ئاكام عومەر تـــەمەنــێـكی كـەمو ناوبانگێكی زۆر
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای چوار رۆژ لەگیانلەدەستدانی، رۆژی 17-12-2022 تەرمی ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەڕێنرایەوە هەرێمی كوردستان، تەرمەكەی برایە بارەگای هێزەكانی كۆماندۆو لەوێشەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێكراو لەگۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاكسپێردرا.
هێنانەوەی تەرمەكەی ئاكام عومەر هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی ئاڵای كوردستان، بەو هۆیەوە ئاڵای كوردستان لەسلێمانی، تا نیوە هێنرایە خوارەوە.
رۆژی 19ی تشرینی یەكەمی 2022 فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند: «لەكاتی راپەڕاندنی ئەركی فەرمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەسنووری تاوێركەوە لەناوچەی پەڵكانە و زینانە لەگەرمیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو پاشماوەكانی داعش بۆمبێكی چێنراو بەهێزەكانی كۆماندۆی كوردستان تەقییەوە، بەداخەوە نەقیب زوهێر محەمەد شەهیدبوو و فەرماندە ئاكام عومەر فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و چوار پێشمەرگە برینداربوون».
ئاكام عومەر دوای برینداربوونی بەهێلیكۆپتەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی فاروق لەسلێمانی و چارەسەری پێویستی بۆ كرا، دواتر بەهۆی سەختی برینەكەی و وەكوو هەوڵێك بۆ رزگاركردنی لە مردن گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا، بەڵام لەشەوی 12ی ئەم مانگەدا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئاكام عومەر لەدایكبووی 1984ی هەولێرە، دووخوشك و برایەكی هەیەو خۆی منداڵی سێیەمی خێزانەكەی بوو، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەهەولێر تەواوكردووە، بەهۆی زانینی زمانی ئینگلیزییەوە لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2010 لەگەڵ ئەمریكییەكان وەك وەرگێڕ كاریكردووە، دواتر لەساڵی 2011 بەهاوكاری ئەمریكییەكان دەچێتە ئەمریكاو كۆلێجی سەربازی دەخوێنێت، ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و پەیوەندی بە جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی ئەوكاتی هێزەكانی 70و سەرپەرشتیاری میحوەرەكانی پێشمەرگەوە دەكات، دواتر ئەركی پێدراوە، ئەركەكەی ئەوەبووە بارەگاكانی داعشی لەسنووری جەلەولا بۆ فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دیاریدەكردو بۆردومان دەكران، لەساڵی 2015 ئەركەكەی گوازرایەوە بۆ میحوەری كەركوك و بەبڕیاری شێخ جەعفەر هێزێكی بەناوی كۆماندۆ بۆ دروستكرا كەپێكهاتبوو لە 38 پێشمەرگە.
هێزەكانی كۆماندۆ بەفەرماندەیی ئاكام عومەر بەردەوام مەشقەكانیان لەژێر سەرپەرشتی هێزەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیاو فەڕەنسادا بووەو بەهۆی ئەو كاریگەرییەی لەشەڕی دژی داعش هەیان بووە لەماوەی شەش ساڵدا ژمارەیان لە 38 كەسەوە بۆ سێ هەزار كەس زیادكراو ناوەكەیان گۆڕدراوە بۆ فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان.
ئاكام عومەر لەشەڕی رزگاركردنی موسڵ و شەڕەكانی دیكەی پێشمەرگە دژی داعش چەندینجار برینداربووە، لەشەڕی رزگاركردنی موسڵ لەدژی چەكدارانی داعش بەقورسی بریندار دەبێت و مەترسی لەسەر بڕینەوەی قاچی دەكرێت، بەڵام ئەڵمانییەكان دەیگوازنەوە بۆ ئەڵمانیاو لەوێ چارەسەر دەكرێت و دەگەڕێتەوە كوردستان.
لەدوای رووداوەكانی 8ی تەمموزی ساڵی رابردووی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێزەكانی كۆماندۆ كە ئەوكاتە لەژێر فەرمانی شێخ جەعفەردا بوو، بەڕەزامەندی ئەو دەخرێتە ژێر فەرماندەیی بافڵ تاڵەبانی، ئەو هێزە دەورێكی یەكلاییكەرەوەی هەبوو لە بەلاداخستنی ناكۆكییەكانی ئەوكاتەی ناو یەكێتی، لەكۆتایی ساڵی 2022شدا لەدۆسیەی زەوی و زارەكانی سلێمانی و گرتنی چەند بەرپرسێكی شارەوانییەكان و ئەو كەسانەی لەو دۆسیەیە تێوەگلابوون هێزەكەی ئاكام عومەر رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو.