زیاتر لە 100 خـێـزانی عــەرەب دەگەڕێنەوە بۆ شەنگال

مەترسیی پەیوەندیی عەرەبــە گەڕاوەكان‌و داعش هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

بۆ یەكەمجار دوای ئازادكرنی شەنگال زیاتر لە 100 خێزانی عەرەبی سوننە دەگەڕێنەوە ناوچەی دۆمیس كەدوو بۆ سێ كێلومەتر دوورە لەناوەندی شارەكەوە، ئەمەش نیگەرانی ئێزدییەكانی لێكەوتووەتەوە، هاوكات لە 10ی مانگی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەلابردنی وردبینی ئەمنی، بڕیارەكە لەتەواوی سنوری شنگال جێبەجێ كراوە.

فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی راگەیاند:»نزیكەی 100خێزانی عەرەبی سوننە گەڕاونەتەوە ناوچەی دۆمیس ، ئێمە دژی گەڕانەوەی عەرەبەكانی شەنگال نین، بەڵام نامانەوێت ئەو كەسانە بگەڕێنەوە كە پەیوەندی یان هاوكاری داعش-یان كردووە، لەگەڵا ئەوەشدا ناتوانین بڵێین ئەوانەی گەڕاونەتەوە پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە».

وتیشی:»لەهەموو حاڵەتێكدا پێویستە ئەو ئاوارانەی كەدەگەڕێنەوە شەنگال بەدواداچوونێكی ورد بۆ مەلەفەكانیان بكەن، هەر كەسێك گومانی لەسەر هەبێت بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنەدەن بگەرێنەوە».

قاسم تەعلو، چالاكوانی ئێزیدی كەدوای چوار ساڵ لەئاوارەیی لە 2019 گەڕاوەتەوەو نیگەرانە لەكارئاسانی بۆ گەڕانەوەی عەرەبەكان بۆ شەنگال، ئەو بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر حكومەت و هێزە ئەمنییەكان چاوپۆشی لەو كەسانە بكەن كەپەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە یان بەهەر جۆرێك هاوكاری داعش-یان كردووە ئەوە گەورەترین ئیهانەیە بەئێزدییەكان دەكرێت، ئێمە بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە و ناڕازین كە كارئاسانی بۆ عەرەبەكان بكرێت، هەموومان باش دەزانین كەهەندێك كەس و لایەن هاوكاری داعش-یان كردووە، پێویستە ئەوانە بەتوندترین شێوە سزا بدرێن».

هاوكات خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» لەدوای بڕیارەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاسانكاری زۆر بۆ ئاوارەكان دەكرێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، پێش بڕیارەكە لەناحیەی سنون و شەنگال هەركەسێك سەردانی فەرمانگەی رەگەزنامەی بكردایە مامەڵەكانی تەواونەدەبوون تا دۆسیەكەی ئاراستەی هەواڵگری دەكرا، دوای وردبینی لەدۆسیەكەی ئینجا مامەڵەكەی تەواودەبوو، زیاتر لە20  رۆژە ئەوە نەماوە هەر لەفەرمانگەی رەگەزنامە مامەڵەكانیان تەواودەكرێن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ فەرمانگەی هەواڵگری، لەبازگەكانیش زۆر ئاسانكاری بۆ ئاوارەكان دەكرێت، پێشتر رۆژانە خەڵك پەیوەندیان دەكردو لەبازگەكان كێشەیان بۆ دروستدەكرا، بەڵام لەدوای دەرچوونی بڕیارەكە هیچ ئاوارەیەك بۆ ئەم پرسەیە تەلەفۆن و پەیوەندییان نەكردووە».

وتیشی»دەركردنی ئەو بریارە باشی و خراپی خۆی هەیە، باشیەكەی ئەوەیە كەكارئاسانی بۆ ئاوارەكان دەكرێت تابگەڕێنەوە، هەروەها هاتوچۆكردن لەنێوان شەنگال و شارەكانی تر بەتایبەت لەبازگەكان باشتر بووەو وەكو جاران نیە، لەبازگەكان دوابكەوی یان كەسێك رابگیرێت بۆ چەند كاتژمێرێك، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ ئێزدییەكان خراپە، چونكە ئەوانەی دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە بەئاسانی هاتۆچۆ دەكەن».

خودێدا چوكی ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر كوتلەكانی شیعەو سوننە لەسەر ئەم دۆسیەیە رێككەوتبوون ئینجا بڕیارەكە دەركراوە، بەبڕوای من دەبووایە لەناوچەكانی ماددەی 140 بڕیارەكە جێبەجێ نەكرابا چونكە هەموومان دەزانین بارودۆخی ئەو ناوچانە جیاوازە لەگەڵ شوێنەكانی تر بەپێچەوانەوە دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە توندوتوڵتر بكرێت بۆ هەموو كەسێك جگە لەو ئاوارانەی كە لەهەرێمی كوردستانەوە دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار