دهۆك؛ لەكۆی 45 پاڵاوگەی نایاسایی 11 پاڵاوگە تێكنادرێت
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا: خەڵكی بەهێز لەپشتی پاڵاوگەكانەوەن
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
لەسنوری پارێزگای دهۆك لەكۆی 45 پاڵاوگەی نایاسایی 26 پاڵاوگەیان تێكدەدرێت و رادەگیرێن، 19 پاڵاوگەكەی تر پێشتر كارەكانیان راگیرابوو، بەڵام خەڵكی ناوچەكە بەگومانن بەشێك لەم پاڵاوگانەی كە راگیروان دواتر دەست بەكاربكەنەوە.
لە 2015وە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەكۆی دەنگ بڕیاری داخستنی پاڵاوگەكانی كواشێ-یان دەركرد، ئەوەش بەهۆی تێكدانی ژینگەی ناوچەكە، دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر بڕیارەكە، دوێنێ 7ی كانونی یەكەم پاڵاوگەكان لەناوبران.
مەهدی حەسەن، نیشەجێی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت:» تێكدانی 26 پاڵاوگە جێگای دڵخۆشی یە بۆ هەموومان بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەیەكجاری پاڵاوگەكان لەسنوری قەزاكە نەمێنن، چونكە دەیان ساڵە بێزاربووین لەدوكەڵ و بۆنی ناخۆش، تائێستاش زیاتر لە 10 پاڵاوگە ماون و تێكنەدراون، داوا لەحكومەت دەكەین رێگا بەهیچ كەسێك نەدەن جارێكی تر پاڵاوگە لەكواشێ دابنێن».
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەساڵی 2015ەوە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەكۆی دەنگ بڕیاری داخستنی پاوڵاگە نەیاساییەكانی ناوچەی كواشێی دەركرد، كەئەوكات 45 پاڵاوگە بوون، دواتر وەزارەتی ناوخۆو ئیدارەی پارێزگای دهۆكیش بڕیاری داخستنیانی دەركرد، بەڵام بەداخەوە بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خاوەنی پاڵاوگەكان بەهێزن و خەڵكی بەهێزیش لەپشتیانەوەیە، پێویستبوو هەر ئەوكات رێگرییان لێكرابایە، چونكە كاركردنی ئەو پاڵاوگانە زیانێكی زۆر گەورەی بەژینگەی پارێزگای دهۆك گەیاندووە، بڕیاری داخستنی پاڵاوگەكان هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە چیتر رێگا بەهیچ كەس و لایەنێك نەدرێت لەو شوێنە كاربكات».
هەر سەبارەت بەپاڵاوگە نایاساییەكان، خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:»دوایین بڕیاری حكومەت بۆ داخستنی پاڵاوگەكان لە 25ی ئابی 2021 بوو، ئەوكات خاوەنی پاڵاوگەكان ناڕازیبوون، بەڵام حكومەت سووربوو لەسەر ئەوەی دەبێت دابخرێن، دواتر لیژنەیەك پێكهێنرا كەمۆڵەت بدرێتە هەندێكیان، بەڵام بەمەرجێك تەواوی رێنماییەكان حكومەت جێبەجێ بكەن، لەكۆی 45 پاڵاوگە خاوەنی هەشت پاڵاوگە وازیان لەكاركردن هێناو پاڵاوگەكانیان داخست، ئەو لیژنەیەی كەپێكهێنرابوو بۆ بەدواداچوونی كاری پاڵاوگەكان، 11پاڵاوگەیان هەڵبژارد كەئەگەر رێنماییەكان جێبەجێ بكەن دەتوانن كاربكەن، بەڵام رێنماییەكانی حكومەتیان جێبەجێنەكردبوو، بۆیە كارەكانیان هەڵپەسێردرا، 26 پاڵاوگەی تر مابوون دوێنێ بەپێی بڕیاری ژمارەی سێی ساڵی 2018 تایبەت بەزیادەڕەوی بەسەر زەوی شارەوانی هەڵساین بەلەناوبردنیان».
وتیشی:»خاوەنی ئەو 26 پاڵاوگەیە بەناوی دروستكردنی كارگە موڵەتیان وەرگرتبوو، بەڵام لەجیاتی ئەوەی كارگە دروستبكەن پاڵاوگەیان دانابوو، بەپێی یاسا شوێنەكانیان لەناوبران، ئێستا هیچ پاڵاوگەیەك لەسنوری قەزای سێمێل ئیش ناكات».
هاوكات دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەرێوەبەری گشتی ژینگە لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:»بۆ ئەم قوناغە 26 پاڵاوگە لەناوچەی كواشێ لەناوبراون، بەڵام 11 پاڵاوگەی تر ماون كەهێشتا حكومەت بڕیاری كۆتایی لەسەریان نەداوە كەئایا ئەوان كاردەكەن یان بەپێچەوانەوە، ساڵێكە چارەنوسی ئەوان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەڵام بەگشتی بەرنامەی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوەیە كێشەی ناوچەی كواشێ لەڕووی ژینگە بەگشتی چارەسەربكەن».
وتیشی:»دوو بۆ سێ مانگە هیچ پاڵاوگەیەك لەكواشێ كارناكات ، پێشتر هەندێكیان بەنهێنی كاریان دەكرد، بەڵام ئەوەش نەماوە».