شاژنی بێتەخت و تاج

هونەرمەند ئایشە شان

یەک ساڵ لەمەوپێش



دەنگێک بوو کە کورد زوو حەزی لێکرد، لە قەوانەوە بۆ کاسیت و لەوێوە بۆ کۆنسێرت و رادیۆی بەغدا، لە ئامەدەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لەوێوە بۆ هەولێر و بەغدا، بەدوای هونەری کوردیدا وێڵ بوو. خاوەنی ئەم دەنگ و رەنجە رەسەنە ئایشە شانە.

ئەمڕۆ ١٨ی کانونی یەکەم، ٢٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئایشە شاندا تێدەپەڕێت. ژیانی ئایشە شان کە نووسەر و رۆژنامەنووس کاکشار ئۆرەمار کتێبێکی بەناوی ' شاژنی بێتەخت و تاج'ی لەسەر نووسیوە، نە تەنیا هونەر بوو، بەڵکو وەک لە گۆرانیەکانیدا دیارە، پڕ بوو لە ئێش و ئازار.

ئایشە شان لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لەدایک بوو. هەر لە تەمەنی منداڵیدا، بەهۆی کاریگەری شۆڕشە کوردیەکان بە تایبەتی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کە لە ئامەد هەڵگیرسا، هەستی نەتەوایەتی لەناخیدا گەورە بوو. زوو هەستی بە سیستمی رەتکردنەوە و تواندنەوەی دەوڵەتی تورکیا لە رووی سیاسی و کەلتوری کرد، بۆیەش بە وێری دەستی بۆ ئامرازی زیندووکردنەوەی نەتەوەکان، بواری کەلتور و زمان برد.

 سەرەکیترین کێشە کە لەسەرەتای دەرکەوتنی رووبەرووی بووەوە، فشاری خانەوادەکەی و سیستمی فۆدالیزمی کۆمەڵگاکەی بوو، ئایشە شان لەو کاتەدا دەستی بە ئیلاهیاتی ئایینی لەنێو کۆبونەوەی ژناندا کرد. لەپاڵیدا لاوک و حەیرانی کۆنی کوردی دەوتەوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ فشارەکان زیاتر دەبوون. ئەویش ناچار دەبێت روو لە شاری دیلوکی (عەنتاب) باکوری کوردستان بکات.

لە دیلۆک یەکەم هەنگاوی هونەری ئاشكرای خۆی دەنێت. لە دیلۆک نیشتەجێ دەبێت و دەست بە وتنی گۆرانی و حەیرانی کوردی دەکات، بەڵام بەهۆی قەدەغەکردنی زمانی کورد لەلایەن حکومەتی تورکیا، رێگە نادریت بە زمانی دایک هونەرەکەی پێشکەش بکات. بۆیەش بە ناچاری و بۆ بژێوی ژیانی خۆی، گۆرانی تورکی دەڵێت و لە رادیۆی دیلۆک دەست بە کار دەکات. لە سالی ١٩٦٣ بەهۆی کێشەی ماددی، دەچێتە ئەستەنبوڵ و بەگوێرەی خواستی هەوادارانی گۆرانی تورکی و کوردی دەڵێت. لەوێ گۆرانیەک بە ناوی ئەز غەمگینم 'من غەمگینم' تۆمار دەکات.

لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ئەڵمانیا

 ئایشە شان لە ئەستەنبوڵ بەناودەنگ دەبێت و هاوسەرگیری دەکات، بەڵام ئەم پێشکەوتنە ناتوانێت فشارەکانی سەری کەم بکاتەوە. پێشتر خانەوادە و کۆمەڵگا لەدژی دەوەستانەوە، بەڵام ئەم جارە بەهۆی گۆرانی کوردیەوە، دەوڵەت پەلاماریدا و چەندین جار ئاگادار دەکرێتەوە. عەشقی ئایشە شان بۆ زمانی کوردی وای لێدەکات، بەدوای رێگەچارەیەکدا بگەڕێت کە لەنێو زمانی تورکیدا نەتوێتەوە و خزمەت بە زمانی کوردی بکات. بۆیەش روو دەکاتە ئەڵمانیا و لەوێ ئازادانەتر گۆرانی دەڵێت. لە ئەڵمانیا کچە ١٨ ساڵەکەی کۆچی دوایی دەکات. ئەو رووداوە ئایشە شان تووشی گرێیەکی گەورەی دەروونی دەکات و لەسەر مردنی کچەکەی گۆرانی 'قەدەر' بڵاودەکاتەوە.

دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ. کە دەگەڕێتەوە دایکی سێ منداڵە و لە هاوسەرەکەشی جیا بووەتەوە. لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێ دەبێت و دەست بە وتنەوەی گۆرانی کوردی دەکاتەوە، بەڵام کاری دەست ناکەویت و هەڕەشەی لێدەکرێت. منداڵەکانی لە ئەستەنبوڵ بەجێی دەهێڵن و تەنیا دەمێنێتەوە.

 روو لە بەغدا دەکات

لە ساڵی ١٩٧٩دا، روو دەکاتە بەغدای پایتەختی عێراق. لە رادیۆی بەغدادا بە ناوی 'ئایشە شانی عەلی' دەست بە گۆرانی وتن دەکات. لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری ئەو کاتەی هەولێر دەچێتە هەولێر. لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند و گۆرانیبێژ ئاشنا دەبێت. لە باشوری کوردستان پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت. لە بەغدا، دهۆک، کەرکوک و هەولێر، لەگەڵ هونەرمەندانی وەک محەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، گولبەهار، تەحسین تەها، نەسرین شێروانی و زۆر کەسی دیکە دەست بە کاری هونەری دەکات و چەندین کۆنسێرت پێشکەش دەکات.

 ئایشە شان خاوەنی چەندین گۆرانیە کە دیارترینیان ئەمانەن: جەمبەلی میرێ هەکاری، مەم و زین، لێ لێ بێماڵ، زەری حەیران، جەمیلە، بێریڤانێ، کۆچەرێ، لاوکێ مەتینی، مەیرۆ، حەسەنیکۆ، وەلە تە ناستینم، قەدەرێ، غەریبم دایێ، وەرن وەرن پێشمەرگە، نەورۆز و وڵاتی من دیار بەکرد. کاتێکیش دایکی کۆچی دوای دەکات، گۆرانیەک بە ناوی 'دایێ' بڵاو دەکاتەوە. بەهۆی ئەوەی خانەوادەکەی رێگە نادات بچێتەوە بۆ پرسەی دایکی.

وەسیەتەکەی نەهاتەدی

ئایشە شان لە کۆتایی تەمەنیدا ئازارێکی زۆری بینی. بە تەنیا و هەژار مایەوە. تووشی شێرپەنجە بوو و لە ١٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیزمیری تورکیا کۆچی دوایی کرد.

لەگەڵ ئەوەی کە وەسیەتی کردبوو، تەرمەکەی لە ئامەد بەخاکبسپێردرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی مادی و تەنیای تەرمەکەی نەبرایەوە بۆ ئامەد. گۆڕەکەی لە شاری ئیزمیرە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار