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

وەرزی سەرماو سۆڵە دەستیپێكردووە پلەی گەرماش لەهەندێك شوێنی ناوچە كوێستانیەكان دەگاتە ٢٥ پلەی ژێر سفر، بەمەش داربڕینەوەو كڕینی خەڵوز خواستی زۆری لەسەر دەبێت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم رایگەیاند: بڕینەوەی داری تەڕ لەبەر سوتەمەنی نیەو  دوو داواكاریمان پێشكەش بەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردووە كەخەڵوز هاوردە بكرێت و باج وەرنەگیرێت، وتیشی: بۆ ١٠ مانگی ئەمساڵ هەزارو ٧٣٢ پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان هەبووە، لەو ژمارەش ٦٧٨ پەڕاویان سەرپێچی ژینگەییە كە لەهەر نۆ بەڕێوەبەرایەتیمان تۆماركراوە، كەتێیدا دەستگیراوە بەسەر مشارو ماتۆڕی داربڕین و تەور لەگەڵ لایت و ئۆتۆمبێل، هەرچی غەرامەكانیشە بەپێی جۆری دارو تەمەنەكەی تۆماردەكرێت.
هاوكات بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی هەرێم دەڵێت: رێگەپێدراو نیە خەڵوز هەناردە بكرێت، وەكو وەزارەتی بازرگانی مۆڵەتمان بەو كارە نەداوە، و كارگەمان نیە بەفەرمی خەڵوزی دارین و بەردین بەرهەمبهێنێت.
بەپێی ئامارێكی فەرمی ساڵی پار ٢٦ هەزارو ١٧٠ تۆن خەڵوز هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.
شەماڵ باوانی ناوی خوازراوی خاوەن كورەچیەكی خەڵوزە، ئەو تەمەنی ٣٣ ساڵەو ماوەی سێ ساڵیشە وازی لەپیشەی كانە خەڵوز هێناوە، ئەو شارەزایی تەواوی هەیە لەدروستكردنی خەڵوز بەشێوەی زانستیانەو پشتی بەدارە وشكەكانی كوێستانەكان دەبەست و لەكانەكەی دەیكرد بەخەڵوز، بەڵام ئەو دژی بڕینەوەی داری تەڕە.
شەماڵ دانیشتوی گوندێكە لەیەكێك لەكوێستانەكانی كوردستان، ئەو باس لەهەنگاوەكانی بەخەڵوزبوون دەكات و بۆ هاوڵاتی وتی: «بە سێ جۆر خەڵوز بەرهەمدێت، تەنها باسی جۆرە سەركەوتووەكەیان دەكەم، ئەویش لەهۆدەیەكی دوو بەسێیە بەبەرزی مەترێك و ٧٠ بۆ دوو مەتر، بەخشتی گڵ هەڵیدەچنین چونكە زیاتر بەرگەی گەرما دەگرێت كونیلەدارە بۆ هەواگۆڕكێ، پاشان داری پێویستی تێدەكرێت و سەقفەكەی بەچینكۆ دەگیرێت، بەڵام بازنەیەك لەنێو سەقفەكە جێدەهێڵین چونكە لەو بازنەیەوە گڕی پێوەدەنرێت، دارەكان گڕی نیە تەنها دووكەڵی هەیە بەماوەی سێ رۆژ دەبێت بەخەڵوزێكی زۆرباش»، «ژورەكە بە بلۆك كرابێت خەڵوزەكەی باش نابێ، پێشتر مۆڵەتی كانی خەڵوز هەبوو، بەڵام ئێستا كەس مۆڵەتی نیە، بۆ یەك تۆنی خەڵوز پێنج تۆن داری پێویستە، كێشی یەك فەردە خەڵوزی باش لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ كیلۆدایە نرخەكەشی لەنێوان ١٠ بۆ ١٤ هەزار دیناردایە، خەڵوزكردن بە زانست نیە بەڵكو بەویژدانە، داری بەر باران لەگەڵ تەڕ بەكەڵك نایەت بۆ خەڵوز، خەڵكێكی زۆر پێیان وایە داری تەڕ زۆر باشەو بێڕەحمانە كەوتوونەتە بڕینەوەی، بازرگانەكان گەیشتوونەتە ئەو راستیەش كەخەڵوزی داری تەڕ باش نیە، بۆ ئەو مەبەستە رێگای تریان گرتووەتەبەر، دارە تەڕەكە دەبڕێتەوە بۆ ماوەی ساڵێک دایدەنێ تاوشك دەبێت ئەوكاتە دەیكات بەخەڵوز» شەماڵ وا دەڵێ.
ئەو دەڵێت: «هەر لەناوخۆدا قاچاخیكردن دەكرێت ساڵانی رابردوو حكومەت چاودێری وردی كانەكان و بڕینەوەی داری دەكرد، هەروەها بەپەڕاوێك كەمۆری پێوەبوو رێگە دەدرا خەڵوز ببرێت بۆ ناوچەكانی كوردستان، بەڵام ئێستا ئەو چاودێرییە نەماوەو بووە بەهەڕەمەكی، ژمارەی كانەكان نازانرێت چونكە تۆمارناكرێت.
ئەو شوێنانەی خەڵوز دەكەن ناوچە سنورییەكانی وەكو پێنجوێن، سۆران، رانیە، پیرەمەگرون، قەڵادزێ، شێنێیە كەسود لەدارەكانی وێوڵ و بەڕووو مازوو لەگەڵ قەزوان و گۆیژو زەیتیون دەبەستن و نابێت دارەكان تووشی كرمۆڵ و كەڕوو مێرووەكان بووبێت.
محەمەد مەحوی، ئەندازیاری كیمیایی و شارەزا لەبواری ژینگە بەهاوڵاتی وت: «خەڵوزی دار كورەیە، كانی خەڵوز زیاتر خەڵوزی بەردین دەگرێتەوە، خەڵوزی دار بۆ ماوەیەكی كەم دەمێنێتەوە، بەڵام خەڵوزی بەردین گەرمییەكی زۆری هەیەو بەكاتژمێر دەمێنێتەوەو هەروەها هاوكاری خەڵوزە دارەكەیە، جۆرێكی تر لەخەڵوز هەیە لەچینەوە دێت كەدەستكردەو لەناو زەرفی تایبەتدایەو شێوەیان خڕخڕەو بەرگەی زۆر دەگرێت، گوایە دەڵێین لەتەنۆڵگەری ورد وردی پلاستیكی بەرهەمدێت، سوودەكەشی تەنها ئەوەیە بڕینەوەی دار كەمدەكاتەوە».
نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی هەرێم بەهاوڵاتی راگەیاند: «رێگەپێدراو نیە خەڵوز هەناردە بكرێت، وەكو وەزارەتی بازرگانی مۆڵەتمان بەو كارە نەداوەو كارگەمان نیە بەفەرمی خەڵوزی دارین و بەردین بەرهەمبهێنێت، بەڵام هەوڵ هەیە كارگەی خەڵوزی بەردین دروستبكرێت، بەو هۆیەوە چەند داواكاریەك پێشكەشكراوە بەوەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی، ئەم پیشەسازییە بۆ كوردستان گرنگەو كەرەستەكانیشمان هەیە»، ئەو دەڵێت: «هاوردەكردنی خەڵوز دەچێتە كۆمەڵەی چوارچێوەی بازرگانی گشتییەوە كە لەماددەی جۆراوجۆر پێكهاتووەو خەڵوز یەكێكە لەجۆرەكانی و بازرگانیوەكی رێگەپێدراوە».
هاوكات بەرگەشت واحید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی وەبەرهێنان بەهاوڵاتی وت: «كانە بەردین و كورەی دارینی خەڵوز لەكوردستان بوونی نیە، لەسەردەمی بەعس هەوڵدرابوو لەپێنجوێن دروستبكرێت، ئاگادارنین كەوەبەرهێنان بكرێت لەدروستكردنی كارگەی خەڵوزی بەردین».
لەجیهاندا نزیكەی سێ ترلیۆن درەخت هەیە، بەڵام ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار درەخت دەبڕێنرێتەوە، بەهۆی ئەم قڕكردنەوە دەردانی كاربۆن زیادیكردووە لەهەوادا، بەپێی هەندێك لێكۆڵینەوە  گەر بەم رێژەیە داربڕین بەردەوام بێت و كار بۆ روواندنی دار نەكرێت لەماوەی 100 ساڵدا دارستانەكان لەناودەچن.
بەپێی ئەو داتاو زانیارییەی هاوڵاتی لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە زۆرترین رێژەی پانتایی سەوزایی لەدهۆكە كەڕێژەكەی 27.58%، بەدوایدا پارێزگای هەڵەبجەیە بەڕێژەی 10.4%و سلێمانی بەڕێژەی 9.1%، هەولێریش 9.5% سەوزاییە، بڕیاریشە سەوزایی لەناوچەكانی كوردستان بەڕێژەی 12.44% دروست بكرێت.
رائید فواد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم بەهاوڵاتی وت: «بڕینەوەی داری تەڕ لەبەر سووتەمەنی نیە بەڵكو لەسەدا ‏٨٠یبازرگانان و چاوچنۆكەكان دەیبڕنەوە، هاووڵاتی ئاسایی گوندەكان تەنها لق و پۆپە وشەكەكان دەبڕنەوە و خەڵكی ناوچە شاخاوییەكان سكاڵا تۆماردەكەن لەسەر ئەو بازرگانانە، دوو داواكاریمان پێشكەش بەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد كەخەڵوز هاوردە بكرێت و باج وەرنەگیرێت، دووەم رێنماییەك دەربكەن بەهیچ جۆرێك ماسی بەدار نەبرژێنرێت، پێشتر باجی گومرگی لەسەدا دوانزدە بوو داوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ كرد، داوامانكرد باج بكرێتەوە بە لەسەدا چوار، بەڵام ئێستا باج بووە بە ‏٥٪،بەڵاموەزارەتیداراییرەزامەندنیەباجنەمێنێتچونكە لەڕووی ئابورییەوە بیردەكاتەوە، نازانین چەند كانە خەڵوز هەیە لەكوردستان، گەر بزانین دەستی بەسەردادەگرین، بەهەمان شێوە بۆ رێگا قاچاخیەكەش بەوجۆرەیە، هیچ كانێك لەكوردستان رێپێدراو نیەو قەدەغەیە، چونكە ژینگە پیس دەكات».
لەبارەی سكاڵاو غەرامەكان فواد زراری دەڵێت: «بۆ ١٠ مانگی ئەمساڵ هەزارو ٧٣٢ پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان هەبووە، لەو ژمارەش ٦٧٨ پەڕاویان سەرپێچی ژینگەییە كە لەهەر نۆ بەڕێوەبەرایەتیمان تۆماركراوە كە تێیدا دەستگیراوە بەسەر مشارو ماتۆڕی داربڕین و تەور لەگەڵ لایت و ئۆتۆمبێل، هەرچی غەرامەكانیشە بەپێی جۆری دارو تەمەنەكەی تۆماردەكرێت، بۆ یەك داری تەمەن یەك ساڵ بۆ ٣٢ ساڵ ١٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دینارە، بۆ داری جۆر جیاوازیش دوو ملیۆن دینار غەرامەكەیەتی، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارەی ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ی وەزارەتی كشتوكاڵە.
هەروەها محەمەد مەحوی، ئەندازیاری كیمیایی و شارەزا لەبواری ژینگە هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «گازە زیانبەخشەكانی خەڵوز كاربۆمۆنۆكسایدە واتە دوانەئۆكسیدی كاربۆن لەگەڵ (ئێن.ئۆ.ئێكس) و (ئێس.ئۆ.ئێكس)ە بەشێوەی دووكەڵ لەهەوادا بڵاودەبنەوە كە لەشوێنی داخراودا بێت دەبێتەهۆی مردنی مرۆڤ، دانانی سۆپای دارین یاخود كورە بووە بەناچاری لەكوردستان نرخی پیكاپێكیش حسابكە هێندە نرخی نەوتەكە بەرزە».
محەمەد مەحوی، ئەندازیاری كیمیایی و شارەزا لەبواری ژینگە بەهاوڵاتی وت:»دار ئەمساڵ زیاتر بۆ خۆ گەرمكردنەوەیە بەكاردێت، ئەم دیاردەیە بۆ ئەمساڵ لەهەورامان زۆر زیادی كردووەو پشتیان بەداری وشكی پار بەستووە، هەندێكی تر دار بۆ برژاندن بەكاردێت لەگەڵ دروستكردنی خەڵوز».
بەپێی ئامارێكی فەرمی كەهاوڵاتی دەستیكەوتوە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم بۆ ساڵی پار ٢٦ هەزارو ١٧٠ تۆن خەڵوزی دارو خەڵوزی بەردین هاوردە كراوە، كە  ١٣ هەزارو ٣٢٠ تۆن خەڵوزی دارو ١٢ هەزارو ٨٥٠ تۆن خەڵوزی بەردین، سەرچاوەی هاوردەكەش وڵاتانی ئۆكرانیاو روسیاو چین و توركیاو ئێران، ...هتدە.
جۆرەكانی خەڵوز
خەڵوزی بەردین لەكاربۆن و بەشێك لەهایدرۆجین و سولفەرو كەمێك نایترۆجین پێكدێت و رەنگی رەشە، هەروەها كانزایەكی رەقەو لەژێر زەوی لەشیبونەوەی پاشماوەی رووەك و گیانداران دروستدەبێت و مادەی فۆسیلیەو بەهۆی پەستان و پلەی گەرمی و تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ دروستدەبیت و بەزۆری بەكاردێت لەبەرهەمهێنانی وزەی كارەباو گەرمی، هەروەها دۆستی ژینگە نیەو CO2 ی زۆر دەكاتە ژینگەوە، بەڵام خەڵوزی دارین زۆربەی لەكاربۆن پێكهاتووەو رەنگی خۆڵەمێشیەكی تاریكە، هەروەها لەئەنجامی سووتان و پاشماوەی رووەكی و ئاژەڵ دروستدەبێت و وەكو سووتەمەنی و سەرچاوەی كاربۆنی بەكاردێت و ماددەیەكی خاوێنترە، چونكە گەرمی زیاتر بەرهەمدێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار