حكومەتی هەرێم بەپێوەری زیرەك-یش دادپەروەری لەپێدانی كارەبادا ناكات

وتەبێژی كۆنترۆڵی كارەبا: كاتژمێرەكانی كارەبا لەسلێمانی بۆ 9 كاتژمێر زیادبووە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

زیاتر لەمانگێكە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما لەهەرێمی كوردستان، جارێكی تر كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتیان كەمیكردووە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بانگەشەی ئەوەی دەكرد بەبەستنی پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكرێت، بۆ نموونە لەشاری سلێمانی نزیكەی 90%ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، بەڵام پێدانی كارەبا وەكو ساڵانی رابردوو هەر خراپەو باش نەبووە، هاوكات لەگەڵا ئەوەی خەڵكی هەرێم دادوبێدادیانە بەدەست خراپی كارەباوە، بەڵام حكومەتی هەرێم 430 مێگاوات كارەبا دەفرۆشێتە حكومەتی عێراق.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژو بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لەلێدوانێكیدا بۆ  هاوڵاتی دەڵێت:» كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ نزیكەی نۆ كاتژمێر لەسلێمانی زیادبووەو لەهەندێك لەقەزاكان زیاترە».

وتیشی:» لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما خواستی كارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە زۆر زیادیكردووە، بەجۆرێك ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا بریتییە لەسێ هەزارو 400 مێگاوات، بەڵام خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا گەیشتووەتە زیاد لەشەش هەزار مێگاوات، بۆیە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی پێدانی كارەبا هەبووە بەهاووڵاتیان».

« لەهەرێمی كوردستان هاوبەشانی كارەبا ژمارەیان گەیشتووەتە ملیۆنێك و 800 هەزار هاوبەش، بەكارهێنانی كارەباش لەپارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە، لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك بەهۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زیاترەو لەهەولێر كەمترو لەئیدارەی گەرمیانیش كەمترین خواست لەسەر كارەبا هەیە، ئەو كارەبایەی ئێستا بەرهەمدێت نزیكە لە 50٪ی ئەو خواستەی هاووڵاتیان پڕدەكاتەوە هەیانە بۆ بەكارهێنانی كارەبا، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كەهیچ گۆڕانكارییەك لەپێدانی كارەبا نەكراوە، بەڵكو تەنها خواست زیادبووە، ئەوەش كردارێكی پێچەوانەیە هەتا خواست زیاد بكات بڕی پێدانی كارەبا كەمدەكات» ئومێد ئەحمەد وای وت.

وتەكانی وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا لەكاتێكدایە، ئێستا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نشتیمانی كارەبا لەهەندێك كات لەسلێمانی بۆ كەمتر لەشەش كاتژمێر دابەزیوە، وەزیری كارەباش دەڵێت كەمی كارەبا پەیوەندی بەوەزارەتی ئێمەوە نییە پەیوەندی بەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە هەیە كەسوتەمەنیمان بۆ دابین ناكەن، لەكاتێكدا هەردوو وەزارەتەكە یەك وەزیریان هەیە.

لەڕۆژی 21-11-2022، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: لەهەفتەی داهاتوودا 200 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و راستەوخۆش كاریگەری لەسەر زیادبوونی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ هاوبەشان دەبێت.

 لەكاتی ئەو وتانەی بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا بەرهەمهێنانی كارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات بوو، بەڵام ئێستا هەر ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا دەڵێت سێ هەزارو 400 مێگاوات كارەبا بەرهەمدێت.

ئەمەش گومانی فرۆشتنی كارەبای هەرێم بەعێراق زیاتر دەكات، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.

هاوكات عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی تەئكیدی كردەوە:» كەحكومەتی هەرێم 430 مێگاوات كارەبا دەفرۆشرێتە كەركوك و موسڵ».

وتیشی:» دوای بەدواداچوون 100 مێگاوات بۆ كارەبای سلێمانی زیادبووە، 50  مێگاواتیش بۆ دهۆك و 66 مێگاواتیش بۆ هەولێر، كارەبای سلێمانی لەدۆخێكی خراپدا بووەو ئێستاش وەك پێویست نیە».

لەسەر كاتەكانی پێدانی كارەباو كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبای نیشتیمانی بۆ هاوبەشان، سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»چەند رۆژێكە كارەبای نیشتیمانی لەسلێمانی نۆ بۆ 10 كاتژمێر هەیەو تائێستاش 85% بۆ 90%ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە».

وتیشی:»بڕیاری كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبای ماڵان لەبەر سێ هۆكار بووە، یەكەمیان بۆ نەهێشتنی سەرە محەویلە بووە، وا نەبوایە لەزۆربەی گەڕەكەكان ئەو كێشەیە سەریهەڵدەدایەوە، هۆكارێكی دیكەش بۆ پاراستنی محاویلە و «قاتیع» ەكانە، چونكە لەزستاناندا بەهۆی زۆر بەكارهێنانەوە ژمارەیەكی زۆر محاویلەمان دەسووتا، هۆكاری سێیەمیش بۆ ئەوەبووە لەڕێگەی كەمكردنەوەی ئەمپێرەكان بەكۆی گشتی بڕێك كارەبای زیاتر بدەینە هاووڵاتیان كەئەمەش شتێكی ناچاری بووە ئەگەرنا هاوڵاتی مافی خۆیەتی كارەبا بەكاربهێنێت».

بەوتەی بەرپرسانی كارەبای هەرێم، لەئێستادا ژێرخانی كارەبای هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لەحەوت هەزار مێگاوات كارەبای هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا سێ هەزارو 400 مێگاوات كارەبا بەرهەمدێت.

هاوڵاتی قسەی لەگەڵ چەندین هاوبەشی كارەبا كرد لەناوچە جیاوازەكانی هەرێم، هاوكار سەردار لەسلێمانی دەڵێت ئەوەی من تائێستا تێبینیم كردووە پێدانی كارەبا لەڕۆژێكدا شەش كاتژمێر تێپەڕناكات، بەڵام كاوان عومەر كە لەگەرمیان نیشتەجێیە دەڵێت كارەبا نزیكەی هەشت كاتژمێر هەیە لەڕۆژێكدا، جێگر عەزیز لەهەولێر دەڵێت كارەبای نیشتیمانی لەڕۆژێكدا 10 كاتژمێر هەیە، ئەمەش دەریدەخات كاتەكانی پێدانی كارەبا لەهەرێم جیاوازی هەیە.

وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستیكرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا بەوتەی خۆیان دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی، جیا لەوەی بەردەوام وەزارەتی كارەبا ناوبەناو هەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕەو لەناوچە جیاوازەكان ئەنجامدەدەن كە بەوتەی خۆیان بۆ ئەوەیە زیادەڕەویەكانی سەر كارەبای نیشتیمانی كەمبكەنەوە، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوانە نەبووەتە هۆی زیادكردنی كاتەكانی پێدانی كارەبا، لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە 85٪ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار