مستەفا کازمی: پێویستە رێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی دۆلار و سنورێك دابنرێت بۆ دۆخی خراپی دراوی عێراقی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە رێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی دۆلار و سنورێك دابنرێت بۆ دۆخی خراپی دراوی عێراقی و حكومەتی عێراق بە بەرپرسیارێتی ئەركەكانی هەڵبستێت.

مستەفا کازمی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە بەشێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشو کردوە لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە دۆسییەکانی گەندەڵی بەگوێرەی بڕیاری دادگا و بەرێکاری یاسایی ئەنجام بدرێن و نابێت لەژێر هیچ فشارێکدا خەڵک بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیربکرێت یان ئازاد بکرێت.

ئەوەشی خستوەتەڕو، پەیوەست بە نرخی دۆلاریش بەرامبەر دینار، جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە هاوکاری لەنیوان کەرتی گشتی، دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت هەبێت، حکومەتی پێشوش گوتاری جوڵاندنی هەستوسۆزی شەقام و شاردنەوەی راستییەکانی رەتکردەوە چونکە ئەو هەنگاوە گرفتەکانی زیاتر ئاڵۆز دەکرد.

هەروەها کازمى بەرگرى لە لیژنەى بنبڕکردنى گەندەڵى دەکات کە لە ساڵى 2020 و لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەودا دامەزرا و بە گوتەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو پێکهێنانى لیژنەکە لەسەر داواکاریى جەماوەرى بووە و هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنى بەبێ فەرمانى دادگەى تایبەتمەند نەکراوە.

سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەڵێت، پاراستنی ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراق ئەرکی هەمو لایەنەکانە و داواش لە هەموان دەکات کاربکەن بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار و راگرتنی ئەو "پەرشوبڵاو"یەی سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەیی دراوی بیانی و هەڵاوسانی ئابوری بڵاودەکرێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار