روانگەی سوری:لە ساڵی 2022دا لە پارێزگای حەلەب 221 کەس بەهۆی توندوتیژییەکانەوە کوژراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لەمساڵدا دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەناوچەکانی سنوری پارێزگای حەلەب کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا بە پشتیوانی تورکیا کۆنتڕۆڵیکردون بەرەو خراپتربون چوە و روداوەکانی کوشتن، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش زیادیکردوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ لەدوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵی 2022دا لە دەوروبەری پارێزگای حەلەب کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوری نزیک لە تورکیا تیایدا دەسەڵاتدارن، 221 کەس بەهۆی توندوتیژییەکانەوە کوژراون، 52 پێشێلکارییش بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ تۆمارکراون.
وتیشی،زیاتر لە 100 تەقینەوە و روداوی کوشتنیش تۆمارکراون کە بونەتەهۆی دروستبونی "ئاژاوە و دروستبونی دۆخێکی بێسەروبەری ئەمنی".
باسی لەوەشکردووە، ناوچەکانی "قەڵغانی فورات" و دەوروبەری لە باکوری ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب لە ساڵی 2022دا شایەتحاڵی 56 شەڕی بنەماڵەیی و خێڵەکی و چەکداری بوون کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 45 کەس، کە بریتین لە15 منداڵ و 25 سەرباز و 5 چەکداریش جگە لە دەیان بریندار.
هەروەها لەماوەی ساڵی 2022دا ناوچەکانی "قەڵغانی فورات" و دەوروبەری لە باکورو، ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، 46 تەقینەوە بە شێوەی جۆراوجۆری وەک مین و تەڵە و تەقەمەنی ڕویانداوە و 22 کەس گیانیان لەدەستدا کە ئەوانیش 14 هاوڵاتی کە ژنن و 5 منداڵ و 7 کارمەندی سەربازی و 5 فەرماندەیان تێدایە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، دۆخی خراپی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لەسەرجەم بوارەکاندا وایکردوە دانیشتوانی ناوچەکە بێ هیوا بن و گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیاش بەبێ رەچاوکردنی هیچ یاسایەک بەردەوامن لە داگیرکردنی موڵک و زەوی هاوڵاتیانی سوریا.