ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا خانووبەرەکانی سنوری شەنگال تاپۆ بکرین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر تاپۆکردنی خانوبەرەکانی سنوری شەنگال درا، هاوکات لەگەڵ چەند بڕیاریکی دیکەی پەیوەست بە وانەبیژان وکارمەندانی وەزارەتی پەروەردە.

لە کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە خانوبەرەکانی سنوری خانەسۆر، دووگرێ، بۆرک، کۆهبل، تەل قەسەب، تەل عوزێر، سیپا شێخدری و کرزرک بەناوی خاوەنەکانیان تاپۆبکرین. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ئەو فەرمانبەرانەی کە گریبەستن لە وەرزارەتی پەروەردە درا.

لەبارەی کارمەند وفەرمانبەرەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە ١١٠٣١ پلەی وەزیفی هەمیشەیی بۆ ئەو کارمەندانە دابنرێت کە گریبەستن، هاوکات جگە لە کارمەندانی وەزارەتی نەوت بڕیارەکە بۆسەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکانی دیکەی عێراقە، ئەوەش بەپێی ئەو یاسایەی کە لە ئاسایشی خۆراکدا هاتووە، بڕیارەکە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا بڕگەی بۆدانراوە.

سەبارەت بەبڕیاری پلە وەزیفی کارمەندانی وەزارەتی نەوت، بڕیارەکە بەسەر دوو کۆمەڵدا دابەش دەبێت، بەشێکیان ئەوانەن کە پێش ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستەکانیان لەگەڵ کراوە وژمارەیان ٨٣٣٨ کەسە، بەشێکی دیکەشیان کە ١٦٧٨ کەسن کە لە یاسای بودجەی ١ی ٢٠١٩ کە بەپێی یاسای (١١/ چوارەم/ ئەلف) گرێبەستەکانیان بۆ کراوە.

هاوکات بڕیاریشیدا ئەوانەی بەکرێی ڕۆژانە کاریان کردووە لە کۆمپانیاکانی سەربەوەزارەتی نەوت، بکرێنە گرێبەست. ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وکارمەندەکانی کۆمسیۆنەکە بڕیاریدا کە دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ٣١٩٣ پلەی وەزیفی دابنێت؛ ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە وادەی پێش ٢ی تشرینی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٩ گریبەستیان لەگەڵ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پسوڵەیی خۆراک وئەو چین وتوویژانەی کە دەتوانن سودمەند بن بڕیاریدا کە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی کەلوپەل وخۆراک لەناو بازاڕە ناوخۆییەکاندا، ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان سەروو ٢ ملیۆن دینارە و ئەوانەسی کە بەڕێوبەری گشتین پسوڵەکانیان لێوەربگیرێتەوە ونەتوانن سودمەند بن لە فۆرمی خۆراک، ئەمەش بۆئەوەی چینەکانی تر بتوانن سودمەندبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار