بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە: دوو پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام دەدرێت

كارگەی راسان زەیتی زەیتونی «ئێكسترا ڤێرجن» بەرهەم دەهێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

لەعێراقدا نزیكەی هەشت كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون هەیە، كەیەكێك لەوانە كارگەی راسانە لەپارێزگای هەڵەبجەو زەیتی (ئێكسترا ڤێرجن) بەرهەمدەهێنێت، كە لەتوانایدایە رۆژانە 120 تۆن زەیتون بكات بەزەیت و بڕی بەرهەمیش بەگوێری زەیتونەكە دەگۆڕێت، كە بەگشتی ساڵانە هەزارو ٢٠٠ تۆن زەیتون تیایدا دەكرێت بەزەیت كە لەسەدا٦٠ی ناوخۆییە و لەسەدا ٤٠ی زەیتونی هاوردەیە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجەش دەڵێت: لەئێستادا لەپارێزگای هەڵەبجە دوو پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامدەدرێت یەكێكیان پڕۆژەی كۆمەڵگەی خۆراكییە، دووەم پڕۆژەش بەرهەمهێنانی هێلكەیە كە لەسەر رووبەری 380 دۆنم زەوی بنیاتدەنرێت.

ستار محمود، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: "بەرهەمی زەیتون بەپێی جۆری نەمامەكەی دەگۆڕێت كەهەندێكیان رێژەی زەیتیان بەرزترەو هەندێكیشیان كەمترە، كارگەی زەیتی زەیتونی راسان باشترین كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتونە لەسەر ئاستی عێراق و ئامێرەكانی ناو كارگەكە بەرزترین كوالێتییان هەیە، ئەم كارگەیە سوودێكی زۆر باشی هەبووە چونكە پێش ئەوە جوتیارانی خاوەن باخی زەیتون بەرهەمەكانیان بۆ ساغ نەدەبووەوە، بەمەش ژمارەیەك هەلی كاری رەخساندووە بۆ گەنجان و سوودێكی گەورەی دەبێت بۆ ژێرخانی ئابوری ئەم پارێزگایە".

لەعێراقدا نزیكەی هەشت كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون هەیە، كەیەكێك لەوانە كارگەی راسانە لەپارێزگای هەڵەبجە كە ٢٥ كارمەندی لەناو كارگەو نزیكەی ١٠٠ كارمەند لەدەرەوەی كارگە هەیە.

بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتونی راسان پەیام سەیوان بۆ هاوڵاتی دواو وتی:"پێش ساڵی ٢٠١٨ لەدوای ئەوەی بەدواداچوونمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە كرد زانیمان نزیكەی ٤٠٠ دۆنم باخی زەیتون هەیە، بەمەش جوتیارەكان بێزاربوون كەچۆن ساغی بكەنەوە، هۆكارێكیتر نەبوونی سەرچاوەیەكی تەندروستبوو بۆ زەیتی زەیتون لەتەواوی كوردستان، خۆشەویستیشمان بۆ ناوچەكە هۆكارێكی ترە چونكە ناوچەیەكی داخراوە، هەروەها لەناوخۆی عێراق زەیتون دەكڕین، بەڵام لەسەدا 40ی زەیتونی پێویستی كارگەكەمان لەوڵاتانی ئێران و سوریاو توركیاوە هاوردەی دەكەین، تۆنێك زەیتون بە ٣٥٠ بۆ ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار دینار دەكرین، زەیتونەكانی هەڵەبجە جۆراوجۆرن هەموویان گونجاو نین بۆ زەیت، بەڵام دارەكانی چەمچەماڵ بۆ زەیت زۆر باشە، كارگەكەمان سوود لەو بەرهەمانە دەبینێت كە لەڕابردودا سوودی لێوەرنەگیراوە، بەنموونە هەناری بچووك دەكڕینەوەو ئاوەكەی دەگرین دەیكەین بە رووبە هەنار، لەشیری بزنیش سابوونی بزنی سانی بەرهەمدەهێنین، لەزەیتی زەیتونەكەش سابوونی زەیتی زەیتون دروستدەكەین، لەداهاتووشدا كۆمەڵگەی خۆراكی راسانمان دەبێت كەبریتی دەبێت لەشیرو پەنیر، شیرەكە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ختسوومانەتە بازاڕەوە بەڵام پەنیرەكە بەمزووانە كاری بۆ دەكەین".

پەیام سەیوان دەڵێت: "بەدوو شێواز زەیت بەرهەمدەهێنین، شێوازێكیان جوتیارەكان خۆیان زەیتون دەهێنن دەیكەین بەزەیت بۆیان، بۆ یەك تۆن زەیتون ١٣٠ هەزاریان لێوەردەگرین، بەڵام شێوازی دووەمی بەشێكی تری جوتیارەكان زەیتونەكەیان دەفرۆشنەوە پێمان".

د.هەڵگورد عەلی، پسپۆڕی چارەسەری نەخۆشی بەخۆراك بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: "زەیت بەگشتی لەسێ كاربۆن و هایدرۆجینێك پێكهاتووە، زەیتی زەیتون فریفاتیەكانی لەگەڵدایە كە سوودێكی زۆری هەیە بۆ لەش، بەڵام زەیتەكانی تر كە تەندروست نین جگەر رەق و ماندو دەكەن و مرۆڤ دووچاری شێرپەنجە دەكاتەوە، زەیتە سروشتییەكان لەناوكەوە دەردێن وەكو گوڵەبەڕۆژەو كونجی، بەڵام زەیتون لەگەڵ ئەڤەگادۆ لەناو گۆشتەكەیدایە".

وتیشی: "جۆرەكانی زەیتون بەگشتی لەكوردستان نەچراڵە كە بەدەست لێكراوەتەوەو پەستێنراوە، دووەم ئێكسترا ڤێرجنە لەڕێگەی سەنتەرفیوج دەرهێنراوە لەپلەی گەرمی ٣٥ پلەی سیلیزیدا، سێیەمیشیان ڤێرجنە ئەم جۆرەیان لەپلەی گەرمی ٢١٠ پلەی سیلیزی دەرهێنراوە، هەرچی چوارەمیشە رۆنی گوشراوی دووەمی ئامێری سەنتەرفیوجەكەیەو پێی دەڵێن پۆماس".

لەبارەی ناسینەوەی كوالێتی زەیتی زەیتون لەبازاڕەكان ئەو پسپۆڕە رایگەیاند:"بەوە دەیناسینەوە تامی تیژەو چەوریەكەی دوای ماوەیەكی كەم نامێنێت و دەبێت بەهەڵم، بۆ دڵنیایی سەد لەسەد سروشتی بوونیان دەبێت لەتاقیگەی تایبەت پشكنینی بۆ بكرێت لەخاڵە گومرگییەكان، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان نیمانەو گرنگی بەو بابەتەش نەدراوە، گەر بێتو یەك لیتر زەیت لەهەشت بۆ نۆ هەزار دینار كەمتر بوو ئەوە ئەو زەیتە جێی گومانە، نرخی ئێكسترا ڤێرجنەكەش بە ١٢ هەزارە چونكە كوالێتی بەرزەو هیچ ماددەیەكی حافیزە قبوڵناكات، بەڵام پۆماسەكە چوونە گوشراوی دووەمە بەچوار هەزاریش بێت ئاساییە، ئەو زەیتانەی لەكارگەكانی كوردستان بەرهەمدێت زیاتر جۆری ڤێرجنن بەئامێری توركی هاس كەتۆنێك زەیتون ٢٠٠ كیلۆ زەیتی لێدەردەهێنرێت، دوای دوو ساڵ زەیتی زەیتون بەسەردەچێت و نابێت رووناكی و ئۆكسجینی بەربكەوێت و لەپلەی گەرمی ٢٧دا بێت، بەڵام زەیتەكە ئاوی تێكەڵ بكرێت لەدوای شەش مانگ بەسەردەچێت".

هەر سەبارەت بەزەیتی زەیتون د.محەمەد فاروق، لێپرسراوی كۆنتڕۆڵی جۆری كۆمپانیای رەزگە بەهاوڵاتی وت: "پشكنینەكان لەسەر بنەمای تایبەتمەندی عێراقی ئەنجامدەدرێت، سەرجەم ئەو بەرهەمانەی زەیتی زەیتون تائێستا هاتوون لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە كوالێتییان زۆر باشە، تائێستا هیچ بەرهەمێك نەبووە لەپشكنینی ئێمەدا دەرنەچووبێت، بەڵكو هەموویان دەرچوون و شیاوی بەكارهێنانن، رەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئاسان نەبێت كە رۆنەكان سروشتین یاخود نا، چونكە كۆمەڵێك فاكتەر دانراوە بۆ دیاریكردنی سەلامەتی و كوالێتی بەرهەمەكە، هەربۆیە هیچ كات داوای ئەوە نەكراوە كەدەبێت بزانرێت ئەو رۆنە سروشتییە یاخود نا".

سەبارەت بەشێوازی دروستكردنی رۆنی زەیتون لەكارگەكان، بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتونی راسان دەڵێت: سەرەتا لەڕێگەی ئەندازیارێكی كشتوكاڵییەوە پشكنینی بۆ دەكەین بۆ هەر نەخۆشییەكی زەیتونی، پاشان زەیتونەكان دەچێتە بەشی ئامێری وەفەر لەڕێگەی قایشەكەیەوە زەیتونەكان دەشواتەوەو دواتر لەڕێگەی چەقۆو چەكوشەكانەوە دەیهاڕێت و دەیكوتێت بەناوكەكەشیەوە، دواتر دەچێتە میكسین گروپ بۆ ماوەی ٤٥ خولەك لەپلەی گەرمی ٢٥ بۆ ٣٥ پلە كەهەشت گروپەو هەر گروپێك تۆنێكەو زەیتونی جوتیارەكان جیادەكاتەوە، بەمەش لەڕێگەی ماتۆڕێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ دیكانتەر كە دوو كاردەكات ئاوی تاڵ و پاشماوە لەگەڵ زەیتی زەیتونەكە جیادەكاتەوەو بڕە زەیتەكەش دەچێتە پاڵاوگەیەكەوە لەهەر خەڵتەیەك، كۆتا كاریشی زەیتەكە دەگوازێتەوە بۆ سەفەرەیتدی سەنتەرفیوج و پاشان عەمباری دەكەین كە ١٣٠ هەزار لیترە  بۆ ساڵێك، ١٢٠ تۆن زەیتون لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا دەكەین بەزەیت''، ناوبراو ئەوەشی ڕایگەیاند: "زەیتونی ناوخۆ لەسەدا ١٢ زەیتی لێدەردەچێت هەندێكی تریان لە ١٠٠ كیلۆ ٢٠ كیلۆ زەیتی لێدەردەچێت یاخود چوار كیلۆ، بەڵام زەیتەكانی دەرەوە لەسەدا ١٨ی دەبێت بەزەیت، زەیتی زەیتون دەكرێتە شوشەی رەشەوە، زەیتی زەیتون نابێت رووناكی لێی بدات.

هەروەها سەبارەت بەپرۆژەی كشتوكاڵی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە ستار مەحمود، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: "هەر پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی كەدەكرێت چ پیشەسازی كشتوكاڵی بێت یان پڕۆژەی ئاژەڵی یان رووەكی لەلایەن بەڕێوەبەرایتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجەوە كارئاسانیان بۆ دەكرێت و مامەڵەی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەكرێت و وەزارەتی كشتوكاڵ رەزامەندی تەرخانكردنی پێدەدات، ئەو پڕۆژانەی كەبودجەیان گەورەیە لەپاش رەزامەندی وەزارەتی كشتوكاڵ رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنانیش وەردەگرن و ئەو پڕۆژانەش پیشەسازی كشتوكاڵین رەزامەندی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی وەردەگرن".

 دەشڵێت: "لەئێستادا لەپارێزگای هەڵەبجە دوو پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامدەدرێت یەكێكیان پڕۆژەی كۆمەڵگەی خۆراكییە كە لەسەر رووبەری ٢٥ دۆنم زەوی دروستدەكرێت كەخۆی دەبینێتەوە لەكارگەی شیرەمەنی و ئاوی میوە لەگەڵ ساردخانە، دووەم پڕۆژەش بەرهەمهێنانی هێلكەیە كە لەسەر رووبەری 380 دۆنم زەوی بنیات دەنرێت، لەگەڵ شەش پڕۆژەی گەورەی گاوداری بەشێكیان بنیانراون و بەشێكی تریان لەبنیاتناندان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار