زیاتر لە 87% هاوڵاتیان پێوەری زیرەكی ئاویان بەستووە
دوای بریارەكەی حكومەت بۆ بەستنی پێوەری ئاو نرخەكەی بۆ دووقات زیاد دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش رایدەگەیەنێت زیاتر لە 87٪ی هاووڵاتیان پێوەری ئاویان بەستووە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت پێش پێوەری ئاو داهاتی ئاو زیاتربووە، سەرچاوەیەكیش لەكۆمپانیای بەستنی پێوەرەكە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكەی ئاشكرادەكات.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان 20ی كانوونی یەكەمی 2022ی دیاریكردبو بۆ بەستنی پێوەری زیرەكی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی شارەوانی، پاش ئەو وادەیە مانگانە بڕی 80 هەزار دینار بۆ ماڵان و بڕی 200 هەزار دیناریش بۆ شوێنی بازرگانی لەبری نەبەستنی پێوەری ئاو وەك سزا دێتەوە.
پێشتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندبوو: ئەو هاوبەشانەی لەدەرەوەی شارەكانن و پێوەری زیرەكی ئاویان نەبەستووە، بەڕێژەی 90٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت لەنرخی كرێی ئاو كە لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار دەبێت، ئەوانەی ناو شارەكانیش لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار كەمدەكرێتەوە، شوێنە بازرگانییەكان و كاسبكاران و پیشەوەرانیش، كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە 200 هەزار دینارەوە دەیانگرێتەوە و بەڕێژەی 40٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت.
ئامانج جەلال، بەڕێوبەری راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەم پێوەرە زیرەكە بەفیڕۆدانی ئاو كەمدەكاتەوەو دادپەروەرییەكیش لەپێدانی پارەی ئاودا دەكات بۆ هاووڵاتیان، واتە ئەو بەفیڕۆدانەی ئاو كەئێستا هەیە لەنەبوونی تەوافەو شۆرینی بەردەرگاو ئەو كێشانەی كەهەیەو هاووڵاتی بۆ ئەوەی كەپارەی زۆری بۆ نەیەتەوە ئاو بەفیڕۆ نادات.
ئامانج جەلال وتیشی: هاووڵاتی چەند ئاو بەكاربێنێت ئەوەندە پارەی بۆ دێتەوەو وەك پێشترنییە كەمانگانە بڕێك بێتەوەو بەپێی بەكارهێنان و سەرفكردنی ئاو لەلایەن هاووڵاتییەوە پارە دێتەوەو تائێستا دیار نییە كەحكومەتی هەرێم بڕیاری بەستنی پێوەری ئاو درێژ دەكاتەوە یان نا، بەڵام پێمان راگەیەندراوە كە دوا بەروار بۆ بەستنی پێوەری ئاو 20-12-2022 ە.
بەوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستیاندایە تائێستا زیاتر لە 87٪ی هاووڵاتیان پێوەری ئاویان بەستووەو بەشێكی هاووڵاتیانیش لەئێستادا لە 18 بنكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی پێوەری ئاو وەردەگرن و قەرەباڵغیەكی زۆر دروستبووە، چونكە هاووڵاتیان نایانەوێت بكەونە دوای ئەو بەروارەی دیاریكراوە.
پێوەری زیرەكی ئاو لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی دوو هەفتەیە نرخەكەی بەرزبووەتەوە، پێشتر نرخی 35 هەزار دینار بوو و لەئێستادا بەرزبووەتەوە بۆ 50 تا 60 هەزار دینار.
كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: تائێستا 20٪ی هاووڵاتیان پێوەری ئاویان نەبەستووەو پابەندنەبوون بەبڕیارەكەی وەزارەتی شارەوانی، لەبەرئەوەی ئەم بابەتە دراوەتە كەرتی تایبەت و بەداخەوە بابەتی بەستنی پێوەری ئاو زیانی هەبووە لەڕووی داهاتەوە كە دەتوانین بڵێین داهات نیوە كەمی كردووەو پێشتر كەپێوەری ئاو نەبوو رێژەی داهات زیاتر بوو لەسنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: لەوكاتەوەی دەست بەپێوەری ئاو كراوە داهات كەمی كردووە، هاووڵاتیانیش پابەندنین پێوەی چونكە پێیان وایە لەكاتێكدا پێوەر پێویستە كە 24 كاتژمێر ئاو بدرێتە هاووڵاتیان، بەڵام ئێمە لەبەشێك لەناوچەكاندا ئاومان نییەو هاووڵاتیان رۆژ ناڕۆژێك كاتژمێرێك ئاویان پێدەدرێت.
« بەپێی بەداداچوونی ئێمە لەئێستادا بەشێكی زۆری هاووڵاتیان لەسەرەی دانانی پێوەری ئاودان و چەند رۆژێك دەوەستن تاپێوەرێكی ئاویان بەردەكەوێت و دەیبەستێت، بۆیە داوامان كردووە ئەم پڕۆسەیە درێژبكرێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن زیاتر سودمەند بن لێی و هاووڵاتیان لەم بابەتەدا زەرەرمەندی یەكەمن و پێویستە وەزارەت رێگری بكات لەو كۆمپانیایانەی كە قۆرغكاری دەكەن».كاسترۆ مەعروف وای وت.
هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ گرانبوونی پێوەرەكانی ئاو كرد، سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای گوودوەی كەكۆمپانیایەكی هاوردەكردنی پێوەری زیرەكی ئاوە بەهاوڵاتی وت: ئەم پێوەرە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، سێ پێوەر بوو ئەڵمانی و ئیتاڵی و توركی، لەكاتی دەرچوونی ئەو پڕۆژەیەدا ئیتاڵییەكە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و توركی و ئەڵمانییەكەش لەسنووری هەولێردا بوو، بەڵام هەماهەنگیمان لەنێواندا هەبوو.
سەرچاوەكە وتیشی: لەئێستادا ئەڵمانییەكەش هەیە بەڵام ئەوەی زیاتر لەناو بەڕێوبەرایەتی ئاو بەربڵاوە ئیتاڵیەكەیە و كوالێتی پێوەرەكە باشەو پێش ئەوەی پڕۆژەكە بدرێتەوە دەست حكومەت ئێمە گرەنتی دوو ساڵی پێوەرەكەمان بۆ هاووڵاتیان دەكردو لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا هەر كێشەیەك روویبدایە لەسەر تێچووی خۆمان بۆمان چارەسەر دەكردن.
سەبارەت بەنرخەكان ئەو سەرچاوەیە وتیشی: نرخ هەمیشە لەگۆڕاندایە و لەسێ چوار مانگی رابردوودا بەشێكمان هێناوە نرخێك بووەو ئێستاش بەشێكی دیكەمان بۆ هاتووە نرخێكی دیكەیە، نرخیش بەدەست ئێمە نییە، بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی یۆرۆوە مەواد گران بووەو كاریگەری لەسەر ئێمەش دروستكردووە و بەگران بەئێمەی دەفرۆشنەوە.
بەپێی داتایەكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەهەرێم زیاتر لە 81 پرۆژەی ئاو هەن، جگە لەوەی زیاتر لەپێنج هەزار بیری ئاو هەن، رۆژانە زیاتر لەدوو ملیۆن و 684 هەزار مەتر سێجا بۆ هاوبەشانی ئاو دابیندەكەن، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەك ئاو لەسەر حكومەت ٣٣٥ دینار دەكەوێت.