دوای 10 ساڵ دۆسیەیەك لەبەرژەوەندی گۆڤاری رایەڵی كاوە گەرمیانی یەكلادەكرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر، دۆسیەی داگیركردنی زەوییەك لەكەلار بووە جێگەی مشتومڕ، ئەوكات گۆڤارێك كە رۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی سەرنووسەری بوو دۆسیەكەی جوڵاند، بەرپرسەكە سكاڵای تۆماركردو دۆسیەكەی بردەوەو گۆڤارەكە سزادرا، بەڵام 18ی ئەم مانگە جارێكی دیكە دادگای كەتنی كەلار دۆسیەكەی جوڵاندو لەبەرژەوەندی گۆڤارەكەو نووسەری راپۆرتەكە شكایەوە.
ساڵی 2012 گۆڤاری رایەڵ كە رۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی سەرنووسەری بوو، لەڕاپۆرتێكدا باسی لەداگیركردنی موڵكێك لەسەر شەقامی لیواكەی كەلار لەلایەن ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردبوو، دواتر ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی سكاڵای یاسایی دژی ئامادەكاری راپۆرتەكەی رۆژنامەنوس (دڵشاد ئەنوەر) تۆماركرد.
دوای تیرۆركرانی كاوە گەرمیانی، دادگای كەتنی كەلار دۆسیەكەی ئەو ئەندام سەركردایەتییەی یەكلاكردەوە، گۆڤارەكە سێ ملیۆن دینار غەرامە كرا، چونكە خاوەن موڵكەكان ئامادەنەبوون بێنە دادگاو شاهیدی بدەن داوای گەڕانەوەی موڵكی داگیركراویان بكەن، سكاڵاكەر بەوەشەوە نەوەستا، بەتۆمەتی ناوزڕاندن سكاڵایەكی تری تۆمار كرد، داوای قەرەبووی دارایی كرد.
بەڵام رۆژی 18ی كانونی یەكەم، سەرلەنوێ دادگای كەتنی كەلار دانیشتنێكی لەسەر كەیسەكە ئەنجامدا، ئەمجارەیان خاوەن موڵكە داگیركراوەكان ئامادەبوون.
دڵشاد ئەنوەر ئەو رۆژنامەنووسەی راپۆرتەكەی نووسیوە لەلێدوانێكدا بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت:»لەساڵی 2012 بابەتێكمان بڵاوكردەوە لەسەرئەوەی كە عەدنانی حەمەی مینا موڵكێكی داگیركردبوو كەموڵكی هاووڵاتییەك بوو، ئەوكات سكاڵای لەسەر تۆماركردین، بەڵام ئەوكات خاوەن موڵكەكە نەهاتە بەردەم دادگا شایەتی بدات و حاكمیش ورد نەبوو لەدۆسیەكەو خاوەن موڵكەكەی ناچار نەكرد بێتە دادگا، بۆیە ئەوكات دۆسیەكە لەبەرژەوەندی ئێمە یەكلایی نەبووەوەو سێ ملیۆن دینار غەرامەكراین».
ئەو رۆژنامەنووسە وتیشی:»سكاڵاكار كە عەدنانی حەمەی مینا بوو، داوای قەرەبووی كردو دادگای مەدەنی خاوەن موڵكەكەی ناچاركرد بێتە دادگا، جاری یەكەم رەتیانكردەوە سوێند بخۆن، بەڵام دادوەر پێی راگەیاندن ئەگەر شایەتی نەدەن دۆسیەی لێكۆڵینەوەیان بۆ دەكرێتەوە، بەڵام دواینجار لەڕۆژی 18-12-2022 ئامادەبوون لەدادگاو دادوەر سوێندی پێخواردن، ئەوانیش وتیان تازە سوێند دراون و ناتوانن لێی لابدەن، بۆیە دانیان بەوەدانا كەموڵكەكەیان لەلایەن عەدنانی حەمەی مینا داگیركراوەو برایەكیشی هاوبەش بووە لەداگیركردنی زەویەكەدا».
« شایەتەكان وتیان راپۆرتەكە راستەو ئەوكاتەی راپۆرتەكە بڵاوكراوەتەوە موڵكەكەمان داگیركراوە لەكاتێكدا خۆی بەهاكەی زیاتر لە 40 دەفتەر دۆلارە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە پێنج دەفتەری پێداوین، ئێستاش دۆسیەكە دواخراوە تا بڕیاری كۆتایی وەردەگرێت»، دڵشاد ئەنوەر وای وت.
رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر لەلایەن سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان پێشوازیكراو پشتیوانی دۆسیەكەی دەكرێت تا بەتەواوی یەكلایی دەبێتەوە.
رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بەهاوڵاتی وت:»سەنتەری میترۆ پشتیوانی خۆی بۆ رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر دەردەبڕێت، پێشوازی لەپرۆسەی سەلماندنی راستی لەناو راپۆرتەكەی گۆڤاری رایەڵ دەكات».
وتیشی «ئەم زانیارییە نوێیەی دۆسییەكە سەلمێنەری ئەو راستییەن گەر لەدانیشتنەكانی پێشوودا وردتر تەماشای دۆسیەكەیان بكردایە حەقیقەت زووتر بۆ رایگشتی ئاشكرا دەبوو».
هاوكات پارێزەر كاوە لەتیف، كەتەنها لەدانیشتنەكەدا ئامادەبووە بەڵام پارێزەری هیچ لایەنێكیان نەبووە بەهاوڵاتی وت:»لەبەشێكی دادبینیەكە لەهۆڵی دادگا بووم، راستی راپۆرتەكە سەلمێندرا، بۆیە پێویستە دڵشاد ئەنوەر داوای دووبارە دادگایی كردنەوەی ئەو كەسانە بكات كە لەدۆسیەكەدان، چونكە بەڵگەی نوێی دەستكەوتووە».
هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی رای عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە لەدۆسیەكەدا یەكەمجار سكاڵاكارو ئێستاش شایەتی لەسەر دراوە كە زەوی داگیركردووە، چەندین جار پەیوەندی پێوەكرد، بەڵام پەیوەندییەكانی بەردەست نەبوون.