رۆژئاوا لەبەردەم تۆپبارانی توركیاو گەمارۆی دیمەشقدایە
هەسەدە؛ بەهۆی هێرشەكانی توركیا 16 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
توركیا رۆژ نییە چەندین شاروچكەو گوندە سنورییەكان تۆپباران نەكات. لەماوەی هەفتەی رابردوودا، تۆپخانەكانی سوپای توركیا لەبارەگاكانی سەر سنورەوە، بەدەیان جار گوندەكانی، تەل تەمر، گرێ سپی، كۆبانێ، عەین عیسا، كانتۆنی شەهباو شاروچكەی منبجیان تۆپباران كردووە. قوربانی سەرەكی هێرشەكانی توركیا هاووڵاتیانی مەدەنین كەبەشێكیان لەكەمپەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دەژین و مەترسی جارێكی دیكە ئاوارەبوونیان لەسەرە.
لەمانگێكدا ١٦ هاووڵاتی بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی توركیاوە كوژراون
هێرشەكانی چەندڕۆژی رابردووی توركیا، چەندین زیانی گیانی و ماددی لێكەوتووەتەوە. رۆژی ١٧ی كانونی یەكەم، گوندی رەقاسی كۆبانێ بەچڕی تۆپباران كرا. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لەبارەی تۆپبارانەكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، لەهێرشەكەدا سێ هاووڵاتی كوژراون كەیەكێكیان منداڵێكی ١٢ ساڵە.
راشیگەیاند: لەماوەی مانگێكدا كەهێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بەچڕی لەبەرامبەر رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە، ١٦ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون.
دوای زیاتر لەمانگێك لەتۆپباران و بۆردومانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كە رووبەڕووی ناڕەزایەتی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەكان بووەوە، توركیا تاكتیكی خۆی بۆ دژایەتیكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان گۆڕیوە. بەرپرسانی حكومەتی توركیا بەبەردەوامی رایدەگەیەنن كەدەیانەوێت لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا گفتوگۆ بكەن و كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەمبارەیەوە رایگەیاند، لەسەر ئاستی هەواڵگری، چەندین كۆبوونەوە لەنێوان ئەنقەرەو دیمەشق ئەنجامدراون و وتی: «ئەگەر حكومەتی دیمەشق لەپرسی «تیرۆر» هاوكاریمان بكات، ئامادەن دەست بەدانوستانی راستەوخۆ بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران بكەن، بەپێچەوانەوە، توركیا دانوستانەكان رەتدەكاتەوە».
دواتر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا كە لەتوركمانستان دەگەڕایەوە، ئەوەی خستەڕوو كە ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا پێشنیازیكردووە كە كۆبوونەویەكی سێقۆڵی لەنێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، بەئامادەبوونی ڤلادیمیر پوتین ئەنجامبدرێت.
ئەردۆغان دیسانەوە نیازی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق ئاشكراكردو وتی، «دەیەوێت لەگەڵ پوتین و ئەسەد بۆ بەرەنگاربوونەوەی «تیرۆر» پەیوەندیەكانیان باش بكەنەوە».
حكومەتی دیمەشق گەمارۆ دەخاتە سەر رۆژئاوا
هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی دیمەشق لەدژی رۆژئاوای كوردستان، حكومەتی دیمەشق، دەستی بەگەمارۆخستنە سەر هەندێك ناوچەو شاری ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا کرد. لەئێستادا، حكومەت رێگەنادات، نەوت، غاز، دەرمان و خۆراك لەپارێزگاكانی وەك حەلەب و دیمەشقەوە بگاتە دەستی هاووڵاتیانی كانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و كۆبانێ كەكەمپێكی گەورەی خەڵكی عەفرینیش لەو ناوچەیە هەیە.
بەهۆی گەمارۆكەوە، شارەوانییەكان كارەكانیان راگرتووەو خوێندنگاو قوتابخانەكان داخراون. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی بواری پەروەردەی كانتۆنی شەهبا، لەئێستادا نزیكەی ١٥ هەزار منداڵ و گەنج لەخوێندن بێبەشبوون.
كوردانی حەلەبیش رووبەڕووی گەمارۆیەكی زۆری حكومەتی دیمەشق بوونەتەوە. هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب كە بەگەڕەكی كوردانی حەلەب ناسراون، گەمارۆدراون و رێگەنادرێت هیچ خزمەتگوزاری و پێداویستیەكیان پێبگات. بەم شێوەیە لەئێستادا رۆژئاوای كوردستان كەوتووەتە نێوان بەرداشی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیاو گەمارۆكانی حكومەتی دیمەشق.